سەرباری ئاهەنگێڕانی هەوادارانی بەڵێ بۆ ریفراندۆم لەهەرێمی کوردستاندا، هاوکاتی پەسەندکردن و بڕیاردان لەسەر ریفراندۆم لەکاتی خۆیدا، بەڵام هەڕەشەو هەڵوێستە جیاوازەکان لەسەر ئەم پرسە لەلایەن کوتلە جیاجیاکانی پەرلەمان و هەندێک سرودخوێن و وتارخوێنی مزگەوتی شیعە مەزهەبەکان تێکڕا بارگرژی و توندبوونەوەیەکی بێ وێنەی بەخۆوە بینیوە، هەر لە پرسی مەندەلییەوە تا لابردنی پارێزگاری کەرکوک و کۆکردنەوەی واژۆ بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک تێکڕا زەنگێکن کە بەڕای چاودێران دەبێت زیاتر سەنگیان بخرێتەسەر.
ئاسۆ جەبار بۆ دەنگی ئەمریکا وتووێژێکی لەوبارەیەوە لەگەڵ ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی کۆمەڵی ئیسلامی زانا رۆستایی سازکردووە...
زانا رۆستایی دەڵێت "بەو کوتلانەی پەرلەمانی عێراق کە بە ئەندازەیەک میانڕەون پێمانوتن کە ئەوە هەڵوێستێکی خراپبوو، پێویستە پاشگەزببنەوە."
دەشڵێت "کشانەوەو مانەوەمان لەبەغدا پەیوەستە بەبڕیاری سەرکردایەتی حیزبەکانی هەرێمی کوردستان."
سەبارەت بە کۆمەڵێک هەڕەشەو هەڵوێستی توند بەرامبەر بە پرسی ریفراندۆم،زانا رۆستایی دەڵێت "کۆمەڵێک وتاربێژی مزگەوتەکانی شیعە وتاری زۆر توندیان داوە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان."
دەشڵێت "تەنانەت هەندێکیشیان ئەو سرودە ئاینیانەی کە لەمەراسیمە شیعەکاندا بەکاردەهێنرێن، سرودی ئاینی وایان داناوە لەدژی کوردو هەرێمی کوردستان، ئەمە پەرەپێدانی گوتاری رق و کینەیە بەرامبەر پێکهاتەکان و نەتەوەکانی تر. "