Accessibility links

عه‌بدولستار مه‌جید:هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر (سۆران عومه‌ر) كاریگه‌ری نه‌رێنی ده‌بێت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان كۆمه‌ڵ و پارتی


عه‌بدولستار مه‌جید سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی-
عه‌بدولستار مه‌جید سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی-

عه‌بدولستار مه‌جید سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له ‌په‌رله‌مانی كوردستان، ده‌ڵێت "هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی (سۆران عومه‌ر) كاریگه‌ری نه‌رێنی ده‌بێت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی و پارتی دیموكراتی كوردستان. چونكه‌ ئەوەی زیاتر دەبێتە هۆکاری کاریگەری خراپ ئەوەیە بەرێز مەسرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ت ، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتە و ئەوەشی زیاتر خویندنەوەی بۆ دەکرێت ململانێ سیاسیە نەک ململانی نێوان حکومەت و پەرلەمانتارێک و ململانێ حزبیەکەش لە رابردوودا پێشینەی هەبووە. عەبدولستار مەجید ده‌شڵێت: " دژی هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندین له‌سه‌ر هه‌موو په‌رله‌مانتارێك چونكه‌ لابردنی پارێزبه‌ندی لە بارودۆخی ئێستای هەرێمدا زیاتر فشار و چاوسوركردنه‌وه‌یه‌ بۆ سه‌ر په‌رله‌مانتاران و بۆ كپكردنی ده‌نگی ئازادی لێ دەخوێنرێتەوە. عەبدولستار مەجید سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی کە ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامیشە "داوای لیژنه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی بڕیاردان بۆ ئه‌و كه‌یسه‌ ده‌كات، ئه‌و كاته‌ بە ئەنجامی بریاری ئەو کەێسە رازین جا با ئەوکات سزای لە سێدارەدانیش بو پەرلەمانتارەکه‌مان ده‌ربچێت "

"ده‌ویسترێت ئه‌م ده‌نگه‌ ئازادە كپ بكرێت،جا ئەوکاته‌ باشترە ئه‌و په‌رله‌مانه‌ش دابخرێت ، وه‌ك له‌وه‌ی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر په‌رله‌مانتاران هه‌ڵبگرێت"

له‌سه‌ره‌تای وتوێژه‌كه‌دا سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ڕایگه‌یاند" به‌ڕاستی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ لابردنی پارێزبه‌ندی نین له‌ په‌رله‌مانتار(سۆران عمر) ، له‌به‌رئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، به‌ تایبه‌تی ئۆپۆزیسیۆنی ده‌سه‌ڵات له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ڕێی دەگیرێت و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌موو جومگه ‌و كایه‌ گرنگ و سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی قۆرخكردووه‌،به ‌ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئابوری و سه‌ربازی و ئه‌منییه‌وه‌، جا گەر ئه‌گه‌ر شتێك مابێته‌وه‌ وه‌كو ده‌نگی ناڕازی، قسه‌یه‌كە ڕووبه‌ڕووی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بكرێته‌وه،‌له‌وه‌ی كه‌ گه‌نده‌ڵی ئیداری و سیاسی و ئابوری هه‌یه‌، به‌ڕاستی ده‌ویسترێت ئه‌مده‌نگه‌ش كپ بكرێت. بۆیه‌ ئامانجیان لەمەش ئەوەیە په‌رله‌مانتار ڕێگه‌ی لێ بگیرێت كه‌ قسه‌ی خۆی بكات. "

عه‌بدولستار مه‌جید ئه‌وه‌شی وت" به‌ڕای من ئه‌م په‌رله‌مانه‌دابخرێت باشتره‌، له‌وه‌ی كه‌ ئه‌م ڕێكارانه‌ی به‌رانبه‌ر په‌رله‌مانتاره‌كانی بگیرێته‌به‌ر، كه‌ ڕێگه‌ی قسه‌كردن و ده‌نگ هه‌ڵبڕینی لێ بگیرێت، له‌كاتێكدا په‌رله‌مان به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و چاودێریكردن و مه‌رجه‌عی سیاسییه‌."

"ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان بیه‌وێت هه‌ر پرۆژه‌ یاسایه‌ك بكات به‌ یاسا و ده‌ریبچێنێت، به ‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ڕه‌هه‌ندێكی دارایی هه‌بێت، تا پرس به‌ حكومه‌ت نه‌كات ناتوانێت یاسا ده‌ربكات "

سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌شڵێت" ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان یاسا داده‌نێت، بابزانین چه‌ند یاسای داناوه؟‌ نزیكه‌ی ساڵێك وشه‌ش مانگه‌ په‌رله‌مان ده‌ست به‌كاربووه‌. ئایا ئه‌مه‌ یاسا دانانه‌؟! بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر بیه‌وێت هه‌ر یاسایەک ده‌ریبچێنێت، به ‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ڕه‌هه‌ندێكی دارایی هه‌بێت، تا پرس به‌ حكومه‌ت نه‌كات ناتوانێت یاسا ده‌ربكات. دووه‌م ئایا په‌رله‌مانی كوردستان توانیویه‌تی چاودێرێكی چاونه‌ترس بێت به ‌سه‌رحكومه‌ت و داموده‌زگاكانییه‌وه؟‌ بارودۆخی ئابوری وڵات و پێدانی موچەی فەرمانبەران زۆر روونە و کارنامەی کابینەی نۆیەمیشمان بینی چی بوو ئایا پەرلەمان توانیویه‌تی سه‌رۆكی حكومه‌ت بانگهێشتی بكات و لە سەر هیچ نا کارنامەکەی لێ بپرسێتەوە؟ با پەرلەمان سەرۆکی حکومەت بانگهێشت بکات و لە سەر ئەو هه‌موو قه‌یرانانه‌ لێ بکۆڵنەوە . ئایا پەرلەمان توانیویه‌تی لێپرسینه‌وه‌ له‌ وه‌زیرێك بكات؟"

عه‌بدولستار مه‌جید ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد "به‌ درێژایی تەمەنی ئه‌م په‌رله‌مانی كوردستانه،‌ كه‌ ئه‌وه‌ خولی پێنجه‌مه‌، تا ئێستا نه‌توانراوه‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌ وه‌زیرێك بكات و متمانه‌ی لێوه‌ربگیرێته‌وه‌. بەڵام لەم سایە ئەم حکومڕانیە حزبیە پێچه‌وانه‌ بۆته‌وه‌، ئێستا حكومه‌ت په‌رله‌مان موحاسه‌به‌ ده‌كات! "

"پێموایه‌ (داواكاری گشتی)یش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ به‌كارهێنراوه‌ "

دوێنێ مونا قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ وتووێژێكی ده‌نگی ئه‌مریكا له ‌باره‌ی هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر په‌رله‌ماتتاران ڕایگه‌یاند "هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر په‌رله‌مانتار جێبه‌جێكردنی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانه،‌ بۆ ڕێزگرتنه‌ له ‌یاسا، چونكه‌ له‌لایه‌ن داواكاری گشتییه‌وه‌ ئه‌م داواكارییه‌ هاتۆته‌ لای ئێمه‌، و‌ یاساش له‌ پارێزبه‌ندی گه‌وره‌تره‌ و یاسا له ‌سه‌رووی هه‌موومانه‌. ئێمه‌ وه‌ك په‌رله‌مان په‌یڕه‌وی ناوخۆ جێبه‌جێده‌كه‌ین."

