سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا وتی ژاپۆن لەسەر ئۆکرانیا سزا بەسەر ڕووسیادا دەسەپێنێت، ئاماژەشی بەوەدا جوڵەکانی مۆسکۆ پێشێلکردنی سەروەری خاکی ئۆکرانیا و یاسا نێودەوڵەتیەکانە و جێی قبوڵکردن نیە.
وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕۆژی سێشەممە سزای نوێیان بەسەر بانک و بەرپرسانی باڵای ڕووسیادا سەپاند، ئەوەش دوای ئەوەی مۆسکۆ فەرمانی کرد هێزی سەربازیی ڕووسیا ڕەوانەی دوو هەرێمەکەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بکرێن کە زۆرینەی دوو هەرێمەکە لەژێر دەسەڵاتی جیاخوازەکاندایە.
کیشیدا وتی سزاکانی ژاپۆن گرێبەستی قەرزەکانی ڕووسیا لە ژاپۆن قەدەغە دەکات و سەرمایەی هەندێک لە کەسایەتیەکانی ڕووسیا لە ژاپۆن سڕ دەکات و کۆتوبەند دەخاتە سەر گەشتکردنیان بۆ ژاپۆن.
کیشیدا وتی " کارەکانی ڕووسیا بە ئاشکرا دیارە زیان بە سەروەری خاکی ئۆکرانیا دەگەیەنێت و دژی یاسا نێودەوڵەتیەکانن. دووبارە ڕەخنە لەو جۆرە جوڵانە دەگرین و داوا لە ڕووسیا دەکەین بگەڕێتەوە سەر گفتوگۆ دیبلۆماتیەکان."
وتیشی " ڕەوشەکە بە گرژیی ماوەتەوە و بەردەوام دەبین لەوەی لەنزیکەوە چاودێری بکەین."
ئەوەشی خستەڕوو وردەکاری سزاکان لە ڕۆژانی داهاتوودا ئاشکرا دەکرێن.
کیشیدا وتیشی ژاپۆن یەدەگێکی زۆری گازی سروشتی و سوتەمەنی هەیە و سزاکان لە ماوەیەکی کورتدا کاریگەرییان لەسەر وزەی وڵاتەکە نابێت.
وتی ئەگەر نرخی سوتەمەنی بەرز ببێتەوە ئەوا تاوتوێی سەرجەم ڕێوشوێنەکان دەکات بۆ سنووردارکردنی کاریگەرییەکانی سەر کۆمپانیاکان.
وتیشی " ئەگەر ڕەوشەکە خراپتر ببێت ئەوا بەخێرایی ڕێوشوێنی دیکە دەگرینەبەر."
هەڵوێستی توندی ئێستای حکومەتی ژاپۆن پێچەوانەی هەڵوێستەکانی حکومەتەکانی پێشووی ژاپۆنە کە سیاسەتێکی نەرمییان بەرامبەر پوتن و ڕووسیا پیشانداوە و هەوڵیانداوە لەو ڕێگەیەوە ئەو دورگانە بگەڕێننەوە سەر خاکی وڵاتەکە کە لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەمدا یەکێتی سۆڤیەت داگیریکردوون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز