Accessibility links

جۆو بایدن 46 هەمین سەرۆکی ئەمەریکا


جۆو بایدن وەک سەرۆکی نوێی ئەمەریکا سوێندی یاسایی خوارد و بەمەش بووە 46 هەمین سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە و لە مەراسیمێکی تایبەتدا جۆو بایدن سوێندی خوارد و وتارێکی پـێشکەش کرد، گوتی ئەمڕۆ ئاهەنگ دەگێڕین بەبۆنەی ئەوەی دەنگی خەڵک بیسترا و دیموکراتی سەرکەوت.

سوپاسی سەرۆکەکانی پێشووی ئەمەریکای کرد، ئەوانەی ئامادەی مەراسیمەکە بوون و هەروەها سەرۆکی پـێشوو کارتەر کە بەهۆی باری تەندروستی نەیتوانی ئامادەی مەراسیمەکە بێت.

سەرۆک بایدن گوتی ئەمەریکای ئەمڕۆ جیاوازە لە جاران، گوتی سەردەمێک بوو بە هەزاران کەس هەوڵیان دەدا ژنان لە مافی دەنگدان بێبەش بکەن، بەڵام ئەمڕۆ وا دەبینین یەکەم ژن لە مێژووی ئەمەریکا دەبێتە جێگری سەرۆک ئەویش کامڵا هێرسە.

گوتیشی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کەسانی گێرشێوێن هەوڵیان دا لە ڕێگەی توندوتیژیـیەوە دەنگی میلـلەت کوت بکەن و دیموکراسی ڕابگرن، ئەوە نەبوو و نابێت نە ئەمڕۆ و نە لە ئایندە.

بایدن سوپاسی ئەو ئەمەریکایـیانەی کرد کە پشتیوانیان کردووە، وە داوای لەوانەش کرد کە لەگەڵیدا نین گوێی لێبگرن و ببینن چۆن کاردەکات، گوتیشی ئەگەر هەر بە کارەکانی بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی قایل نەبوون، کێشە نیـیە ئەمە دیموکراسیـیە و ئەمە ئەمەریکایە کە مافت دەداتێ بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە بەرهەڵستکاربیت.

سەرۆکی نوێ بەڵێنی دا ببێتە سەرۆکی هەموو ئەمەریکایـیەکان و کاربکات بۆ ئەوانەی پشتیوانیان کردووە و ئەوانەشی لەگەڵیدا نین.

گوتیشی ئیدی کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە ناکۆکیـیەکانی ناو ئەمەریکا بهێنرێت، کۆتایی بهێنرێت بە شەڕی نێوان شین و سوور، شار و گوند، کۆنەپارێز و لیبڕاڵ.

باسی لەوەش کرد کە ڕەنگە ئێستا وڵاتەکە لە مەترسیدارترین قۆناغی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا بێت، بۆیە دەبێت سیاسەت بخرێتەوە لاوە و پـێکەوە ڕووبەڕووی پەتاکە ببنەوە.

پاشان ڕووی دەمی کردە هاوڕێـیان لە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و سینات، گوتی ئەمڕۆ جیهان چاودێری هەموومان دەکات. گوتی پەیامیشی بۆ دەرەوەی ئەمەریکا ئەوەیە وڵاتەکەی بە ئەزمونێکدا تێپەڕی و بە بەهێزی لێی هاتە دەرێ، وە سەرلەنوێ هاوپەیمانێتیـیەکانمان چاکدەکەینەوە و سەرلەنوێ کار لەگەڵ جیهاندا دەکەینەوە.

داواشی لە ئامادەبووان کرد نوێژ و نزا بکەن بۆ قوربانیانی پەتای کۆرۆنا کە زیاتر لە 400 هەزار کەس بەهۆیەوە لە ئەمەریکا گیانیان لەدەستداوە.

سەرۆکی نوێ گوتی کاتی ئەوە هاتووە ئەو هەڵانەی کراون ڕاستبکرێنەوە.

هەروەها کامڵا هێرسی جێگری ئەویش بەر لە بایدن سوێندی یاسایی خوارد و بووە بە یەکەم ژن کە بـبێتە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا.

XS
SM
MD
LG