لە هەرێمی کوردستان هێشتا بڕیارە گشتپرسی لە سەرتاسەری هەرێمەکە لە 25 ئەیلولدا بەڕێوە بچێت، سەرەڕای نارەزایەتی وڵاتانی دەرەوەو ولاتانی هاوسێش، لیژنەی باڵای ریفراندۆم سوورە لەو وادەیەی دیاری کردووە، راپرسی بەرێوەبچێت.
یاسین تەها وەک نوسەر و رۆژنامەوان لە شاری سلێمانی لای وایە هیچ ئاماژەیەک لە ئارادا نییە بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیە دووا بخرێت، سەرەرای زۆربوونی فشارەکان، دەشڵێت "خواستی جیابوونەوەو سەرخۆبوون، بووەتە خواستێکی گشتگیری جیهانی هەر لە ئەوروپا و وڵاتانی ناوچەکە.کوردیش لەم بەشە دەکەوێتە هەمان بازنەوە، وڵاتان بەگشتی بە پێی بەرژەوەندی خۆیان لەو پرسەش دەڕوانن، تادێت وادەکە نزیک دەبێتەوەو لەگەڵ ئەوەشدا فشارەکان زیاتر دەبن، وڵاتانی هاوسێ لەو کێشەیە گرنگن، چونکە تا ئێستا لەسەر ئاستی لێدوواندا دژی ریفراندۆمن، ئەگەر هەڕەشەکانیان نە بێتە هەڕەشەی گرتنە بەری فشاری ئابووری کە کورد بەرگەی هیچ ناگرێت."