Accessibility links

پارتی هێرش دەکاتە سەر حەشد و حەشدیش ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانی بە " خەیاڵ" ناودەبات


خۆپیشاندانی ژمارەیەک "لایەنگری حەشدی شەعبی" لە بەردەم بارەگای کەرکوکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک/ گەرمیانی پارتی، کە ئێستا هێزە عێراقیەکان لە نێو بارەگاکەن، جارێکی تر گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان پارتی و حەشد دروستکردەوە.

خۆپیشاندەران دژی ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانی کەرکوکن بە پارتی، کە پارتی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و گەڕانەوەی بۆ کەرکوک، پێدانەوەی بارەگاکانی کردووەتە پێشمەرج.

عەدنان کەرکوکی وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک/ گەرمیانی پارتی، حەشدی شەعبی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکەی دوێنێ دووشەمەی کەرکوکـ، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ئەوان دەترسن لە گەڕانەوەی پارتی، چونکە دەزانن پارتی دۆخی ئێستای پارێزگاکە قەبوڵ ناکات، بە تایبەت پێشتر پرۆژەیەک هەبووە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە بەسەرپەرشتی یوئێن، بۆیە لە ڕێککەوتنی گشتگیر دەترسن."

جەختیشیکردەوە"ئەو گروپانە دەترسن واقیعی ئێستای کەرکوک بگۆڕێت، کە واقیع گۆڕا، ئەم گروپە گەندەڵ و قاچاخچی و مافیا و تریاک فرۆشانە، پێگەیان نامێنێ."

ناکۆکی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و حەشدی شەعبی تازە نیە، بەڵام بەهۆی موشەک بارانکردنی هەولێر سەریهەڵدایەوە، خۆپیشاندانەکەی کەرکوکیش دژی گەڕانەوەی پارتی، هێندەی تر، نێوانیانی ئاڵۆزتر کرد.

عەلی حسێنی وتەبێژی میحوەری باکوری عێراقی حەشدی شەعبی، هێرشیکردە سەر پارتی و بە تۆمەت دروستکردن بۆ حەشد تۆمەتباری کرد، بە دەنگی ئەمەریکای وت"پارتی کاری بووەتە تۆمەت هەڵبەستن بۆ حەشد، کاتێک هەولێر موشەک بارانکرا، دوای 5 خولەک، فەرماندەیەکیان وتی: موشەکەکان لە دبسەوە تەقێنراون، دواتر دەرکەوت لەناو هەولێرەوە، مەسەلەکە ڕوویداوە."

حسێنی وتیشی"جاران پارتی هەر خەریکی تۆمەتبارکردنی یەکێتی بوو، چونکە لە پێگەکەی دەترسا، ئێستا ئەوان هەر خەریکی تۆمەتن بۆ حەشد، بەڵام دەبێت پارتی ئەوە بزانێت، ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانی کەرکوک پێی خەیاڵە، خەیاڵ."

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق، پارتی لەگەڵ حکومەتی عێراق گەیشتووەتە لێکگەیشتن بۆ ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانی و گەڕانەوە بۆ کەرکوک، بەڵام هێزەکانی حەشدی شەعبی ڕێگرن.

عەدنان کەرکوکی، ڕوونیکردەوە ڕێککەوتن کراوە بۆ ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانمان، بەڵام ئیمزاکردنی ماوە، کەچی ئەم گرفتانە دروستکرا، وتی" ڕێککەوتنی شەنگال، ڕێککەوتنێکی گشتگیربوو، بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی هەموو ناوچە کێشەلەسەرەکان."

هەرچەندە پارتی خواستی گەڕانەوەی بۆ کەرکوک هەیە، بەڵام گرژیەکانی نێوانی لەگەڵ حەشدی شەعبی، ڕەنگە پرۆسەی گەڕانەوەی ئەو حیزبە بۆ شارەکە دوابخات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:46 0:00


XS
SM
MD
LG