Accessibility links

دەستنیشانکردنی دەستەی سوێندخۆران لە دۆسییەکی فیدڕاڵیدا دژی هەنتەری کوڕی سەرۆک جۆو بایدن دەستپێدەکات


هەنتەر بایدن
هەنتەر بایدن

ڕۆژی دووشەممە دەستنیشانکردنی دەستەی سوێندخۆران لە دۆسییەیەکی چەکی فیدڕاڵیدا دژی هەنتەر بایدنی کوڕی سەرۆک جۆو بایدن دەستیپێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی ڕێککەوتنێک لەگەڵ داواکارانی دۆسییەکەدا شکستی هێنا کە مەبەست لێی ئەوە بووە دادگاییکردنەکەی هەنتەر بایدن نەکەوێتە نزیک هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2024 ەوە.

هەنتەر بایدن کە کۆتایی هەفتەکەی لەگەڵ باوکیدا بەسەر برد، لە ویلایەتی دیلاوێر بە سێ تاوان تۆمەتبار کراوە، کە لە کڕینی چەکێکەوە لە ساڵی 2018 دا سەرچاوەیان گرتووە، بەبێی کتێبی بیرەوەرییەکانی خۆی، لەو کاتەدا کە چەکەکەی کڕیوە ئاڵوودەی ماددە هۆشبەرەکان بووە. بە تۆمەتی درۆکردن لەگەڵ فرۆشیارێکی چەکدا کە مۆڵەتی فیدڕاڵی هەبووە تۆمەتبار کراوە، لە فۆڕمی کڕینی چەکەکەدا کە مەبەست لێی پشکنینی کڕیارەکانە، بانگەشەیەکی ناڕاستی کردووە و وتوویەتی دەرمانی هۆشبەر بەکارناهێنێت، هەروەها بۆ ماوەی 11 ڕۆژ بە شێوەیەکی نایاسایی چەکەکەی پێبووە.

هەنتەر بایدن ڕەتی دەکاتەوە تاوانبار بێت و وتوویەتی بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە لەلایەن وەزارەتی دادەوە کراوەتە ئامانج، ئەمەش دوای ئەوەی کۆمارییەکان سەرکۆنەی ئەو ڕێککەوتنەیان کرد کە ئێستا هەڵوەشێندراوەتەوە و ڕێککەوتنەکەیان بە مامەڵەیەکی تایبەت لەگەڵ کوڕی سەرۆکی ئەمەریکادا ناوبرد.

دادگاییەکە چەند ڕۆژێکی کەم دوای ئەوە دێت کە دانۆڵد ترامپی بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2024 ی ئەمەریکا بە 34 تاوان لە شاری نیویۆرک تۆمەتبار کرا. دەستە سوێندخۆرانی دادگاییکردنە بڕیاریاندا کە ترامپ تاوانبارە بە تاوانی شاردنەوەی ئەو پارەیەی کە پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2016 دا داوییەتی بە ئەکتەری پۆڕن ستۆرمی دانیێڵز تاوەکو بێدەنگی بکات و باس لەوە نەکات کە 10 ساڵ لەوەوبەر شەوێکی لەگەڵ ترامپدا بەسەر بردووە. دوو دۆسییە تاوانەکە پەیوەندییان نیە بەیەکەوە، بەڵام دەریدەخات کە دادگاکانی تاوان ڕۆڵێکی سەرەکییان بینیوە لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024 دا.

هەنتەر بایدن لە مانگی نۆدا لە کالیفۆرنیا ڕووبەڕووی دادگاییکردنێکی دیکە دەبێتەوە، دۆسییەکەی پەیوەستە بەوەوە کە گوایە شکستی هێناوە لەوەی بڕی 1.4 ملیۆن باج بدات. هەردوو دۆسییەکە دەبووایە بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ داواکارانی گشتیدا کرا چارەسەر بکرانایە.

بەڵام دادوەر ماریلین نۆرێیکا گومانی هەبوو لەسەر هەندێک لە لایەنی نائاسایی لە ڕێککەوتنەکەدا، کە بریتی بوون لە دانپێدانانی پێشنیارکراو بە تاوانە بچووکەکاندا بۆ چارەسەرکردنی تاوانەکانی باج و ڕێککەوتنێکی لادان لەسەر تۆمەتەکەی لەسەر کڕینی چەکەکە. ئەمەش مەبەست لێی ئەوە بووە کە بۆ ماوەی دوو ساڵ لە کێشەکان دوور بکەوێتەوە و دواتر دۆسیەکە هەڵدەوەشێندرێتەوە. پارێزەرەکان لەسەر ڕێککەوتنەکە ناکۆک بوون، نەیانتوانی بگەن بە بڕیارێک و ڕێککەوتنەکەش شکستی هێنا. پاشان وەزیری داد مێریک گارلاند لە مانگی هەشتدا لێکۆڵەرێکی تایبەتی دەستنیشان کرد و دوای مانگێک هەنتەر بایدن تۆمەتبار کرا.

ئەم دادگاییکردنە دەربارەی کارەکانی هەنتەر بایدن نیە لە دەرەوەی ئەمەریکا، کە کۆمارییەکان هەوڵییانداوە بەبێ بەڵگە باس لەوە بکەن تاوەکو خێزانەکەی بایدن وەکو گەندەڵ نیشان بدەن. بەڵام هەندێک لە ساتە هەرە تاریکەکانی هەنتەر بایدن ڕوون دەکاتەوە و پیشانییان دەدات.

هاوپەیمانەکانی سەرۆک نیگەرانن لەسەر ئەو زیانەی کە دادگاییکردنەکە دەیگەیەنێت بە بایدن، کە لە مێژە نیگەرانە سەبارەت بە باشی کوڕەکەی و ئاڵوودەبوونی بە دەرمانەکان و ئێستاش دەبێت ئەو هەڵە بە ئازارانەی ڕابردووی کوڕەکەی ببینێتەوە کە بە ئاشکرا پیشان دەدرێن. هەنتەر بایدن پێش دەستپێکردنی دۆسییەکە کۆتایی هەفتەکەی لەگەڵ باوکیدا بەسەر بردووە و پێکەوە ئامادەی کڵێسا بوون.

هەنتەر بایدن لە هەردوو دۆسییەکەدا ڕەتی دەکاتەوە تاوانبار بێت. بەڵام ئەگەر دادگا بڕیار بدات کە تاوانبارە، ئەوا ڕەنگە ڕووبەڕووی سزای 25 ساڵ زیندانیکردن ببێتەوە، بەڵام ڕوون نیە کە ئایا دادوەرەکە سزای زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێنێت یاخود نا.

پارێزەرەکانی هەنتەر پێشنیاری ئەوەیان کردووە کە هەنتەر لەوانەیە بڵێت لەو کاتەدا کە چەکەکەی کڕیوە و خۆی بە ئاڵوودە نەزانیبێت، لە کاتێکدا کە داواکاران دەڵێن لە وەڵامی پرسیارێکی سەر فۆڕمەکەدا سەبارەت بەوەی ئایا ئاڵوودە بووە نوسیویەتی " نەخێر." هەروەها گومانیش لەسەر ڕاستی و دروستی قسەکانی فرۆشیاری دوکانەکە دروست دەکەن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG