چیا قادری کە بۆ ماوەی ١٢ ساڵان لە نۆڕوێژ ژیاوە، هێشتا بە فەرمی وەک پەناخواز وەرنەگیراوە.
لە وتووێژێک لە گەڵ دەنگی ئەمەریکادا، کاک چیا دەڵێت، ئەو لە دەمێکدا لە دایک بووە کە بنەماڵەکەی لە کوردستانی عێراق بوون و بە ڕەچەڵەک خەڵکی کوردستانی ئێرانن.
دوای ئەوەی بابی کە پێشمەرگە بوو و لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەکوژرێت، کاتێک تەمەنی ژیر هەژدە ساڵ بووە، پەنای بۆ نۆڕوێژ بردووە.
ئێستا پولیس گوشاری بۆ هێناوە کە یان دەچێتە باڵیۆزخانەی ئێران کە پێناسەی ئێرانی وەربگرێت، یان ڕادەستی ئێرانی دەکەنەوە.
بەڵام ئەو دەڵێت، مادامێک بابی بە دەستی کۆماری ئیسلامی کۆژراوە، ئامادە نابێت بچێتە باڵیۆزخانەی ئێران بۆ ئەوەی داوای پێناسەی ئێرانی بکات.