رۆژێکی دوور و درێژ لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی بۆ بڕیاردان لەسەر کارا کردنەوەی پەرلەمان بێ هیچ لێدوانێک بۆ میدیاکان بەڕیوەچوو. بەڵام دەنگی ئەمریکا ئەم وتوێژەی لەگەڵ ئهندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی سەعدی ئەحمەد پیرە سازداوە.
سەعدی پیرە لە وتووێژ لەگەڵ دەنگی ئەمریکا نەیویست باسی ئاکامی کۆبوونەوەکە بکات، بە وتەی خۆی قازانج بە پرۆسەکە ناگەیەنێت، وتیشی "کۆمیتەی سەرکردایەتی هەموو گفتوگۆکان یەکلایی دەکاتەوە".
پێشتر یەکێتی نیشتیمانی و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ کارا کردنەوەی پەرلەمان لە کۆبوونەوەدا بوون ، بەڵام دەرگایەکی نوێی بە رووی ئەو پرسەدا نەکرایەوە، وادەردەکەوێت یەکێتی بیەوێت بڕیاری یەکلایی کەرەوەی خۆی بدات.
بە پێی هەندێ زانیاری تایبەت کۆبوونەوەکەی یەکێتی بە شیوەیەک بووە کە هێشتا هەندێ لە مەکتەبی سیاسی لەگەڵ ئەوەدا نین بێ بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵ پەرلەمان کارا بکرێتەوە، ئەوەش لە ترسی جەماوەرەکەیان و کاریگەریی نەرێنی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو. بەلام راکەی تر دەنگیان زیاترە، یەکێتی چاوەڕوانی کۆبوونەوەی کۆمیتەی سەرکردایەتییە کە ئەو پرسە یەکلا بکاتەوە. لەو بارەیەوە سەعدی پیرە دەڵێت " لەبەر کەس ناچین بۆ پەرلەمان و لە رقی کەسیش ناچین، پەرلەمان پەرلەمانی کوردستانە، ئێمە بەشدارین لە حکومەت و لە پرۆسەیەکی دیموکراسی و ژمارەیەک کورسیمان بەدەست هێناوە، پێشتر داخوازی هەموو لایەک ئەوە بووە کە پەرلەمان کارا بکرێتەوە بە بێ بوونی هیچ مەرجێکی پێشوەخت."
سەبارەت بە گرنگی کاراکردنەوەی پەرلەمان بەر لەوادەی ریفراندۆم پیرە دەڵێت "ئەگەر ریفراندۆم بڕیارێکی سیاسی بێت، پشتیوانی پەرلەمان گوڕو هێزێکی زیاتری دەداتێ."