کاندیدەکانی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2024 ی ئەمەریکا بە دانۆڵد ترامپیشەوە ڕۆژی شەممە وتار پێشکەشی ژمارەیەکی زۆر لە بەخشەرە جووە کۆمارییەکانی ئەمەریکا دەکەن لە لاس ڤێگاس، لە گردبوونەوەیەکدا کە ئامانج لێی جەختکردنەوەیە لە پابەندبوون بە لە ناوبردنی چەکدارانی حەماسەوە.
کۆبوونەوەکەی ڕۆژی شەممەی خێرخوازانی هاوپەیمانێتی جووە کۆمارییەکان ئێستا گرنگییەکی زۆری هەیە لە کاتێکدا کە ئیسڕائیل ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی زەمینی بۆ سەر غەزە.
لە کاتێکدا کە پشتگیریکردن لە ئیسڕائیل گرنگترین خاڵی سیاسەتی کۆمارییەکانە، نزیکەی 1500 بەخشەری جوو لە لاس ڤێگاس کۆدەبنەوە و دەگەڕێن بە دوای کاندیدێکدا کە پابەندبوونێکی زیاتر دەرببڕێت بۆ ئیسڕائیل لە کاتێکدا کە ئیسڕائیل لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەتەوە لەسەر هێرشە ئاسمانییەکانی لە غەزە.
ئەفسەری جێبەجێکاری هاوپەیمانێتی جووە کۆمارییەکانی ئەمەریکا مات برووکس لە چاوپێکەوتنێکدا بە ڕۆیتەرزی وت "دەگەڕێین بە دوای پابەندبوونی ئاشکرایانەوە بە پشتیوانیکردن لەوەی ئیسڕائیل چی پێویست بێت ئەنجامی بدات بۆ ڕزگارکردنی کەرتی غەزە لە حەماس."
گردبوونەوەکە بە تایبەتی گرنگ دەبێت بۆ فەرمانڕەوای فلۆریدا و کاندیدی کۆمارییەکان، ڕۆن دیسانتێس و فەرمانڕەوای پێشووی ساوت کارۆلاینا نیکی هەیلی، کە کێبڕکێ دەکەن بۆ دەستکەوتنی پارەی بەخشەرەکان تاوەکو بتوانن بەردەوامی بدەن بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانییان دژی دانۆڵد ترامپ.
لە کاتێکدا کە زۆرێک لە دامەزراوەکانی بەخشەرەکانی کۆمارییەکان دژایەتی ترامپ دەکەن و دەگەڕێن بە دوای جێگرەوەیەکدا، ڕەنگە دیسانتێس و هەیلی کۆشش بکەن بۆ بە دەستهێنانی پارە لێیانەوە، لەبەرئەوەی ترامپ کاندیدی سەرەکییە و پێشەنگە لە بە دەستهێنانی کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە بڕیارە لە 15 ی مانگی یەکدا لە ئایواوە دەستپێبکات.
ترامپیش بە ئاشکرا پشتگیری خۆی بۆ ئیسڕائیل دەربڕیوە، بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا لەلایەن کۆشکی سپی و ئیسڕائیلەوە ڕەخنەی لێگیرا، لەسەر ئەوەی کە حیزبوڵای لوبنانی دوژمنی سەرسەختی ئیسڕائیلی بە " زۆر زیرەک " ناوبرد و سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهوی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەوەی "ئامادە نەبووە" بەرامبەر بە هێرشەکەی حەماس.
ترامپ ئاماژەی بەوە داوە کە ئیسرائیل هیچ هاوڕێ و هاوپەیمانێکی باشتر لە ئەوی نەبووە لە ئەمەریکا لەو کاتەی کە ئەو سەرۆک بووە. برووکس وتی دڵنیایە لەوەی ترامپ ڕۆژی شەممە " پابەندبوونی زیاتری خۆی " بۆ ئیسڕائیل دەردەخات.
برووکس وتی بەخشەرانی هاوپەیمانێتی جووە کۆمارییەکانی ئەمەریکا لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 ی ئەمەریکادا هەریەکەیان بە جیا 30 بۆ 50 ملیۆن دۆلارییان لە کاندیدەکاندا خەرج کردووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز