Accessibility links

سەرکردە سەرەکییەکانی دیموکراتەکان داواکان بۆ کشاندنەوەی بایدن لە هەڵبژاردنەکان ڕەت دەکەنەوە


ڕۆژی یەکشەممە سەرکردە سەرەکییەکانی دیموکراتەکانی ئەمەریکا بە توندی لە پاڵ سەرۆک جۆو بایدندا وەستان و ئەو داوایەیان ڕەت کردەوە کە دەڵێت بایدن دەبێت کۆتایی بە هەڵمەتەکەی بۆ هەڵبژاردنەکانی 2024 بهێنێت، ئەوەش بەهۆی مشتومڕە بێسەروبەرەکەی هەفتەی ڕابردووەوە دژی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ.

هاوپەیمانە دیموکراتەکانی بایدن ئامادەبوون دان بنێن بە کەموکورتییەکانی بایدنی تەمەن 81 ساڵدا لەو مشتومڕە 90 خولەکییەدا کە تێیدا هەندێک جار کۆششی دەکرد ڕستەکانی تەواو بکات و جارێکییان بە هەڵە وتی مێدیکێری لە ناوبردووە، (مێدیکێر بیمەی تەندروستی حکومەتە بۆ ئەمەریکاییە بەساڵاچووەکان).

بەپێی ڕاپرسییەکی نوێی CBS-YouGov، ئەمەریکاییەکان بە جیاوازیی %72-27 پێیان وانییە بایدن " ئەو تەندروستییە دەروونییە و مێشکییەی هەبێت تاوەکو بتوانێت وەکو سەرۆک خزمەت بکات." ئەو ڕێژەیەش لە سەدا 7 زیاترە بە بەراورد لەگەڵ هەمان ڕاپرسیدا کە سێ هەفتە لەوەوبەر ئەنجام درابوو. بەڵام ڕاپرسییە نیشتیمانییەکانی نێوان بایدن و ترامپ هێشتا کێبڕکێکە بە گەرمی پیشان دەدەن.

سەرکردە سەرەکییەکانی دیموکراتەکان، پێشنیارەکانی چەند دیموکراتێک و ڕۆژنامەکانی The New York Times و The Atlanta Journal-constitution ییان ڕەت کردەوە کە دەڵێن دەبێت بایدن دەستبەرداری هەڵبژاردنەکان ببێت و بۆ بەربژێرێکی گەنجتر بێتە ئاراوە.

ڕۆژنامەی The Atlanta Journal-constitution کە ڕۆژنامەیەکی پێشەنگە لە شەڕە سیاسییەکەی ویلایەتی جۆرجیادا وتی " ڕاستییەکە بە داخەوە ئەوەیە کە دەبێت بایدن لە کێبڕکێکە بکشێتەوە، ئەوەش لە پێناو باشی ئەو گەلەی کە ماوەی نیو سەدەیە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش خزمەتی کردوون. سێبەری خانەنشینی ئێستا گرنگە بۆ سەرۆک بایدن."

سیناتۆری دیموکراتەکان لە جۆرجیا ڕافایل وارنۆک بە Meet the Press ی کەناڵی NBC وت " نەخێر بێگومان نەخێر،" وتی پرسیارەکە ئەمەیە " دانۆڵد ترامپ تاوەکو ئێستا جگە لە خۆی و ئەو کەسانەی کە لە خۆی دەچن لە پاڵ کێدا وەستاوە؟ من لەگەڵ جۆو بایدندام، ئەوەش ئەرکی ئێمەیە کە دڵنیا ببینەوە لەوەی بگاتە هێڵی کۆتایی لە مانگی یانزەدا." هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بڕیارە لە 5 ی مانگی یانزەدا بەڕێوەبچن.

جیم کلیبێرنی نوێنەری دیموکراتەکان لە ساوث کارۆلاینا کە لایەنگرێکی دیاریی بایدنە، بە State of the Union ی کەناڵی CNN ی وت " باوەڕم وانیە جۆو بایدن کێشەیەکی هەبێت لە سەرکردایەتیکردن بۆ چوار ساڵی دیکە، چونکە لە ماوەی سێ ساڵ و نیوی ڕابردوودا کارێکی زۆر باشی کردووە. هەمیشە دەڵێم باشترین پێشبینیکەر بۆ هەڵسوکەوتی داهاتوو سەیرکردنی چۆنێتی هەڵسوکەوت کردنە لە ڕابردوودا."

وێس مۆری فەرمانڕەوا لە ماریلاند بە Face the Nation ی کەناڵی CBS ی وت " سەرۆک شەوێکی قورسی بەڕێکرد وەکو چۆن هەموومان شەوی قورس بەڕێدەکەین "، بەڵام ئەوە نابێت ناچاری بکات لە هەڵبژاردنەکانی 5 ی مانگی یانزەدا بکشێتەوە. " جۆو بایدن خۆی لە کێبڕکێکە دوورناخاتەوە، ناشبێت خۆی دووربخاتەوە."

ڕاوێژکاری پێشووی ڕاگەیاندنی بایدن لە کۆشکی سپی کەیت بێدینگفیڵد بە CNN ی وت لە دوای مشتومڕەکەوە هەڵمەتەکەی بایدن 33 ملیۆن دۆلاری کۆکردووەتەوە. ڕۆژی شەممە هەڵمەتەکەی بایدن وتی دوورخستنەوەی بایدن لە کێبڕکێکە و دەستنیشانکردنی کەسێکی دیکە لە شوێنەکەی دەبێتە هۆی چەندین هەفتە لە بێسەروبەری پێش کۆبوونەوەی گشتی نیشتیمانی پارتی دیموکراتەکان لە مانگی هەشتدا و ئەوەش دەبێتە " ڕێگایەکی خێرا بۆ دۆڕان " لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا.

کۆمارییەکانی لایەنگری دانۆڵد ترامپیش لە دوای مشتومڕەکەوە بە شێوەیەکی بەرچاو ئاماژەیان بە لاوازیی بایدن داوە لە مشتومڕەکەدا.

ڕاینس پریبوسی سەرۆکی پێشووی کۆمیتەی نیشتیمانی کۆمارییەکان و پێشتریش سەرۆک ئەرکانی کۆشکی سپی ترامپ بووە، وتی مانەوەی بایدن لە کێبڕکێکەدا " تەنها بە خراپی بەسەر بایدندا دەشکێتەوە."

پریبوس بە This Week ی کەناڵی ABC وت " ئەمە شەوێکی خراپی مشتومڕ نەبوو، ئەمە گێژاوێکی تێنەگەیشتن و نزیک لە مەحاڵ بوو."

لیندسی گراهامی سیناتۆری کۆمارییەکان لە ساوث کارۆلاینا لە CNN سەبارەت بە بایدن وتی " ئەو پیاوێکی باشە. سەرۆکێکی شکستخواردووە. ئەو کەوتووەتە مەترسییەوە. ئەوە سەردێڕی چیرۆکەکەیە. جیهان ئەوەی بینی، سەرۆکێک کە کەوتووەتە مەترسییەوە."

بایدن هیچ ئاماژەیەکی نەداوە لەسەر ئەوەی پلانی هەبێت لە کێبڕکێکە بکێشێتەوە.

ڕۆژی هەینی ڕۆژێک دوای مشتومڕەکە، بایدن بە لایەنگرەکانی وت " دەزانم من پیاوێکی گەنج نیم. وەکو جاران بە ئاسانی ناتوانم بڕۆم. وەکو جاران بە ئاسانیش ناتوانم قسە بکەم. ناشتوانم وەکو جاران بە باشی مشتومڕ بکەم، بەڵام ئەوە دەزانم کە دەیزانم. دەزانم چۆن ڕاستییەکان بڵێم!"

بایدن وتیشی ئەگەر " بە تەواویی دڵ و ڕۆحمەوە دڵنیا نەبوومایە لەوەی کە دەتوانن ئەمە بکەم " خۆی هەڵنەدەبژاردەوە بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی.

XS
SM
MD
LG