Accessibility links

زانیاری ورد لەبارەی هەوڵەکانی هەرێم و بەغدا بۆ ڕێککەوتن


وەفدێکی هەرێمی کوردستان بۆ گفتووگرکردن لە بارەی پشکە بودجەی هەرێم لە بەغدایە، بەدوور نازانرێت، گفتووگۆی نێوان وەفدەکە و بەرپرسانی عێراق بەنێوەنگیری سەرۆک کۆمار، ناردنی بڕێک پارەی بۆ هەرێم بەدواوە بێت، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت ڕێککەوتنی یەکلایی کەرەوەی لێبکەوێتەوە.

وەفدەکەی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە سەرپەرشتی دەکرێت، تا ئێستا لەگەڵ چەندین بەرپرسی باڵای عێراق دا کۆبوونەتەوە، بەڵام بەرپرسانی عێراق، ئامادەی چوونە ژێر باری هەموو ئەوا خواستانە نین، کە هەرێم پێشنیاری بۆ کردوون.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، هەوڵی وەفدەکەی هەرێم بە نێوەنگیری سەرۆک کۆمار، بەو ئاراستەیە، کە ڕێککەوتن لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی 2021 ی عێراق بکرێت و عێراقیش 320 ملیار دینار لەم قۆناغەدا بداتە هەرێم.

هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"وەفدەکەی هەرێم، هەوڵی وەرگرتنی 320 ملیار و دۆزینەوەیەکی سیغەیەکی هاوبەش بۆ بودجەی ساڵی 2021 دەدات."

وتیشی"ناردنی 320 ملیار گریمانەیەکی چاوەڕوانکراوە، بەڵام ڕێککەوتنی دوور مەودا و ڕیشەیی ئەستەمە."

تا ئێستا پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق نەکراوە، هۆکاری دواخستنیشی پەیوەندی بە ناکۆکیەکانی نێوان هەرێم و بەغداوە هەیە، کە هەوڵ دەدرێت پێش ناردنی پرۆژەکە، ڕێککەوتنی سیاسی بکرێت، بەتایبەت بەشێک لەبەرپرسانی عێراق، ناردنی پرۆژەی بودجەیان بێ ڕێککەوتنی سیاسی، بە فڕێدانی تۆپێک ئاگر بۆ نێو پەرلەمان ناوبردووە.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە بەغداوە کە داوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"وەفدی هەرێم دەیەوێت 320 ملیار وەربگرێت، پشکی هەرێمیش لە بودجەی 2021 دا دیاری بکرێت، بەڵام بەغدا ڕەتیکردووەتەوە، بێ ڕێککەوتن، پارە بدات، بەو پێیەی پەرلەمانی عێراق بە یاسا ڕێگری لێکردووە."

بە وتەی سەرچاوەکە، وەفدی هەرێم نەرمی زۆری نواندووە، بەغداش بەگومانە لەوەی کە هەرێم دوای هەر ڕێککەوتنێک، پاساو بۆ پابەند نەبوون بە ڕێککەوتن دەدۆزێتەوە.

بۆچوونێک لای بەرپرسانی هەرێم هەیە، کە لە بودجەی 2021 دا پشکی هەرێم دیاری بکرێت، مانگانە پارەی 250 هەزار بەرمیل نەوتی لێ ببڕێت و چی ماوە پێیبدرێت، یاخود هەرێم لەبری ڕادەستکردنی نەوت، مانگانە پارەی 250 هەزار بەرمیل نەوت بداتە عێراق.

سەرچاوەکە، وتی"بەغدا پارەی ناوێت، نەوتی دەوێت ڕادەستی بکرێت، چونکە عێراق بەراورد بەهەرێم نەوت گرانتر دەفرۆشێت، ئینجا تێچووی نەوتی هەرێم گرانترە لە تێچووی نەوتی عێراق، هەرێمیش ئامادە نیە نەوت بدات."

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، وەزیری دارایی عێراق بە ژمارەیەک پەرلەمانتاری کوردی ڕاگەیاندووە، تائێستا پارەی بۆ هەرێم ناردووە، لەسەر داوای کازمی بووە و یاسا شکێنی کردووە، بەڵام چیتر یاسا شکێنی ناکات، هەروەک ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش، جەختیانکردووەتەوە، لەپێناو هەرێم، شەقامی عێراقی لە خۆیان توڕەتر ناکەن و ماڵەکانیان بەسوتان نادەن.

هۆشیار عەبدوڵا، ڕوونیکردەوە بەهۆی هەڵەی ستراتیژی هەرێم لەسیاسەتی نەوتی دا، دەستی هەرێم کەلەبچەکراوە و ناتوانێت ڕێککەوتنی دوور مەودا لەگەڵ عێراق بکات.

لەنێو بەرپرسانی عێراقدا، ئاراستەیەک دروستبووە، کە دۆسیەی نەوت لە هەرێم بسەنرێتەوە و عێراق خۆی قەرزی کۆمپانیا نەوتیەکان بداتەوە، بەڵام هەم ئەم ئاراستەیە لاوازە، پێناچێت هەرێمیش بەمە ڕازی بێت، کە بەتەواوەتی دۆسیەی نەوتی لە دەست دەربهێنرێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:05 0:00


XS
SM
MD
LG