شارەزایان پێیانوایە شکستی دەوڵتداریی و حوکمڕانی، دیکتاتۆرییەت و شکستی دیکتاتۆرییەت، دیموکراسیەت و شکستی دیموکراسی تێکڕا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاوکاتی تێکڕای نەهامەتی و قەیرانە گەورەکان کارەساتگەدلێکی مرۆیی و شارستانی و یاسایی خۆلقاندووە.
وەک چۆن جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان دیموکراسی و ستەمکارییدا، ئاوەهاش شارەزایان تیشکدەخەنە سەر گەلێک جیاوازی و نابەرابەری بێشومار کە لەنێوان ئەو وڵاتانەی کە ئازادی رادەربڕین و ئازادی بڵاوکردنەوە لە دۆخێکی شارستانی و مرۆڤدۆستانەدایە و وڵاتگەلێکی دیکەش کە میدیای ئازاد و ئازادی رۆژنامەگەریی لە بەردەم مەترسی شکست و داخستن و نەماندایە. شارەزایان و چاودێران رایانوایە دیموکراسی بەبێ سەروەری یاسا و ئازادی رۆژنامەگری و بنەما هەرە بنچینەیەکانی مافی مرۆڤ و رووبەرەکانی ئازادی رادەربڕین و دادوەری کۆمەڵایەتی، خاڵی دەبێتە لەمانا هەرە بنەڕەتییەکانی.
سەبارەت بە کۆمەڵێک تەوەری گرنگ ئاسۆ جەبار لە دەنگی ئەمریکاوە وتووێژێکی لەگەڵ نوسەر و چاودێری سیاسی رێبین ئەحمەد هەردی دا سازکردووە.
رێبین هەردی دەڵێت "ئەم سیستمی حکومڕانییە تا ئێستا خۆی گرتووە، نە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، شکستی نەهێناوە، بە حەقەت ئەوەی کە هەیە ئەمجۆرە لە حوکمڕانی شکستی نەهێناوە، تائێستا حکومدەکات، حکومڕانی دەکات و هێشتا دانی تیژی خۆی ماوە، چەکی خۆی ماوە، ئەزێتدانی خۆی ماوە، لەگەڵ ئەوەشدا لەشکرێک لایەنگری لەگەڵ خۆیدا هێشتۆتەوە، تا ئێستا ئەم ئەزموونە لەچاوی خوێندەوارانەوە ئەزمونێکی شکستخواردووە."
سەبارەت بەوەی پاش 25 ساڵ حکومڕانی و بەڕێوەبردن لە هەرێمی کوردستاندا، ئایا لەم ساتەوەختەدا دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ژیاندۆستی و مافەکانی مرۆڤ لە چ ئاستێکدایە؟ رێبین هەردی دەڵێت "ئەزمونی هەرێمی کوردستان ئەزمونێکە پڕە لە قەیران، پڕە لەئەگەری ناکۆکی، پڕە لەئەگەری شەڕ.... هەم لەئەگەری ئەوەدایە بەرەو ستەمکارییەکی گەورەو بەرەو حوکمی بنەماڵەو حوکمی تاکڕەویانە بڕوات، هەم لەبەردەم ئەگەری ئەوەدایە بەرەو دیموکراتی بڕوات."
هاوکات سەبارەت بە قەیرانەکانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت "قەیران کوردستانی بەجێنەهێشتووە، بەڵام لە قەیراندا نە دەتوانی بڵێی ستەمکاریی بە تەواوەتی سەرکەوتووە، نەدەتوانی بڵێی دیموکراتی سەرکەوتووە."
هەروەها سەبارەت بەوەی ئایا ئۆپۆزسیۆن لەئاستی ئام قۆناغە مەترسیدارەدیە؟ رێبین هەردی دەڵێت "ئۆپۆزسیۆن لەکوردستاندا درووستبوو دەرفەتێکی گەورە بوو بۆئەوەی کۆی سیستمی حکومڕانییەکە رزگار بکات لەو قەیرانانەی کە هەیەتی و وە گۆڕانکاریشی تیادا بکات بەو ئالیاتانەی کە سیستمەکە خۆی خستویەتییە بەردەستی، بەڵام بە داخەوە........"
هەروەها دەڵێت "ئۆپۆزسیۆن نەهاتووە بۆئەوەی یەکێتی و پارتی بڕوخێنێت، هاتووە بۆئەوەی کۆی حکومڕانییەکە بەیەکەوە چاک بکرێت."
سەبارەت بە ماف و ئازادییەکانیش دەڵیت "هیچ میلەتێک لەمێژوودا وازی لە ئازادی خۆی نەهێناوە تا کورد وازی لێبهێنێت." ، "هیچ میلەتێک ئامادە نیە واز لەمافەکانی خۆی بهێنێت، ماوەیەک دەتوانیت بێدەنگی بکەیت ماوەیەک دەتوانیت سەرکوتی بکەیت، بەڵام مومکین نیە تا هەتا هەتەیە ئەمە بکەیت، ئەگەر رێگاکانی گۆڕانکاری هێمنانەو لێگرت، شێوازی توندتر دەدۆزێتەوە، بۆئەوەی ئەم مافانە بەدەست بێنێت."
ئەمەو چەندین تەوەری گرنگی وەک مەترسییەکانی تیرۆر و جیهادگەرایی و بۆشایی سیاسی و قەیرانەکان لەم وتووێژەدا گوێبیستی دەبن.
فەرموون لەگەڵ تەواوی وتووێژەکە