Accessibility links

سوید و دانیمارک هەوڵی کەمکردنەوەی گرژییەکان دەدەن لە کاتێکدا سوتاندنی قورئان لە وڵاتەکانیاندا بەردەوامە


وەزیری دەرەوەی دانیمارک لارس لۆکێ ڕاسموسن
وەزیری دەرەوەی دانیمارک لارس لۆکێ ڕاسموسن

لە کاتێکدا کە حکومەتەکانی سوید و دانیمارک ڕایانگەیاند هەوڵ دەدەن ڕێگەیەک بدۆزنەوە بە شێوەیەکی یاسایی ڕێگری لە سوتاندنی قورئان بگرن، تاوەکو گرژییەکان لەگەڵ چەند وڵاتێکی موسوڵماندا کەم بکەنەوە، ڕۆژی دووشەممە لە خۆپیشاندانەکانی دوو وڵاتەکەدا قورئانی زیاتر سوتێندرا.

لەم چەند هەفتانەی دواییدا سوتاندن یاخود زیانگەیاندن بە قورئان لە دانیمارک و سوید بووەتە هۆی توڕەبوونی موسوڵمانانی جیهان و حکومەتەکانی دوو وڵاتەکەی نیگەران کردووە. وڵاتانی ئیسلامی داوا لە دوو وڵاتەکە دەکەن سوتاندنی قورئان لە وڵاتەکانییاندا ڕابگرن.

ڕۆژی یەکشەممە دانیمارک ڕایگەیاند بە شوێن دۆزینەوەی " ئامڕازێکی یاساییدایە " کە دەسەڵات دەداتە بەرپرسانی پەیوەندیدار ڕێگری لە سوتاندنی قورئان بکەن لە بەردەم باڵیۆزخانەکانی وڵاتانی دیکەدا لە دانیمارک.

وەزیری دەرەوەی دانیمارک لارس لۆکێ ڕاسموسن دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی سیاسەتی دەرەوەی پەرلەماندا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەو ڕاستییەی کە ئێمە چ لە دانیمارک و چ لە دەرەوەی وڵات ئاماژەی پێدەدەین ئەوەیە کە کار لەسەر ئەمە دەکەین، هیوادارین یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە."

ڕاسموسن وتی " ئەوە لەبەر ئەوە نیە کە هەست بە فشار دەکەین و لەبەر ئەوە ئەو کارە بکەین، بەڵکو ئەوە شیکاری سیاسی ئێمەیە کە لە بەرژەوەندی هەمووماندایە. " وتیشی " نابێت تەنها دابنیشین و چاوەڕێی ئەمە بکەین بتەقێتەوە. "

تەنانەت بەو شێوەیەش ڕۆژی دووشەممە سووتانی قورئان لە هەردوو وڵات ڕوویدا. لە ستۆکهۆڵم، پەنابەرێکی عێراقی کە لە پشت چەند خۆپیشاندانێکی دیکەوە بووە لە هەفتەکانی ڕابردوودا، دەرکەوت کە کۆپییەکی قورئان لە دەرەوەی پەرلەمانی سوید دەسوتێنێت. لە دانیمارکیش خۆپیشاندەرانی دژ بە موسڵمانان لە دەرەوەی باڵیۆزخانەی سعودیە لە کۆپنهاگن قورئانیان سووتاند.

سوید و دانیمارک سووتاندنی قورئانییان سەرکۆنە کردووە بەڵام بەپێی یاساکانی پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین ناتوانن ڕێگری لێبکەن.

بەڵام ئێستا هەردوو حکومەت ڕایانگەیاندووە کە بیر لە گۆڕانکاری یاسایی دەکەنەوە بە شێوەیەک ڕێگە بە دەسەڵاتداران بدات ڕێگری لە سووتاندنی زیاتری قورئان بگرن لە بارودۆخی تایبەتدا.

حکومەتی سوید لەم مانگەدا ڕایگەیاند بەدواداچوون بۆ چارەسەرێکی هاوشێوە دەکات، بەڵام لایەنە ڕاستڕەوەکانی هەردوو وڵات ئەو دەستپێشخەرییانەیان سەرکۆنە کردووە و هەندێک دەڵێن ناکرێت سازش لەسەر ئازادی ڕادەربڕین بکرێت.

سەرچاوە / ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG