Accessibility links

عیرفان کەرکوکی: بە تۆمەتی بردنی مێز و کورسی ئۆفیسەکەم بڕیاری دەستگیرکردنم بۆ دەرکراوە


سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی کە بە تۆمەتی دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵی دەوڵەت، لەلایەن دادگای عێراقەوە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە، ئاماژە بەوە دەکات حەشدی شەعبی لە کەرکوک دەستی بەسەر ماڵی خۆی و کوڕ و کچەکەیدا گرتووە و بارەگاکانیان داگیرکردووە، کەچی لەسەر مێز و کورسی دراوەتە دادگا.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عیرفان کەرکوکی کە لەدوای 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە کەرکوکی جێهێشتووە و لە هەولێر نیشتەجێ بووە، دەڵێت"حەشدی شەعبی داوایان لێکردم بگەڕێمەوە بۆ کەرکوک، بەڵام نەگەڕامەوە و مەرجی ئاساییکردنەوەی دۆخەکەم هەبوو، بۆیە لە ناو کەرکوک و ناحیـیەکانی دەوروبەری، دەستیانگرت بەسەر ماڵ و بارەگاکانی حیزبەکەمدا."

ڕوونیشیکردەوە، لە دوای 16 ی ئۆکتۆبەر حەشد لە نێو ماڵەکەیەوە لە کەرکوک پەیوەندیان پێوەکردووە، لەسەر بەشداریکردن لە ڕیفراندۆم و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک هەڕەشەیان لێکردووە، بەڵام وەڵامی داونەتەوە کە پەشیمان نیە لەو هەڵوێستانە، وتی"ئێمە بەشێکین لە کوردستان و نکۆڵیش ناکەین کەرکوک شارێکی کوردستانیە، ئەمەش وایکرد زیاتر ڕقم لێبگرن، ئێمە ناچینە ژێر ڕکێفی خواستی وڵاتانی هەرێمی و ڕێنمایی لە هیچ لایەک وەرناگرین."

جەختیشیکردەوە"بڕیاری گرتنم بۆ دەرچووە، گوایە مێز و کورسی ئۆفیسەکەم لە ناو بینای پارێزگا بردووە، لە کاتێکدا ئێستا دەستگیرکراوە بەسەر ماڵ و بارەگای حیزبەکەمدا، چەندین جار یاداشتم بۆ مستەفا کازمی ناردووە، بەڵام یاداشتەکە گەیشتووەتە ئۆفیسەکەی و وەڵامی نەداومەتەوە."

عیرفان کەرکوکی، هۆکاری دژایەتیکردنی لەلایەن هێزە باڵادەستەکانی ناو کەرکوکەوە بۆ ئەوە گێڕایەوە، گوایە حیزبەکەی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر نیە و بەشێک بوون لە لیستی برایەتی کەرکوک، وتی"ئەوانیش ئەمەیان پێ قەبوڵ ناکرێت، ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو لایەنە شیعی و سونیەکان باشە، بەڵام نەچووینەتە ژێر ڕکیفی هیچ لایەنێک."

دەربارەی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ بەرەی تورکمانی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی ئەوەی خستەڕوو، بەرەی تورکمانی بەربەرەکانێیان دەکەن و حەز ناکەن بگەڕێنەوە بۆ کەرکوک، لە کاتێکدا پەیوەندیان لەگەڵ لایەنگرانی بەرەدا باشە، وتی"نکۆڵی لەوە ناکەین پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا خۆشبووە، بەڵام ڕێنمایی لە هیچ لایەنێک وەرناگرین و قەبوڵی ناکەین مەرجمان بەسەردا بسەپێنرێت."

لە کۆتایی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عیرفان کەرکوکی سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی، سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی حیزبەکەی بە پاشکۆبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەو پێـیەی هەمیشە بەرپرسانی پارتی، ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانی ئەو هێزە تورکمانیە دەکەنە یەکێک لە مەرجەکانی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک، وتی"ئێمە سەربەخۆین، پارتی بۆیە داوای ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانمان دەکات، چونکە لەگەڵ ئاساییکردنەوەی دۆخی شاری کەرکوکدایە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:37 0:00


XS
SM
MD
LG