Accessibility links

بەهزاد دەروێش: بە کەمی 50% داهاتی هەرێمی کوردستان ناگەڕێتەوە بۆ حکومەت


کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا زۆرێک لە کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان و عێراق و چاودێرانی سیاسی بۆچوون و بەراوردی جیاجیا لە نێوان حکومەتەکانی ئەفغانستان و عێراق و هەرێمی کوردستان دەخەنە ڕوو کە هەریەکێک لەوانە بە جۆرێک شرۆڤە بۆ ڕووداو و پێشهاتەکانی ناوچەکە دەکات.

بەهزاد دەروێش ئەندامی ئەنجومەنی شورای گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و پەرلەمانتاری خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای وت" بەپێی داتا و بەدواداچوونەکانمان بە کەمی 50% داهاتی هەرێمی کوردستان ناگەڕێتەوە بۆ حکومەت، واتا ڕێژەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان 50% ئەمەش خاڵێکی لاوازە کە متمانە لە نێوان هاوڵاتی و دەسەڵات نامێنێت و مەترسی دروست دەکات کە هەر کاتێک هێرشێکی دەرەکی بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هەبێت".

لای خۆیەوە عەلی حسێنی وتەبێژی میحوەری باکوری عێراقی حەشدی شەعبی بۆ دەنگی ئەمەریکا، ڕەتیدەکاتەوە لە حاڵەتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکادا لە عێراق، هەمان سیناریۆی ئەفغانستان دووبارە بێتەوە، جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە هەموو هێز و لایەنەکان بەشدارن لە حکومەتدا، بۆیە دۆخی عێراق جیاوازترە لە ئەفغانستان.

بەڵام کارۆخ ڕزگار سەرپەرشتیاری حزبی کڵپەی نیشتمانی کوردستان بۆچوونی تری هەیە و بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " حکومەتی عێراقیش بە تەواوەتی لێکچوونی هەیە لەگەڵ ئەفغانستان چۆن لە ئەفغانستان گەندەڵی ڕووخاندی، بە تاکید گەندەڵی چووەتە لوتکەی حکومەتی عێراقی و گرووپەکانی حەشدی شەعبیش بەشێکن لەو گەندەڵیـیە".

وتەبێژەکەی حەشدی شەعبی ڕەخنەی لە چاودێرانی سیاسیش گرت، کە دۆخی عێراق بەراورد بە ئەفغانستان دەکەن، تۆمەتباریکردن بەوەی لەسەر بنەمای لایەنگیری، شیکردنەوە بۆ دۆخەکە دەکەن، جەختیکردەوە"عێراق بۆ عێراقیەکانە، بۆیە ئارامە و ئارام تریش دەبێت".

ئەو ئەندامی ئەنجومەنی شورای گشتی یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێت" ناکرێت هەرێمی کوردستان بە عێراق بەراورد بکەین چونکە حوکمی میلیشیا تا ڕادەیەک لە عێراقدا باڵادەستە".

جێی باسە چەند ڕۆژێکە چاودێرانی سیاسی زۆر تاکید لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە حوکمڕانیـیەکی خراپ و گەندەڵیەکی زۆر هۆکاری سەرەکی بوون کە حکومەتی ئەفغانستان بەم ڕۆژە بگات، بۆیە لە لایەن خەڵکی و هاوڵاتیان و کاربەدەستانی جیاجیاوە زۆر باسی حوکمڕانیـیەکی تەندروست و کەمکردنەوەی گەندەڵی دەکرێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:28 0:00


XS
SM
MD
LG