Accessibility links

وەڵامەکانی جان کێربی بۆ پرسیارەکانی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە غەززە و ئێران و جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا


جان کێربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی پێنجشەممە وەڵامی چەن پرسیاریکی دەنگی ئەمەریکای دایەوە، لەوانەش سەبارەت بە ئاگربەست لە غەززە و ئێران و جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا.

لە پێوەندی لەگەڵ دانوستانەکان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە، کێربی جەختی لە گەڕانەوەی بارمتەکان لە نێویاندا هاووڵاتیانی ئەمەریکایی و هەروەها دانانی ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی بە پێی قۆناغی یەکەمی پلانە پێشنیار کراوەکەی جۆ بایدن کردەوە.

کێربی سەبارەت بە پێشنیاری ئاگربەست لە غەززە کە لە سێ قۆناغ پێکهاتووە و وەستاندنی شەڕەکەی ناو غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە لە خۆدەگرێت، وتی " مەبەستی سەرەکی لە پێشنیارەکە گەیشتنە بە قۆناغی یەکەمی، شەش هەفتە ئاگربەستت دەست دەکەوێت و هەندێک لە بارمتەکان ئازاد دەکرێن و دەست دەکەیت بە گفتوگۆکردن لەسەر قۆناغی دووەم. ئەوە مەبەستی سەرەکییە لە پێشنیارەکە. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەوەیە بگەین بە قۆناغی یەکەم و دەستکەوتنی شەش هەفتە لە ئاگربەست."

هەروەها سەبارەت بەو بەربەستانەی کە هێشتا لە گفتوگۆکاندا ماونەتەوە و بوونەتە ڕێگر لەبەردەم پەسەندکردنی پێشنیارەکە لەلایەن ئیسڕائیل و حەماسەوە، کێربی وتی " ناچمە وردەکارییەکانەوە بەڵام باوەڕمان وایە بۆشاییەکان کەم بوونەتەوە بە شێوەیەک ئەگەر سازش و سەرکردایەتی هەبێت لە هەردوولاوە دەکرێت پەسەند بکرێت."

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو لە ئێستادا بە سەردانێک لە واشنتنە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکادا کۆدەبێتەوە.

سەبارەت بە کۆبوونەوەکان و گفتوگۆکان لەسەر پێشنیارەکە و ئەوەی کە ئایا دەکرێت پێشبینی هیچ ڕاگەیاندنێکی گەورە بکرێت سەبارەت بە گفتوگۆکانی نتانیاهۆ و بەرپرسانی ئەمەریکا، کێربی وتی " پێشبینی ڕاگەیاندنی گەورە ناکەم ئەمڕۆ. ئەمە گفتوگۆیەکی باش بوو کاتێک سەرۆک وەزیر دەرفەتێکی هەبوو بۆ خستنەڕووی نیگەرانییەکانی سەبارەت بەوەی ئێمە لە کوێداین لە ڕێککەوتنی ئاگربەستەکەدا و بگەینە ئەنجامێک لەسەر ئەوە، هەروەها گفتوگۆ لەسەر چەندین پرسی دیکە کراوە، لەوانەش، چالاکییە تێکدەرەکانی ئێران، گرژییەکان لەسەر هێڵی شین لەگەڵ لوبناندا، پێویستییەکان بۆ گەیشتنی یارمەتییەکی مرۆیی زیاتر بۆ خەڵکی غەززە. بابەتی زۆر هەبوون لە ئەجێنداکەدا، بەڵام هیچ ڕاگەیاندنێکی تایبەتم نیە."

وتیشی باوەڕمان وایە ئێستا نزیک بووبێتینەوە لە ڕێککەوتنێک لەسەر بارمتەکان، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە کە تەواو بووە و گەیشتووین بە ڕێککەوتنێک. دەبێت بگەینە هێڵی کۆتایی. وتیشی "سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل و سەرۆکی ئەمەریکا هەردووکییان دەرفەتێکییان هەبوو قسە لەگەڵ خێزانی ئەو ئەمەریکاییانەدا بکەن کە بە بارمتە گیراون، ئەوەش گرنگ بوو."

کاتێکیش پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا نیگەران نیە سەبارەت بەوەی نەتانیاهو ئەم سەردانەی بەکاربهێنێت بۆ پتەوکردنی پێگە سیاسییە ناوخۆییەکەی خۆی، کێربی وتی " پێم وایە گرنگە گەلی ئەمەریکا دەرفەتێکی هەبوو ڕاستەوخۆ گوێبیستی سەرۆک وەزیر بێت و گوێبیستی لێدوانەکانی بێت لەکۆنگرێس. ئێمەش بە پەرۆشەوەین بۆ هەر دەرفەتێک کە هەمان بێت بەوەی ئەمڕۆشەوە تاوەکو دانیشین و تاوتوێی ئەم پرسانە بکەین لەگەڵ سەرۆک وەزیردا لە دانیشتنێکی تایبەتدا. هەروەها باوەڕمان وایە گرنگە سەرۆک وەزیر ڕاستەوخۆ گوێبیستی خێزانەکانی بارمتە ئەمەریکاییەکان بێت و لە ناخۆشییان تێبگات، لە ترسییان و لە ئارەزوویان بۆ گەڕاندنەوەی خۆشەویستانییان بۆ ماڵەوە تێبگات."

