دوابەدوای ئازادکردنی موسڵ و تەلەعفەر لە هێزەکانی داعش، سوپای عێراق خۆی ئامادەدەکات بۆ ئازدکردنی حەویجە. هاوکات وابڕیارە فڕۆکەکانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى و هێزى ئاسمانى عێراق و سوپا و پۆلیسى فیدراڵى بەشدارى ئۆپراسیۆنەکە بکەن و زۆر ورد و خێرا کۆتایى بە شەڕى حەویجە بهێنن. هاوکات ئەحمەد خورشید فەرماندەى حەشدى حەویجە ڕایگەیاند، میحوەرەکان دیاریکراون و سوپاى عێراق لە بەرى ڕۆژئاواى شەرگاتەوە بەرەو ناوچەکانى چیاى حەمرین پێشڕەوى دەکەن و پاشان بەرەو حەویجە و عەباسى پێشڕەوى دەکەن. سەرەتاى ئەم مانگە فرۆکەکانى هێزى ئاسمانى عێراق ملیۆنەها بڵاوکراوەیان لە ئاسمانى حەویجەدا بەردایەوە و داوایان لە دانیشتوانەکەى کرد خۆیان لە پێگەکانى داعش بەدووربگرن.
قهزاى حهویجه 55 كیلۆمهتر لە باشورى ڕۆژئاواى پارێزگاى كهركوكەوە دورە و هەرسێ پارێزگای نەینەوا و سەڵاحەدین و کەرکوک بەیەکەوە دەبەستێتەوە و لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ ەوە لە ژێر دەستی چەکدارانی داعشدایە. پێش هاتنی داعش دانیشتوانەکەی بە زیاتر لە ٤٠٠ هەزار کەس مەزەندە دەکرا، كه بەشی زۆریان عهرهبى سوننە مهزههبن. هاوکات هێزەکانی پێشمەرگەش لە ئامادەباشیدان.
ئاسۆ جەبار بۆ دەنگی ئەمریکا وتوێژێکی سازکردووە لەگەڵ شارەزاو رۆژنامەوان موعتەسەم نەجمەدیندا ..
موعتەسەم دەڵێت "مەترسی ئەوە هەیە کاتێک ئەو هێزە لە بەغداوە دێت، واتە ئەو حەشدی شەعبییەی کە لەبەغداوە دێت لەناوچەی حەویجەدا جێگیردەبێت....دەبێتە مەترسی بۆ سەر کوردستان."
دەشڵێت "هاوکات لایەنە سیاسییەکان لەنێوان ناوەند و هەرێمدا نەگەیشتونەتە هیچ چارەسەرێکی سیاسی."
لە کۆتاییدا دەڵێت "بەبێ پێشمەرگە شەڕی حەویجە ناکرێت"