Accessibility links

سێ ڕۆژنامەنووسی دیکە لە غەززە دەکوژرێن


کەسوکاری ڕۆژنامەنووسە کوژراوەکان دەڵێن بەرپرسی دەزگایەکی دیاری ڕاگەیاندن لە غەززە و دوو ڕۆژنامەنووسی دیکە لە ماوەی هێرشێکی ئیسڕائیلدا کوژراون، تاوەکو ئێستا لە شەڕەکەی نێوان حەماس و ئیسڕائیلدا دەیان ڕۆژنامەنووس کوژراون.

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان کە بنکەکەی لە نیویۆرکە وتی لە دوای دەستپێکردنی شەڕەکەی نێوان حەماس و ئیسڕائیلەوە تاوەکو ئێستا کوژرانی 48 ڕۆژنامەنووس و کارمەندی ڕاگەیاندنەکان لە ناوچەکەدا پشتڕاست کراونەتەوە.

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان، کە لیستەکەی ڕۆژنامەنووسانی هەردوولایەنەکەی شەڕەکە دەگرێتەوە کە زۆربەیان لە غەززە بوون، وتی هەوڵی لانیکەم دوو سەرچاوە دەدات بۆ پشتڕاستکردنەوەی کوژرانی هەر ڕۆژنامەنووسێک. وتیشی لەو لیستەیدا 43 کەسییان فەلەستینین و چوار کەسییان ئیسڕائیلی بوون و کەسێکییان لوبنانی بووە.

هەماهەنگیکاری پڕۆگرامی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریکا، شەریف مەنسوور، لە ئیمەیڵێکدا بۆ ڕۆیتەرز وتی " ڕۆژنامەنووسان لە سەرانسەری ناوچەکەدا قوربانییەکی گەورە دەدەن بۆ ڕووماڵکردنی ئەم ململانێ دڵشکێنە. بە دیاریکراویی ئەوانەی کە لە غەززەن، باجییان داوە و بەردەوام ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە."

بەگوێرەی خوشکەکەی و کەسوکارەکەی، ڕۆژی یەکشەممە بیلال جەدەڵا، کە ڕۆژنامەنووسێکە و بەرپرسی دەستەی ڕێکخراوی ناحکومی پرێس هاوس فەلەستینیە، کوژراوە و زاواکەشی بە سەختی بریندار بووە.

خوشکەکەی وتی جەدەڵا لە ماوەی ڕابردوودا پێی وتم لە شاری غەززە دەڕوات و بەرەو باشوور دەچێت. لە ناوچەی زەیتونەی شاری غەززە کوژراوە. وتیشی خەڵکەکە لەوێ بینویانە و گواستویانەتەوە بۆ نەخۆشخانە بەڵام لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستداوە.

ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەم لێدوانە و کوژرانی دوو ڕۆژنامەنووسەکەی دیکەش پشتڕاست بکاتەوە.

چوار لە کەسوکاری جەدەڵا لە غەززە و دەرەوە بۆ ڕۆیتەرز کاردەکەن. یەکێک لەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە لیستەکەی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووساندایە ڕۆژنامەنووسی ڕۆیتەرز عیسام عەبدوڵایە کە لە لوبنان لە نزیک سنووری ئیسڕائیل لە 13 ی مانگی 10 دا کوژرا.

کەسوکاری دوو ڕۆژنامەنووسەکەی دیکە و بەرپرسانی تەندروستی فەلەستینییەکان وتییان حەسونا سلیم و ساری مەنسوڕی ڕۆژنامەنووس ڕۆژی یەکشەممە لە هێرشێکی ئیسڕائیلدا بۆ سەر کامپی پەنابەرانی بوریجی کوژراون کە دەکەوێتە ناوەڕاستی کەرتی غەززەوە. بەرپرسانی تەندروستی فەلەستینییەکان دەڵێن لەو هێرشەدا 17 کەسی دیکەش کوژراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG