تەرمى ئەو 9 زیندانیە عەرەب و توركمانە سونەى نێو گرتوخانەى ئامرلى رادەستى كەس و كارەكانیان كرایەوە ، كە رۆژى 17 ى ئەم مانگە لەلایەن هێزەكانى حەشدى شەعبیـیەوە كوژران.
محەمەد فایەق بەرپرسى راگەیاندنى قایمقامیەتى قەزاى خورماتوو ، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"دواى ئەوەى لە چەند شەوى رابردوودا داعش 22 ئەفسەر و پۆلیسى شیعە مەزهەبى قەزاى خورماتوى كوشت ، لەتۆڵەدا حەشدى شەعبیش 9 زیندانى سونەیان گولەبارانكردووە."
بەرپرسى راگەیاندنى قەزاى خورماتوو، ئاماژەى بەوەشكرد رێكخراوە نێو دەوڵەتیەكانیان لە گولەبارانكردنى زیندانیە سونەكان لەلایەن حەشدەوە ئاگاداركردووەتەوە ، وتى"32 زیندانى ترى سونە لەگرتوخانەى ئامرلى دەركراون و هێشتا چارەنوسى ئەو زیندانیەش نازانرێت."
تەرمى ئەو 9 زیندانیەى كە حەشد گولە بارانى كردن دوێنێ رادەستى كەس و كارەكانیان كرانەوە ، كە 6 تەرمیان لەگۆرستانى ئیمام حەسنێ لە قەزاى خورماتوو 3 تەرمەكەى تریان لە ناوچەى عوزێم ى پارێزگاى سەڵاحەدین بەخاك سپێردران .
وێنەى 3 تەرمیان دەست دەنگى ئەمەریكا كەوتووە ، كە نوسراوى پۆلیسى ئامرلى یان لەسەرە و ، بەپێى نوسراوەكە رۆژى 17 ى مانگ كوژراون.
بەڵام عەلى حسێنى وتەبێژى حەشدى شەعبى لەقەزاى خورماتوو ، سەرەتا بێ ئاگاى خۆى لە گولەبارانكردنى زیندانیە سونەكان دەربڕى ، بەڵام دواتر نكۆڵى كرد لە رووداوەكە.
كوژرانى ئەو 9 زیندانیە سونە ، لە كاتێكدایە لەماوەى سێ رۆژى رابردوودا ژمارەیەكى گەنجى ترى سونە مەزهەب لەلایەن حەشدەوە دەستگیركراون ، ئەوەش لەدواى كوژرانى عەقید مستەفا بەیاتى بەرێوەبەرى پۆلیسى خورماتوو و 22 كارمەندى پۆلیس لەلایەن داعشەوە.