Accessibility links

دادگایەکی ئوردن بڕیاری لەسێدارەدان بۆ 6 کەس دەدات لەسەر ئەنجامدانی تاوانێکی دڕندانە


دادگای ئاسایشی دەوڵەتی ئوردن بڕیاری دا 6 کەس لەسێدارەبدرێن بە تاوانی بڕینەوەی هەردوو دەست و کوێرکردنی چاوی کوڕێکی تەمەن 16 ساڵ.

دادگاکە ئەمڕۆ چوارشەممە لە عەممانی پایتەخت حوکمەکانی خۆی ڕاگەیاند بەسەر 17 کەس کە تۆمەتباربوون بەو تاوانە قێزەوەنە. 6 کەسیان سزای لەسێدارەدان، کەسێکیان 15 ساڵ زیندانی، کەسێکیان 10 ساڵ زیندانی، 2 کەسیان 2 ساڵ زیندانی، 7 کەسیان بەبێ تاوان دەرچوون.

تاوانەکە لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوو ئەنجام درا، کاتێک ئەو کوڕە تەمەن 16 ساڵە لە ناوچەی زەرقای باکوری ڕۆژهەڵاتی عەممانی پایتەخت لە لایەن ژمارەیەک کەس ڕفێندرا و بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە درا و پاشان هەردوو دەستیان بڕیەوە و چاوێکیان کوێرکرد، دواتر لەسەر جادەیەک فڕێـیان دابوو.

ڕووداوەکە تەواوی کۆمەڵگەی ئەو وڵاتەی نیگەرانکرد و بووە بابەتێکی گشتی و شای ئوردن هاتە دەنگ لەسەری و فەرمانی کرد چارەسەری تەواوی پـزیشکی لە نەخۆشخانەی حسێن پـێشکەشی ئەو کوڕە بکرێت.

بەپـێی میدیاکانی ئوردن، هۆکاری ڕفاندنی ئەم کوڕە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی باوکی کوڕەکە تاوانبارە بە کوشتنی برایەکی چوار لە ئەنجامدەرانی ڕفاندنەکە. دەڵێن لەسەر پارە کێشەیان بووە.

XS
SM
MD
LG