Accessibility links

مەسرور بارزانی لەسەر دواکەوتنی مووچە: هیوادارم خەڵکەکە پرسیارەکانی ئاڕاستەی حکومەتی فیدڕاڵ بکات


سەرۆک وەزیری هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی
سەرۆک وەزیری هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی

سەرۆک وەزیری هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە دواکەوتنی مووچە جەخت دەکاتەوە لەوەی حکومەتی هەرێم "هەموو پابەندییەکانی" بەرامبەر بە حکومەتی عێراق جێبەجێ کردووە و دەڵێت پرسیاری هۆکاری دواکەوتنی مووچەی مانگی چواری کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان پێویستە لە حکومەتی عیراق بکرێت.

مەسرور بارزانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە وەڵامی ڕۆژنامەنووساندا ڕایگەیاند، "تاوەکو ئێستا ئێمە چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی بەغداد دەکەین بۆ ناردنی مووچەی مانگی چوار و هیوادارین مووچەی مانگی پێنجیش بە زووترین کات بنێردرێت."

وتیشی " ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانە وەکو ئەرک هەموومان جێبەجێ کردووە، هەرچی داواکاری حکومەتی فیدڕاڵی هەبووە لەوەی کە هەرێم جێبەجێی بکات بۆ ئەوەی نەبێت بە کێشە بۆ ناردنی مووچەی خەڵکی کوردستان ئێمە جێبەجێمان کردوون. ئەوەی دەمێنێتەوە پەیوەستە بە خودی حکومەتی فیدڕاڵەوە کە بۆچی ئەم دواخستنە دەکرێت، هیوادارم ئەو کاتە خەڵکەکە پرسیارەکانی ئاڕاستەی حکومەتی فیدڕاڵی بکات."

سەبارەت بە بانکیکردنی پێدانی مووچەش وتی پڕۆسەکە "هیچ کێشەیەکی تێدا نیە" و تاوەکو ئێستا نزیکەی 400 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان ناونووس کراون بۆ ئەوەی بە ڕێگەی بانکییەوە بتوانن مووچەکانییان وەربگرن.

وتیشی، "ئەوەی کە حکومەتی هەرێم دەستیپێکردووە دروستکردنی توانای ئابوورییە بۆ هاووڵاتییان، پێدانی هێزی ئابوورییە بە هاووڵاتییان، وە هەر کەسێک دژی تەوتین هەر شتێک بڵێت دژی ئەوەیە کە هاووڵاتی خاوەنی بڕیاری خۆی بێت، خاوەنی هەژماری خۆی بێت، خاوەنی بڕیاری ئابووری خۆی بێت، بۆیە ئەوەی حکومەت کردوویەتی تەنها و تەنها لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا بووە."

لێدوانەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای بەشداریکردنی هات لە سیمپۆزیەمی نێودەوڵەتیی وشکەساڵی و کاریگەری گۆڕانکاری کەشوهەوا لەسەر دۆخی سیاسی و ئابوری و دیموگرافیا لە عێراق کە ئەمڕۆ 12ی پێنج لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

لە سیمپۆزیەمەکەدا مەسرور بارزانی ڕایگەیاند بابەتی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا "کێشەیەکی تێکهەڵکێشە" و پێویستی بە ڕێگای جیاواز هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی.

سەرۆکوەزیران جەختیکردەوە لەوەی برەودان بە هۆشیاری ژینگەیی لە ناو هاوڵاتیاندا "گرنگترین" کاری بەرەنگاربوونەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی ژینگە دەبێت لە چەند ساڵی داهاتوودا.

XS
SM
MD
LG