Accessibility links

کەریم شکور: بەیانی 16 ی ئۆکتۆبەر بۆ شکاندنی گەمارۆی هێزە عێراقیەکان، چاوەڕێمانکرد نیوەی هێزەکانمان لەدەستبدەین


4 ساڵ بەسەر 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 دا تێدەپەڕێت، کورد، کەرکوک و زۆربەی ناوچە کێشەلەسەرەکانی لەماوەیەکی کەمدا لەدەستدا و هێزە عێراقیەکان ئەو ناوچانەیان کۆنترۆڵکرد، بەڵام هێشتا یەکێتی و پارتی قۆناغی یەکتری تۆمەتبارکردنیان تێنەپەڕاندووە. پارتی، یەکێتی بە"خیانەت" و یەکێتیش، پارتی بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و هۆکاری لەدەستدانی ئەو ناوچانە تۆمەتبار دەکات.

شەوی 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ، کورد لە قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین، زۆرترین قوربانی هەبوو، بەشێوەیەک سەدان ماڵ تەقێنرانەوە، ژمارەیەک پێشمەرگە گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکیش دەستگیرکران، هێزێکی زۆریش بەشەڕ لە قەزاکە گەمارۆیان شکاند و قوتاریان بوو.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، کەریم شکور بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی، کە شەوی 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 لەگەڵ هێزێکدا لەناو قەزای خورماتوودا بوو، گەمارۆدرابوو، بەڵام دواتر گەمارۆکەیان شکاندووە و دەربازیان بووە، دەڵێت"پێش 16 ی ئۆکتۆبەر داوامانکرد ڕیفراندۆم لەکەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان نەکرێت، چونکە بەردەوام ئاڵۆزیان تێدابوو، کە ڕیفراندۆم کرا، وەزعەکان خراپتربوون."

وتیشی"ڕیفراندۆمیش نەکرایە، هەر توشی کێشە دەبووین، بەڵام لەوانەیە بەجۆرێکی تر، نەک بەو شێوەی کەبەسەرمان هات."

شەوی 16 ی ئۆکتۆبەر، هێزەکانی پێشمەرگە لەکەرکوک و خورماتو و ناوچەکانی تر کشانەوە، لەکاتێکدا هێشتا بەشێک لە هێزە کوردیەکان مابوونەوە و ئاگاداری دۆخەکە نەبوون، لەو بارەیەوە کەریم شکور دەڵێت"کاتێک لەناو خورماتوودا بووم، لەگەڵ برادەرانی کەرکوک قسەم کرد، وتیان کەرکوکمان لەدەستداوە، بۆیە عیلاجی خۆتان بکەن لەخورماتوو، بەڵام ئێمە تا کاتژمێر 7 ی بەیانی لەخورماتوو گەمارۆ درابووین، دواتر بە زەحمەت دەرچووین."

جەختیشیکردەوە"کاتێک بڕیاری کشانەوەیان لەخورماتوو داوە، دەبووایە بە جادەی عامدا و دوو کیلۆمەتر بەنێو هێزی بەرامبەردا بکشێنەوە، بۆیە پێشبینیان کردووە 50% هێزەکانیان لەناو بچن، بەڵام سەرباری شەهیدبوون و دەستگیرکردنی ژمارەیەکیان، قوربانیەکان لەوە کەمتربوون، کە پێشبینیان کردبوو."

هێرشی هێزە عێراقیەکان لە 16 ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر هێزە کوردیەکانی خورماتوو جیاوازبوو، چەکی جیاواز و قورستریان بەکاردەهێنا، هۆکاری ئەمەش بۆ هاوکاری کردنیان لەلایەن هێزە هەرێمیەکانەوە گێڕدرایەوە، بەڵام کەریم شکور وتی"ناتوانم بڵێم خەڵکی تریان لەگەڵ بوو، بەڵام بەراورد بەشەڕەکانی تر، ئەو هاوەن و چەکانەی شەوی 16 ی ئۆکتۆبەر بەرامبەرمان بەکارهێنرا، جیاوازبوو، هەم چەکەکان قورستربوون، هەم ئامانجەکانیشیان بەوردی دەپێکا."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، کەریم شکور بەرپرسی مەڵبەندی حەمرین ی یەکێتی، زیاتر لە سەر شەڕەکانی شەوی 16 ی ئۆکتۆبەر دواو وتی"جگە لەو چەکە قورسانەی بەکاریان دەهێنا، ئامانجەکانیان دەقیق بوو، چەکەکانیشیان کاریگەربوو، تەنها ئەو شەوە، 25 هاوەنیان خستە نێو مەڵبەندەوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:38 0:00


XS
SM
MD
LG