لە هەرێمی کوردستاندا بە پێی هەندێک ڕاپۆرت پێشێلکاریەکی زۆر بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کراوە بەشیکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن رێگری و لەمپەری زۆر دەخرێتە بەردەم کاری میدیایی و ئازادی ڕادەربڕین بەتایبەتیش لە ئێستادا کە ڕوماڵی چالاکی و ڕووداوەکانی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەن، لە دوایین ڕاپۆرتی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستاندا وەک نەقیبی سەندیکا دەڵێت 87 جۆری پێشێلکاری بەرامبەر بە 200 ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراون
حاکم ئازاد حەمەدەمین نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا گوتی" لە ڕاپۆرتی شەش مانگی سەندیکادا کۆی ژمارەی حاڵەتەکان 87 پێشێلکاریە کە بەرامبەر 200 ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراون"
سەبارەت بە چۆنێتی تۆمارکردنی پێشێلکارییەکان و شێوازی نوسینەوەی ڕاپۆرت، نەقیبی سەندیکا گوتی" گرێبەستمان لەگەڵ زۆر ناوەندی نێودەوڵەتی هەبووە بۆ چۆنیەتی نوسینی ڕاپۆرتی پێشێلکاری ڕۆژنامەنووسی بۆیە پشت دەبەستینە سەر ئەو پیودانگانەی لەسەندیکادا هەن و ژمارەی ئەو پێشێلکاریانەی لای لیژنەی داکۆکی و تەواوی ستافەکە تۆمارکراون، نا پرۆفێشناڵی لە لای زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان و دەزگا ئەمنیەکانیش هەیە و ئەمە دەبێتە مایەی لەیەک تێنەگەیشتن، پێش کۆرۆنا سەردانی وەزیری ناوخۆمان کرد بریار وابوو لە ڕۆژانی داهاتوو خولی ڕاهێنان بکرێتەوە بۆ دەزگا ئەمنیەکان و ڕۆژنامەنووسان بۆ باشتر هەماهەنگی و لەیەک تێگەیشتن."
حاکم ئازاد دەشڵێت" ئەوەی ئەرکی سەرەکی سەندیکایە جێبەجێمان کردووە، کاتیک ڕاپۆرتی پێشێلکاری ئامادە دەکەین و بڵاوی دەکەینەوە بۆ حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجومەنی دادوەری و داواکاری گشتی و وەزارەتی داد و وەزارەتی ناوخۆ دەنێرین، لەم ماوەیە داواکاری گشتی نوسراوی بۆ کردووین و تەعمیمی کردووە بەسەر هەموو دادگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ چۆنیەتی بەدواداچوونی ڕاپۆرتی پێشێلکاری سەندیکا، لە نزیکترین حالەتدا بریارە موزەکەرەیەکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ ئیمزا بکەین."
نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان گوتیشی" بەداخەوە هەندێک دەزگای میدیا لە کوردستان هەن بوونەتە بەشێک لە تێکدانی بارۆدوخی سیاسی و میدیایی و وەکو کەرەستەیەک بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسە سیاسیەکان و حزبیەکانی خۆیان و هەندێکی تریش پەیوەندی بە نا پرۆفیشناڵی دەزگا و ڕۆژنامەنووسان هەیە بۆ نموونە لە هەموو جیهاندا ڕۆژنامەنووس ناکرێت بچێتە هەموو شوێنێک بەڵام لە کاتی شەڕی داعش ئەو تەجروبەمان هەبووە ڕۆژنامەنووس بووی نیە بچێتە ناو شەڕی داعش، ئێستا شەڕی تورکیایە ئەو شوێنانەی کە جەبهەی شەڕن هەندێک کات هێزە ئەمنیەکان دەڵێن ڕێگەپێدراو نیە بچیتە شوێنی شەڕ، لەم کاتەدا ڕۆژنامەنوسان دەبێت ئیلتیزامی پێوە بکەن ئەمە مانای ئەوە نیە کە دەرچوونە لە کاری ئەو سیستەمە گشتیەی کە پەیوەندی بە ئازادی ڕادەربڕینەوە هەیە."
لە میانەی وتووێژەکەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا حاکم ئازاد حەمەدەمین نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان گوتی" لە هەرێمی کوردستان جیاکاری کراوە لە نێوان دەزگاکان، رەنگە پەیوەندی بە پێشینەی رابردووی سیاسی و جۆگرافی کوردستانەوە هەبێت و هەندێکیشی پەیوەندی بە مەزاجی سیاسیەوە هەیە وەکو هەموو لایەک دەزانن 99% مولکایەتی دەزگاکانی میدیایی حزبین و هەموو ئەوانەی کە دەڵێن زۆر سەربەخۆین ئەوانیش حزبین چونکە پارەکەیان هەر لە حکومەتەوە بۆ دێت هەربۆیە بوونی ئەو هەموو ڕێژە زۆرەی دەزگای حزبی بێگومان مەزاجی حزبی و سیاسی زاڵ دەبێت بەسەریدا و هەمیشە سەندیکا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە نابێت جیاکاری بکرێت و زۆرجاریش بەدەنگ هاتووە."