کاتێک لە ساڵی 1981 دا گەڕایەوە بۆ پلەینسی جۆرجیا، سەرۆک جیمی کارتەر شکستی هێنابوو، لە هەڵبژاردنێکی مێژوویدا بەرامبەر ڕۆناڵد ڕیگن شکستی هێنا. باران بارینەکە لە کاتی پێشوازیکردنی کارتەردا بۆ ماڵەکەی خۆی ڕەنگدانەوەی پەستییەکەی و پەستی وڵاتەکە بوو.
نوسەر و مێژووناس جۆناثان ئاڵتەر دەڵێت " لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا، ئەو ( کارتەر ) شکستێکی سیاسیی بوو. زۆرینەی دەنگەکانی لە دەستدا بەرامبەر ڕۆناڵد ڕیگن. بەڵام ئەو لە ڕووی بیناییەوە سەرکەوتوو بوو." ئاڵتەر وەکو زۆرێک لە خەڵکەکەی ئێستا، کارتەر بە کارە مرۆییەکانی دەناسێت لە ناوەندی کارتەر. وتی " خستنەوەی ئاشتی و ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی و دروستکردنی هیوا " لە سەرانسەری جیهاندا وایکرد جیمی کارتەر لە ساڵی 2022 دا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەربگرێت.
ئاڵتەر وتی " کارتەر کارێکی زۆر باشی کردووە لە سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکاندا لە زیاتر لە 100 وڵاتدا. بەڵام سەرۆکەکانی پێشوو ئەوەندەی سەرۆکەکان دەسەڵاتییان نیە، لیستی ئەو دەستکەوتانەشی کە وەکو سەرۆک هەیبووە و پشتگوێ خراون و بچووک کراونەتەوە و یاخود بە تەواوەتی لە بیر کراون زۆر درێژ بووە."
قەیرانی بارمتەکانی ئێران، بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسانی ئابووری و گەمارۆکany نەوت لە ساڵەکانی حەفتاکاندا خولی سەرۆکایەتییەکەی کارتەرییان لە کۆشکی سپی تێکدا، سێبەرێکی گەورەیان بەسەر میراتەکەیدا دروست کرد. بەڵام کارتەر کە ڕۆژێک لە ڕۆژان فەرمانڕەوای جۆرجیا و سەرۆک و براوەی خەڵاتی نۆبڵ بووە، یادی 100 ساڵەی لە دایکبوونی لە کاتێکدایە کە نوسەران و مێژووناسان دووبارە هەڵسەنگاندن دەکەنەوە بۆ شکستەکان و دەستکەوتەکانی وەکو سەرۆکی ئەمەریکا کە تەنها یەک خولی چوار ساڵەیی خایاند.
بایۆگرافییەکەی ئاڵتەر " باشترینەکانی: جیمی کارتەر، ژیانێک " لە نێو چەندین کتێبدایە کە باس لەوە دەکەن چوار ساڵ سەرۆکایەتییەکەی کارتەر لە کۆشکی سپی تەنها شکست بووە.
ئاڵتەر لە چاوپێککەوتنێکیدا لە مانگی هەشت لەگەڵ دەنگی ئەمەریکادا وتی " نەک تەنها ڕێککەوتنە بەناوبانگەکانی کامپ دەیڤد و پەیوەندییە کراوەکەی لەگەڵ چیندا، بەڵام زنجیرەیەکی زۆریش لە دەستکەوت لە پڕۆژە یاساکاندا سەبارەت بە ژینگە و چەندین پرسی دیکە کە زۆر زیاتر بوون لە دەستکەوتەکانی باراک ئۆباما و بیڵ کلینتن لە پڕۆژە یاساکاندا."
کارتەر پڕۆژە یاسای ساڵی 1980 ی بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانی پاراستنی خاکەکانی ئالاسکای واژۆ کرد کە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆنم زەوی دەپارێزێت، بە خاک و پارکە نیشتیمانییەکان و پەناگەکان و مۆنۆمێنتەکان و دارستاکان و ناوچە پارێزراوەکانیشەوە، ئاڵتەر دەڵێت ئەو یاسایە ئێستا بە یەکێک لە گرنگترین پڕۆژە یاساکانی ژینگە دادەنرێت کە تاوەکو ئێستا واژۆ کرابێت.