به‌ڵام عه‌بدولستار مه‌جید ده‌ڵێت: "من پێموایه‌ داواكاریگشتی- یش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ به‌كارهێنراوه‌. به‌كورتی ئامانجه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌ستو پێی په‌رله‌مان ببه‌ستنه‌وه،‌ ده‌می په‌رله‌مانتاریش ببه‌ستن، كه‌ نه‌توانێت ڕه‌خنه‌بگرێت و نه‌توانێت قسه‌ی خه‌ڵك بكات، به‌ بۆچوونی من له ‌حاڵێكی ئاوادا ده‌بوو له‌سه‌رداوای "جینائی" په‌رله‌مانتار پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر لابچێت نه‌ك له‌سه‌رداوایه‌كی مه‌ده‌نی، یان داوای ئیداری، كه‌ ڕه‌خنه‌یه‌كی له‌ حكومه‌ت و سه‌رۆكی حكومه‌ت و داموده‌زگای حكومه‌ت گرتووه‌."

" كه‌س ده‌زانێت نه‌وت چه‌ند ده‌فرۆشرێت و پاره‌كه‌ی چه‌نده‌ و نه‌وت به‌ قاچاغ و به‌دزیش ده‌برێت، ئایا كه‌س ده‌زانێت؟!" دوو ئیداره‌ییان له ‌ناو حكومه‌ته‌ زۆر زه‌قه‌ "


سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌باره‌ی قسه‌ی په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنه‌كه‌ی، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ سكاڵای له‌سه‌ر تۆماركراوه‌ ده‌ڵێت: "من پێموایه‌ ئه‌وه‌ ئاساییه‌ و ته‌شهیر-یش نیه‌، به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌م وڵاته‌دا ئه‌وه‌ پارتی و یه‌كێتی یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتییان پێكهێناوه‌، هه‌رچی سامان و سه‌روه‌تی ئه‌م وڵاته‌یه‌ به‌ده‌ست ئه‌وانه‌، هه‌رچی هێزی ئه‌منی و هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌ به ‌ده‌ست ئه‌وانه‌، بڕیاری سیاسی هه‌ر به‌ده‌ست ئه‌وانه‌ له‌ كاتێكدا نوسراوه‌ په‌رله‌مان به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌."

هه‌روه‌ها وتی" باشه‌ چه‌ند گه‌ڕی دانوستان و ڕێكه‌وتنی ژێر به‌ژێری له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ند كراوه؟‌، په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ر ئاگای لێ نه‌بووه‌! دواتر له‌ میدیاكان په‌رله‌مان بیستویه‌تی، كه‌ وه‌فدی دانوستانكاری حكومه‌ت له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ند چیكردووه‌. تا زۆر فشارمان كرد ئینجا هاتن له‌ په‌رله‌مان هه‌ندێ شتییان بۆ گێڕاینه‌وه،‌ كه‌ گوایه‌ ئه‌وانه‌ شتی تایبه‌تن و كۆبوونه‌وه‌كه‌ داخراو بێت و په‌خشی ڕاسته‌خۆ نه‌بێت. واته‌ په‌رله‌مان نه‌یتوانی مه‌رجه‌عی سیاسی بێت. بۆیه‌ كه‌ ئه‌و قۆرخكاریه‌ كراوه‌ له‌لایه‌ن ئه‌م دوو هێزه‌وه،‌ ڕوون و ئاشكرایه‌. ڕێگه‌ ناده‌ن، كه‌ خه‌ڵك بڵێت ئه‌مه‌ كارێكی نایاسایی یه‌ و نامه‌شروعه‌، پارتی و یه‌كێتی، كه‌ دوو ئیداره‌ییان له‌ناو حكومه‌تدا‌ زۆر زه‌قه‌! بێجگه‌ پارتی و یه‌كێتی، مه‌گه‌ر كه‌سێكی تر هه‌یه‌ كۆمپانیایه‌كی زه‌به‌لاحی به‌ده‌سته‌وه‌ بێت و قۆرخی بازرگانیه‌ گه‌وره‌كان بكات؟، ئه‌ی ئه‌و بانكانه‌ی كه‌ هه‌یه‌ هی كێن؟! چ شتێك هه‌یه‌ له‌ جومگه ‌و كایه‌ گرنگه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ له ‌ڕووی ئابوری و سیاسی و ئه‌منی و سه‌ربازییه‌وه‌ به‌ده‌ست ئه‌وان نه‌بێت؟! كێی تر شتی به‌ده‌ست بێجگه‌ له‌وان؟! خۆم ڕووبه‌ڕوو پێمووتن، كه‌ نه‌وت كێ ده‌یفرۆشێت، ئایا كه‌س ده‌زانێت نه‌وت چه‌ند ده‌فرۆشێت و پاره‌كه‌ی چه‌نده‌ و نه‌وت به‌ قاچاغ و به‌دزیش ده‌برێت ئایا كه‌س ده‌زانێت؟!"

"له‌گه‌ڵ هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی په‌رله‌مانتاره‌كانی تریش نیم "

سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ئه‌وه‌شی وت: "من له‌گه‌ڵ هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی په‌رله‌مانتاره‌كانی تریش نیم، نه‌ك به‌ته‌نها ئه‌وه‌ی (كاك سۆران عومه‌ر). ئێمه‌ ناڵێین با په‌رله‌مانتار نه‌چێته‌ به‌رده‌م دادگا، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین، كه‌ هه‌ر په‌رله‌مانتارێكی ئێمه،‌ كه‌ هه‌ر داوایه‌كی له‌سه‌ر بێت، پێویسته‌ به‌ڵگه‌ی خۆی پێشكه‌ش بكات و بیسه‌لمێنێت، ئه‌گه‌ر نه‌یسه‌لماند ئه‌وا با ئیجرائاتی یاسایی به‌رامبه‌ر بكرێت، به‌ڵام بۆچی پارێزبه‌ندی لێوه‌ربگیرێته‌وه‌؟!"

عه‌بدولستار مه‌جید وتیشی" په‌رله‌مانتار بۆ خۆی ده‌توانێت به‌ ئیختیاری خۆی بچێت بۆ به‌رده‌م یاسا. ئێمه‌ ده‌ڵێین ده‌چێت بۆ به‌رده‌م دادگا. ئه‌گه‌ر ئامانجێكی تر نه‌بێت كه‌ شكاندن و بێده‌نگكردنی په‌رله‌مانتاره‌."

"لابردنی پارێزبه‌ندی فشار و چاوسوركردنه‌وه‌یه‌ "


عه‌بدولستار مه‌جید جه‌ختیكرده‌وه‌" لابردنی پارێزبه‌ندی چه‌كێكه‌ به‌كارده‌هێنرێت بۆ بێده‌نگكردن و كپكردنی ده‌نگ، ئه‌و فشار و چاو سوركردنه‌وه‌یه، ‌كه‌ هه‌یه‌ بۆ بێده‌نگكردن و كپكردنی ده‌نگ، نه‌ك ئێمه‌ ناترسێنێ، به‌ڵكو پته‌وتریش ده‌بین، به‌ڵام ئێمه‌ كه‌یسه‌كه‌ به‌ ناحه‌قی ده‌زانیین."

" داوای لیژنه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی بڕیاردان بۆ ئه‌م كه‌یسه‌ ده‌كه‌م، ئه‌و كاته‌ با په‌رله‌مانتاری ئێمه‌ حكومی له‌ سێداره‌دانیشی بۆ ده‌ربچێت "


ده‌رباره‌ی بوونی به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر قسه‌ی په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی (سۆران عومه‌ر)، سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی وتی: "ئێمه‌ ده‌ڵێین به‌ڵێ به‌ڵگه‌مان پێیه‌ و به‌ڵگه‌كانی خۆیشی ناردووه،‌ له ‌ڕێگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ داواكاری گشتی ده‌كرێت. به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا داواكاری گشتی یش چه‌ند به‌ دادگه‌رانه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌و كه‌یسانه‌ بڕیار ده‌دات، ئێمه‌ داوای لیژنه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی بڕیاردان بۆ ئه‌م كه‌یسه‌ ده‌كه‌ین، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی با به‌سه‌ربه‌خۆ دیاری بكرێت، ئه‌و كاته‌ با په‌رله‌مانتاری ئێمه‌ حكومی له‌ سێداره‌دانیشی بۆ ده‌ربچێت."


هه‌روه‌ها ده‌ڵێت" ده‌ست بردن بۆ لابردنی پارێزبه‌ندی و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كه‌یسه‌كانی په‌رله‌مانتار و په‌رله‌مان، من ئه‌وه‌ به‌شتێكی مه‌ترسیدار و شتێكی زۆر خراپی ده‌زانم، به‌پێ ی یاسا ئه‌وانه‌ی پارێزبه‌ندییان له‌سه‌ر لاده‌چێت، ده‌چنه‌ به‌رده‌م دادگا و به‌ڵام ئه‌گه‌ر حاكم حكومیدا، ئه‌وكاته‌ تا حكومی خۆی وه‌رنه‌گرێ ناتوانێ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان. ئێمه‌ دژی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ین، دژی لێسه‌ندنه‌وه‌ی پارێزبه‌ندین، له‌ هه‌ر په‌رله‌مانتارێك. پێمانوایه‌ بۆ پرۆسه‌ی په‌رله‌مان و بۆ ئازادی ڕاده‌ربڕین و به‌رگریكردن، له ‌مافی خه‌ڵك و ڕووبه‌ڕوو وه‌ستانه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و دزی و خراپه‌كاری."

"كاریگه‌ری له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵ و پارتی ده‌بێت "

له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی پرسی هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی كۆمه‌ڵ ئه‌گه‌ر پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر هه‌ڵگیرا تا چه‌ند كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ حیزبیه‌كانی كۆمه‌ڵ و پارتی؟

عه‌بدولستار مه‌جید كه‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان-یشه‌ وتی: "به‌ڕاستی پرۆسه‌یه‌كی مه‌ترسیداره‌، و‌ ئێمه‌ به‌ براده‌رانی پارتی-مان وتووه‌، هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر (كاك سۆران عومه‌ر) بێگومان كاریگه‌ری نه‌رێنی ده‌بێت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی و پارتی دیموكراتی كوردستان. چونكه‌ ئەوەی زیاتر دەبێتە هۆکاری کاریگەری خراپ ئەوەیە بەرێز مەسرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ت ، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتە و ئەوەشی زیاتر خویندنەوەی بۆ دەکرێت ململانێ سیاسیە نەک ململانی نێوان حکومەت و پەرلەمانتارێک و ململانێ حزبیەکەش لە رابردوودا پێشینەی هەبووە."


ڕاشیگه‌یاند "ئه‌م حكومڕانییه‌‌ی كه‌ ئێستا ده‌كرێت به‌شێكی زۆری پارتی و به‌شه‌كه‌ی تریشی یه‌كێتییه،‌ واته‌ حیزب لێره‌دا كاریگه‌ری هه‌یه‌، هه‌ر وه‌كو چۆن كاریگه‌رییان هه‌یه‌ به‌سه‌ر داموده‌زگاکانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.‌ ئه‌سڵه‌ن حیزب بڕیار بۆ حكومه‌ت و په‌رله‌مان ده‌دات".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا وه‌ك حیزب نێوه‌نگیر، له ‌نێوانتاندا نیه‌، یا بتانه‌وێت له‌سه‌ر ئاستی حیزبی چاره‌سه‌ری بكه‌ن؟ سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی وتی: "پێویستمان به‌ نێوه‌ندگیری نه‌بووه‌، ئێمه‌ له‌ شه‌ڕدا نیین. چونكه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ئاساییمان هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ براده‌رانی پارتی، و ئێمه‌ هیوا خوازیین ئه‌م بابه‌ته‌ به‌م ئاراسته‌یه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كرێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:11:23 0:00



XS
SM
MD
LG