لەکاتێکدا کە قەیرانە ئابوری و سیاسییەکان دەگەنە دۆخێکی ترسناک؛ ئیتر هەنگاوە کردارییەکان بۆ چاکسازیی دەبێت تێکڕا ببنە بەرهەمهێنەری گەڵاڵەکردنی پرۆژەی چاکسازی و دۆزینەوەی جومگە هەستیار و گرنگەکانی گەندەڵی و سەرگەردانی سیاسی و ئابوری. بەڵام کاتێک تێڕوانین و لێدوانە سیاسییەکان لەنێوان قوربانی و تاوانباردا تێکەڵدەکرێت، کاتێک هەموان باس لەچاکسازی دەکەن لەهەرێمی کوردستاندا و بەڵام قەیرانەکان و خراپی و ناهەمواری بژێوی ژیانی خەڵک بەردەوامە. بەڕای شارەزایان شرۆڤەکاری و دۆزینەوەی جومگە هەستیارەکانی قەیرانەکان رەنگە دەروازەیەکی کرداریی بێت بۆ سازکردنی چاکسازییەکی راستەقینە.
ئاسۆ جەبار بۆ ئەو مەبەستە و چەند تەوەرێکی گرنگ وتووێژێکی لەگەڵ رۆژنامەوان و چالاکوان نیاز عەبدوڵادا بۆ دەنگی ئەمریکا سازکردووە.....
نیاز دەڵێت "هەر ئەو حکومڕانیانەی پێشوو؛ بەرهەمی گەندەڵیان بەدرێژایی ساڵانی رابردوو بەشێوەی جۆراوجۆر وەبەرهەمهێناوەتەوە. تا ئەو رادەیەی کە ئەم گەندەڵییە بەجۆرێک بەکاربهێنن بتوانن بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لەدەسەڵات و لەجومگەکانی حکومڕانیدا بمێننەوە."
سەبارەت بە گەندەڵی و حکومڕانیش نیاز عەبدوڵا دەڵێت "گەندەڵی بە ئەندازەیەکی زۆر رێکخراو و سیستماتیزە کراوە......." هاوکات "خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات چۆتە هەموو بوارەکانەوە."
دەرئەنجام نیاز دەڵێت ئەم جۆرە لە حکومڕانی "ئێمەی خستۆتە بەردەم داهاتوویەکی نادیار و مەترسیدار. ئەویش بونیادنانی حکومڕانی نادیموکرات و دیکتاتۆرە و تەنانەت فاشیزمە."
دەشڵێت "ئەم حکومڕانییە کە تا ئێستا بەمجۆرە بەرهەمهاتووە، بەرهەمی ئەوەیە خەڵک ترسێنراوەو کراونەتە قوربانی و شەڕی ناوخۆ ئەنجامدراوە."
هاوکات دەڵێت "فشاری رژد هەبووە لەلایەن رۆژنامەوانان و چالاکوانانی مەدەنی و خەڵکی ئاشتیخوازەوە."
سەبارەت بە پەکخستنی پەرلەمانیش نیاز دەڵێت "پێویسە پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر پەکخستنی پەرلەمان سزا بدرێن و رووبەڕووی لێپرسینەوەی راستەوخۆ بکرێنەوە. کەچی جارێکی تر تەواوی حیزب و لایەنە سیاسییەکان چاویان بڕیوەتە دەستی هێزێک کە ستەم دەکات."
سەبارەت بە ریفراندۆ نیاز عەبدوڵا رایەکی جیاوازی هەیە و دەڵێت "زۆر ئاسانە بەهۆی ریفراندۆمەوە تانکەکانی تورکیا و ئێران کە ئێستا لەناو کوردستاندان؛ لەبری ئەوەی لەناوچە سنورییەکان بمێننەوە، بێنە ناو جەرگەی هەرێمی کوردستانەوەو لە کەرکوک و هەولێر و سلێمانی ئەم تانکانەی تورکیاو ئێران ببینین."