پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی کوردسات دەڵێت ئەمڕۆ سێشەممە لە کاتی ڕوماڵکردنی خۆپیشاندانی مامۆستایان لە قەزای ئاکرێ لەلایەن ئاسایشی پارتیەوە هێرشی کراوەتەسەر و دەموچاویان شکاندووە، پاشان بە برینداری بۆ ماوەی دوو کاتژمێر دەستگیریانکردووە.
لای خۆیەوە دیاری مەحمود ڕێکخەری سەنتەری میترۆ لە هەرێمی کوردستان، هێرشی سەر ئەو ڕۆژنامەنووسە بە کاری دڕندانە ناودێردەکات، دەڵێت لە هەرێمی کوردستان بەردەوام ڕۆژنامەنوسان لە کاتی خۆپیشاندانەکان و جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان دەبنە قوربانی."
دڵبرین غازی پەیامنێری کەناڵی کوردسات لە ئاکرێ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"ئەمڕۆ لە کاتی ڕوماڵکردنی خۆپیشاندانی مامۆستایان لەلایەن 10 ئاسایشی پارتیـیەوە هێرش کرایە سەرم بە قۆناغە تفەنگ و شەق و زلە دەموچاویان شکاندم، وە هەروەها سەرجەم کەلوپەلەکانی ڕۆژنامەوانیشیان شکاندم."
وتیشی"پاش ئەوەی دەموچاویان شکاندم بەو برینداریەوە دەستگیریان کردم و منیان برد بۆ ئاسایش بۆ ماوەی دوو کاتژمێر منیان هێشتەوە، دواتر بە هەوڵی کەناڵەکەم و بەرپرسانی یەکێتی ئازادکرام."
بە وتەی دڵبرین هێزەکانی ئاسایش ناسیویانە کە پەیامنێری کەناڵی کوردساتە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت"هۆکاری لێدانەکەم ئەوەبووە پێیان وتم نابێت بە هیچ جۆرێک باسی خۆپیشاندانەکان بکەیت و بیگوازیتەوە."
دەشڵێت بیانوی ئەوان ئەوە بووە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک لە ئاکرێ خۆپـیشاندان بکرێت، بۆیە لە یەکەمین خولەکی ئەنجامدانی گردبوونەوەکە سەرجەم مامۆستایانی گردبوونەوەکەیان ئەنجام دا لە لایەن ئاسایشی پارتیـیەوە دەسـتگیرکران.
دڵبرین ڕەخنە لە پەرلەمانتاران دەگرێت کە لە بەرامبەر نوسینگەی پەرلەمانی کوردستان لە ئاکرێ هێرشی کراوەتە سەر و بە برینداری دەستگیرکراوە، بەڵام ئەوان هەڵوێستیان نەبووە و ڕێگرییان لێنەکردووە."
لای خۆیەوە دیاری مەحمود ڕێکخەری سەنتەری میترۆ لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند"بە داخەوە بەردەوام لە هەرێمی کوردستاندا لە کاتی خۆپیشاندانەکان کە ڕۆژنامەنوسان هەڵدەستن بە کاری خۆیان دەبنە قوربانی."
وتیشی"ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر پەیامنێری کوردسات کرا لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی ئاکرێوە کارێکی دڕندانە بوو، داوا دەکەین ڕێوشوێنی یاسایی دژ بەوانە بگیرێتەبەر."
ڕێکخەری سەنتەری میترۆ ئەوەشی وت"کاتێک لە دەزگا ئەمنیەکان دەپرسین هۆکاری ئەو پێشێلکارییانە بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان چییە؟ ئەوان دەڵێن"ئەمە کاری تاکە کەسیـیە، بەڵام بەڕاستی بەردەوام دووبارە بوونەوەی هەمان کار پێمان دەڵێن ئەمە کاری تاکە کەسی نیە بەڵکو بە موئەسەسە کراوە."