Accessibility links

نووسینگەی NRT لە هەولێر داخرا


هێزە ئەمنیەکان نووسینگەی کەناڵی ئێن ئاڕ تیان لە هەولێر داخست، و کارمەندانی کەناڵەکەش کە لەکاتی دەوامی ئاسایی خۆیان بوون وەک دەڵێن نێردرانەوە بۆ ماڵەوە.

رێبوار کاکەیی بەڕێوەبەری نووسینگەی NRT لە هەولێر بۆ دەنگی ئەمەریکا گووتی" هێزێکی ئەمنی هاتنە کەناڵی ئێن ئاڕتی نووسینگەی هەولێر پێیان گوتین کە نووسینگەکەمان دابخەین و هیچ هۆکارێکیشیان پێ نەگوتین کە هۆکارەکەی چیە و بۆچی دادەخرێت و تەنانەت فەرمانیکی دادگا و لایەنی پەیوەندیداریش نەبوو کە هۆکاری داخستنی نووسینگەکە بخاتەڕوو و ئێمەش هەرچەند داوامان لێکردن پێیان گوتین تەنها ئێمە فەرمانمان پێکراوە کە نووسینگەکە دابخەین و ئەوەبوو کارمەندەکانیان بەرێکرد و وتیان هەرکەس بچێتەوە ماڵی خۆی.

هۆکاری داخستنی نووسینگەی NRT لە هەولێر چی بووە ؟

بەڕێوەبەری نووسینگەی NRT له هەولێر لەوبارەیەوە گووتی" ئێمە نامانەوێ پێش ئەو ڕووداوانە بکەوین دەمانەوێ حکومەت خۆی ڕوونکردنەوەیەک بدات هۆکارەکەی چییە کە دەڵێن حکومەت حکومڕانی هەرێمی کوردستان هەر حکومەت دەیکات ڕاستە لەچەند لایەنێک پێکهاتووە ئێمە دەمانەوێ خۆیان ڕوونکردنەوە بدەن و قسە بکەن بزانین هۆکارەکەی چییە".

دەنگی ئەمەریکا هەوڵیدا لێدوانی پۆلیسی هەولێر لەبارەی هۆکاری داخستنی نووسینگەی NRT لە هەولێر وەربگرێت بەڵام وەڵامیان نەبوو

لە لایەکی ترەوە لە ڕاگەیەنراوێکدا سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان رایگەیاند: داخستنی کەناڵی ئین ئاڕتی و دەستگیرکردنی رۆژنامەنوسەکانی، مەحەکن بۆ قبوڵنەکردنی جیاوازی، بۆ هەوڵی دەسەڵات لە بەرتەسکردنەوەی ئازادی کاری ڕۆژنامەنوسی، ئێستا سەردەمی یەک تیڤی و یەک ڕادیۆ و یەک ڕۆژنامە نییە ئەو سەردەمە بەسەرچوو، هەموو هاووڵاتیەک ڕادیۆ و تیڤی و ڕۆژنامەی خۆی هەیە هەموویان دەتوانن وەک ئێن ئاڕتی دەنگی خۆیان بگەیەنن

لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەی سەنتەری میترۆدا هاتووە خەڵک ئاوی خواردنەوەی پاک و خزمەتگوزاری کارەبا و ئاو و ژیانێکی شایستە و سیستەمێکی باشتری دەوێ، زەبرو و زەنگ و داپڵۆسین و پێشێلکردنی ئازادییەکانی خەڵک چارەسەرنیە، ئێن ئاڕتی بێ پشت و پەنا نییە خەڵک دەبن بە پەیامنێری و دەیپارێزێت، ئازادی رۆژنامەگەری مەکەنە قوربانی سیاسەتکردن.

بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان و چاڵاکان نیگەرانی خۆیان لەمەڕ داخستنی نووسینگەی ئێن ئاڕتی لە هەولێر دەربڕی

ڕۆژنامەوان کۆچەر عەلی مەنتک بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی" ناکریت دەزگای ئەمنی تەداخولی ئەم کارە بکات کە نووسینگەی ئێن ئاڕتی دابخات دەبێت سەندیکا یان وەزارەتی ڕۆشنبیری بەتایبەتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕاگەیاندن بەم بریارە هەستێت و دەبێت لە رێگەی دادگاوە بیت و بەپێی بریاری ژمارە 35 ی 2007 ی یاسای ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان مامەڵەبکرێت، ئەوەی دەزگا ئەمنیەکان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان دەکەن تەواو نایاساییە چونکە لەبەر ئەوە دەبێت ئێن ئاڕتی فەزاحەتێکی کردبێت لە رووی نشتیمانی و کۆمەڵایەتی ئەوکات دەبێت بەبریاری دادگا سزا بدرێت نەک دابخرێت و دەبێت داخستنەکەشی هەر بە بریاری دادگابێت نابیت بەبریاری حزب و ئاسایش و پێشمەرگەو هیچ کەسێک بێت بۆیە تەواو سەرپێچیە ئەگەر بەشێوەیەکی کاتی یان درێژخایەن بێت دەبێت بەپێی یاسا دابخرێت.

XS
SM
MD
LG