ئاڵتەر وتی " ئەو چیرۆکەی کە من باسی دەکەم لە کتێبەکەمدا چیرۆکێکە توشی سەرسوڕمانت دەکات. چیرۆکی کەسێکە کە بە شێوەیەک ماندوونەناسانە کاریکردووە کە لە ڕاستیدا بەرهەمی هەبووە."
جۆسێف کرێسپینۆی نوسەری " جیمی کارتەر پڕۆفیسۆری مێژوو " لە زانکۆی ئیۆری دەڵێت " پێم وایە هەموومان سەرۆک کارتەر وەکو سەرۆکێک لە بیرمانە کە لە ساتێکی زۆر سەختدا سەرۆکایەتی کردووە و دەبووایە مامەڵەی لەگەڵ چەند هەلومەرجێکدا بکردایە کە زۆر لەسەروو دەسەڵاتەکەیدا بوون." کارتەر بەردەوام سەردانی کرێسپینۆ و خوێندکارەکانی دەکرد لە ئەتڵانتا تاوەکو تاوتوێی بڕیارە باش و خراپەکان بکەن کە لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەدا داونی.
کرێسپینۆ بە دەنگی ئەمەریکای وت " کارتەر مافەکانی مرۆڤی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکادا خستبووە پێشەوە و سەرەکی بوون. هیچ سەرۆکێک بەو شێوەیەی جیمی کارتەر ئەوەی نەکردووە. ئەوە گرنگ بوو لە گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە جەنگی سارددا، بەڵام ساتێکی گرنگیش بوو لە دوای شەڕی ڤیێتنامەوە بۆ دووبارە جەختکردنەوە لە بەرپرسیارێتییە ئەخلاقییەکانی ئەمەریکا لە جیهاندا."
کرێسپینۆ دەڵێت هەندێک لە دەستکەوتە ناوخۆییەکانی کارتەر کە لە ناوخۆدا پشتگوێ خراون بریتین لە ناساندنی حکومەتی فیدڕاڵ و ڕێکخستنەوەی هێڵە ئاسمانییەکان و بارهەڵگرەکان و پیشەسازییەکانی بیرە. وتی " ئێمە زۆر جار ئازادکردنی ئابووری ئازاد بە گۆڕانە پارێزگارییەکەوە دەبەستینەوە کە لەگەڵ ڕۆناڵد ڕیگندا هات، بەڵام لە ڕاستیدا جیمی کارتەر پێش ڕیگن کارێکی زۆری ڕێکخستنەوەی کردبوو لە سەرۆکایەتییەکەیدا لە ناساندنی سنوورەکانی سەرپەرشتی حکومەت بەسەر ئەم پیشەسازییە تایبەتانەدا."
ئەندامانی کابینەکەی کارتەر، بە باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ئاندرو یەنگیشەوە، سوپاسگوزاری ئەوە بوون کە ژیانە دوورودرێژەکەی کارتەر ڕێگەیداوە مێژوویەکی درێژتر ببینێت کە ڕەنگدانەوەیەکی ئەرێنی هەیە لەسەر میراتەکەی.
یەنگ بە دەنگی ئەمەریکای وت " هیچ شوێنێک نیە لە جیهاندا کە خەڵێکی تێدا نەبێت شتێکی باش نەڵێن لەسەر ئەو. سەرکەوتوو بووبێت یان نا، ئەو هەوڵێکی باشیدا و ئەوەندە ڕۆیشت کە جیهان ڕێگەی پێدا."
جیهانێک کە هێشتا سوود لە کارەکانی ناوەندی کارتەر دەبینێت، کە بەردەوام شەڕ لەگەڵ نەخۆشییەکاندا دەکات بە نەخۆشی گینی وۆرمیشەوە کە ئێستا تەنها چەند حاڵەتێکی کەمی ماوەتەوە لە ئەفریکادا و دەکرێت ببێتە تەنها دووەمین نەخۆشی کە هەتاوەکو ئێستا بە تەواوەتی بنەبڕ کرابێت.
ڕاپۆرتی کەین فێرابا-دەنگی ئەمەریکا