Accessibility links

شارەزایەکی ئابوری: هەتا تورکیا لە بابەتی فرۆشتنی گاز هەرێمی کوردستاندا نەبێت باشترە


د. ئەیوب ئەنوەر سماقەیی مامۆستا له ‌زانکۆی سەڵاحەدین کۆلێژی بەڕێوەبردن و ئابوری بەشی ئابوری
دەڵێت “ ڕێککەوتنی فرۆشتنی گازی سروشتی کاتێک لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانە، کە هەرێم هاوشێوەی فرۆشتنی نەوت نەکات، بەڵکو دەبێت لە ڕێگای بەغدادەوە بێت، وە پێش فرۆشتنی گاز دەبێت پێداویستی ناوخۆی هەرێم بۆ گاز پڕبکرێتەوە، دەشبێت ژێرخانی دابەشکردن و خەزنکردنی گازی سروشتی دروست بکرێت پاشان بفرۆشرێت، هەروەها دەکرێت ئەو ڕێککەوتنە لەگەڵ وڵاتانی تر بێت نەک لەگەڵ تورکیا، پێم باشە چەند تورکیا لەم بابەتە نەبێت باشترە. "



" چەند تورکیا لەم بابەتە نەبێت باشترە. "

د.ئه‌یوب ئه‌نوه‌ر سماقه‌یی مامۆستا له‌زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین كۆلێژی به‌ڕێوه‌بردن و ئابوری به‌شی ئابوری
د.ئه‌یوب ئه‌نوه‌ر سماقه‌یی مامۆستا له‌زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین كۆلێژی به‌ڕێوه‌بردن و ئابوری به‌شی ئابوری

د. ئەیوب سماقەیی وتی"ئەو گرفتەی ئێستا لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا و وڵاتانی ئەوروپا هەیە ، گازی هەرێم دەکرێت جێگرەی گازی سروشتی ڕووسیا بێت، ئەو ڕێککەوتنی فرۆشتنە ئەگەر بکرێت لە قازانجی ئەم دۆخەی هەرێمی کوردستان دەبێت بەو مەرجەی ڕێککەوتنەکە شەفاف بێت، وە ڕاستەوخۆ پارەی گازۆدۆلار بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە خەرج بکرێت، وە ڕێککەوتنەکە پێچەوانەی دەستوری عێراق نەبێت تا گرفتێکی تری هاوشێوەی ڕێککەوتنەکانی فرۆشتنی نەوتمان بۆ دروست نەکات، بۆیە دەکرێت ئەو ڕێککەوتنە لەگەڵ وڵاتانی تر بێت نەک لەگەڵ تورکیا، پێم باشە چەند تورکیا لەم بابەتە نەبێت باشترە. "


بە بڕوای د. ئەیوب سماقەیی پێویستە هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنی فرۆشتنی گاز لە ڕێگای حکومەتی بەغدادەوە بکات، تا هاوشێوەی فرۆشتنی نەوت کێشە بۆ هەرێم لەگەڵ بەغداد دروست نەکات وەک ئەو وتی"قەیرانەکانمان قوڵتر نەکاتەوە. "



"ئەوە ئابوری سەربەخۆ نەبوو بەڵکو بەستنەوەی ئابوری هەرێم بوو بە ئابوری تورکیاوە "

هەرچەندە لە سەرەتای ئەوەی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا نەوت بە سەربەخۆ ڕۆژانە بفرۆشێت لە ڕێگای تورکیاوە، وەک بەرپرسانی هەرێم ئەو کات بانگەشەیان بۆ دەکرد بۆ بەدیهێنانی ئابوری سەربەخۆی هەرێمە. "

بەڵام د. ئەیوب سماقەیی دەڵێت"ئەوە ئابوری سەربەخۆ نەبوو بەڵکو بەستنەوەی ئابوری هەرێم بوو بە ئابوری تورکیاوە، ئەگەر ئەم جارەش هەر بەو جۆرە بێت ئەوا بە ڕاستی ئیشکردن نیـیە بۆ ئابوری سەربەخۆ بەڵکو ئیشکردنە بۆ بەستنەوەی ئابوری هەرێم بە ئابوری تورکیاوە. "



" ڕەنگە کۆمەڵێک وەک حکومەت لێی سوودمەندبن نەک خەڵکی"

د. ئەیوب سماقەیی وتیشی" لە سەروبەندی فرۆشتنی نەوتی هەرێم پێداویستی ناوخۆی خۆی بە نەوت پڕ نەکردبووەوە، بۆیە ئەم جارە پێویستە پێش فرۆشتنی گازی سروشتی پێداویستییەکانی ناوخۆی هەرێم پڕبکرێتەوە ئەگەرنا لە ڕووی ئابورییەوە هیچ مانایەکی نابێت. "

وتیشی"ئەگەر پێداویستی ناوخۆی پێ پڕنەکردەوە پێش فرۆشتن، چ نەوت، چ گازی سروشتی نەخرایە خزمەتی پیشەسازی بەرهەمەکانی نەوت ئەوا ڕەنگە کۆمەڵێک وەک حکومەت لێی سودمەندبن نەک خەڵکی. "

د. ئەیوب سماقەیی لە کۆتایی قسەکانیدا دووبارە جەختیکردەوە"فرۆشتنی گازی سروشتی هەرێم ڕاستەوخۆ بە تورکیا یا هەر وڵاتێکی تر پێش ئەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ پڕبکاتەوە ئەوا لە بەرژەوەندی خەڵک نیـیە، وە دووەمیش دەبێت ژێرخانی دابەشکردن و خەزنکردنی گازی سروشتی دروستبکرێت پاشان بفرۆشرێت."

جێی باسە هەفتەی ڕابردوو نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی تورکیای کرد، پاش کۆبوونەوەشی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بەشێک لە میدیا تورکییەکان و کوردییەکان هەواڵی ڕێککەوتنی فرۆشتنی گازی سروشتی هەرێمی بە تورکیا لە ئەنجامی ئەو سەردان و کۆبوونەوانە بڵاوکردەوە، ئەگەرچی تا ئێستا بە فەرمی حکومەتی هەرێم هیچ لێدوانێکی لەو بارەیەوە نەبووە، دەنگی ئەمەریکاش هەوڵی دا لێدوان لە وتەبێژی فەرمی حکومەت وەربگرێت بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە. "

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:55 0:00


XS
SM
MD
LG