وتیشی گەلی ئیسڕائیلیش دەیانەوێت بارمتەکانییان بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە. دەیانەوێت خۆشەویستانییان بگەڕێنەوە. هەوڵ دەدەین سەنگمان بەردەوام لەسەر هەوڵەکانمان بێت بۆ گەیشتن بە هێڵی کۆتایی.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێوان جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامڵا هەریس و نەتانیاهو و ئەوەی کە ئایا هەریس کە ڕەنگە ببێتە بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی، پەیڕەویی هەمان ئاڕاستەی سیاسەتی بەڕێوبەرایەتییەکە دەکات لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کێربی وتی " من ناتوانم باس لە داهاتوو بکەم. ئەو پرسیارانە دەبێت لە جێگری سەرۆک بکرێت. چونکە ئەوەی دەتوانم بەبێ هیچ گومانێک پێتان بڵێم ئەوەیە کە جێگری سەرۆک بە تەواوەتی هاوبەش بووە لەو سیاسەتانەدا کە ئەم بەڕێوبەرایەتییە ڕوونی کردوونەتەوە یاخود گرنگن بۆ ئێمە لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگەکەی ناو غەززە، هەروەها هاوبەشێکی تەواو بووە لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ هاوتا ئیسڕائیلییەکاندا. هەروەها بەشدار بووە لە سەرجەم گفتوگۆکانی سەرۆکدا لەگەڵ سەرۆک وەزیر نەتانیاهو."

سەبارەت بە تورکیاش کاتێک پرسیاری لێکرا دەربارەی چاوپێککەوتنێکی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ماوەی لوتکەکەی ناتۆدا کاتێک وتی ئەو ئاڕاستەیەی ڕۆژئاوا گرتوویەتییەبەر بۆ جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا بەنزین کردنە بە ئاگری جەنگەکەدا لە جیاتی ئەوەی خستنەوەی ئاشتی بێت، کێربی وتی " هەموو ئەو شتانەی کە سەرۆک بایدن ئەنجامیداون لە دوای دەستپێکردنی ئەم دوژمنکارییە نایاساییەی ڕووسیاوە بۆ ئەوە بووە بەڕێز زێلێنسکی و ئۆکرانییاییەکان بخاتە باشترین پێگەوە، پێگەی هێزەوە، بۆ ئەوەی کەی ویستییان گفتوگۆ بکەن دەتوانن بیکەن، بەوەی کە دەزانن ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیرییان لێدەکات. هەموومان دەمانەوێت ببینین ئەم جەنگە کۆتایی بێت. جەنگەکە دەکرێت سبەینێ تەواو ببێت ئەگەر پوتن شتە ڕاستەکە بکات و هێزەکانی لە ئۆکرانیا بکشێنێتەوە. ئەو بوو ئۆکرانیای داگیر کرد. ئۆکرانیا مەترسی نەبووە لەسەر هیچ وڵاتێک. لەبەر ئەوە داوای لێبووردن ناکەین لەسەر ئەوەی هەوڵی چیمان داوە بۆ ئەوانی بکەین. ئەوان داگیرکراون. ئەوانن لە ماوەی دوو ساڵ زیاتری ڕابردوودا لەلایەن سیستمی ڕووسیایی و هێزەکانی ڕووسیاوە دەکوژرێن. ئەوانیش بڕیار دەدەن ئەگەر ئەم جەنگە کۆتایی بێت یان کەی کۆتایی دێت و چۆنیش دەبێت."

لەپێوەندی لەگەڵ لێدوانەکەی نەتانیاهۆ سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و بریکارەکانی و هەروەها چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەو دیپلۆماتکارە باڵایەی کۆشکی سپی وتی " ڕوونە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل نیگەرانییەکی هاوبەشیان هەیە سەبارەت بە چالاکییە ناسەقامگیرکەرەکانی ئێران."

کێربی گوتی ئەو ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ حزبوڵا، حەماس و حوسییەکان نموونەی هاوکاری هاوبەشی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیلە لە دژی چالاکییە ناسەقامگیرکەرەکانی حکوومەتی ئێران و گرووپە بە وەکالەتەکانی."

گوتیشی "جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە میانی کۆبوونەوەی بەردەوامیان لە کۆشکی سپی، پابەندبوونی ئاسنینی ئەمەریکایان بە ئاسایشی ئیسرائیل دووپاتکردووەتەوە و تاوتوێی مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشە زۆر جیددییەکانی کۆماری ئیسلامی و هێزەکانی سەر بەو وڵاتە لە تەواوی ناوچەکە دەکەن."

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG