Accessibility links

زیاتر لە 70 هەزار کەس لە جەژندا سەردانی ناوچە گەشتیاریەکانی هەڵەبجە و هەورامان دەکەن


بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە زیاتر لە 70 هەزار گەشتیار ڕوو لە ناوچە گەشتیاریەکانی هەڵەبجە و هەورامان دەکەن بۆ بەسەربردنی ڕۆژانی جەژن کە بەشێکی زۆریان گەشتیاری ناوەڕاست و باشوری عیراق بوون، تەندروستی هەلەبجەش ئاماژەبەوەدەکەن کەگەشتیارن وەک پێویست پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەکان نەبوون و 45 هاووڵاتی کە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە تووشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوون هاوڵاتیەکیش گیانی لەدەستداوە.

بەڕێوەبەرایەتی گەشت و گوزار هەڵەبجە ئاماژە بەوەدەکەن لە سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا70 بۆ 75 هەزار گەشتیار ڕوویان لە پارێزگای هەڵەبجە کردووە کە بەشێکی زۆریان گەشتیاری ناوەڕاست و باشوری عیراق بوون، هاوکات تەندروستی هەڵەبجە دەڵێت بەهۆی جێبەجێنەکردنی ڕێنماییە تەندروستیەکان 45 هاووڵاتی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و هاوڵاتیەکیش گیانی لەدەستداوە.

غەریب ئەحمەد بەڕێوەبەری گەشت و گوزاری هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" لە سێ ڕۆژی جەژندا لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و هەورامان 70-75 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیاریەکانیان کردووە و لە ڕێگەی سێ تیمی بەڕێوبەرایەتیەکەیانەوە ئاماری وورد کراوە و زۆرترین گەشتیاریش ڕووی لە هاوینە هەواری ئەحمەد ئاوا کردووە".

لەگەڵ هاتنی ڕێژەیەکی زۆری گەشتیار و تێکەڵاوی بەهوی جەژنەوە لەلایەن هاوڵاتیانەوە لە ماوەی سێ ڕۆژی جەژندا بە وتەی د. شوان عومەر بەڕێوبەری نەخۆشخانەی وەفا" 850 پشکنین ئەنجام دراوە و 45 هاوڵاتی تووشی ڤایرۆسەکەبوون و هاوڵاتیەکیش بە ڤایرۆسەکە گیانی لەدەستداوە."

موقدەم بەرزان عوسمان وتەبێژی بەڕێوةبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" 14 دۆسیەی لیکۆڵینەوە تۆمار کراوە و لەگەڵ هاتنی گەشتیارێکی زۆر هیچ حاڵەتێکی شەڕ و مردن و ڕووداوی هاتووچۆ لە ناوچە گەشتیاریەکان تومارنەکراوە."

لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەڵەبجە پلانێکی پێشوەختەی بۆ ڕۆژانی جەژن جێبەجێکرد، کە خوی لە چاودێریکردنی بازاڕ و شوێنە گەشتیار و گشتیەکان دەبینینەوە و هاوکات تیمەکانی تەندروستی و هاتووچۆش لە سەیرانگاکاندا بەدەم گەشتیارانەوە بوون، بەڵام بە وتەی تیمەکان هاوڵاتیان پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەکان نەبوون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:29 0:00


XS
SM
MD
LG