بە پێی ئەتیکی رۆژنامەگەری و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانی بەرگریی لە رۆژنامەنوسان و دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکان کۆمەڵە مافێکی هەم سەرەتایی و هەم جیهانین. هاوکات بە پێی یاسای رۆژنامەگەری حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کە لەلایەن پەرلەمان و حکومەتی هەرێمەوە مۆڵەتی کارکردنی پێدراوە لەچوارچێوەی یاسادا مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکان مافی راگەیاندنەکان و رۆژنامەوانانە، بەڵام ماوەی 4 مانگە میدیای NRT روماڵکردنی کۆبونەوەو و لێدوانەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێم و بەرەکانی جەنگیان لێ قەدەغەکراوە؛ بە بڕیارێک کە تا ئەوڕۆکە رێکخراوەکانی داکۆکیکردن لەکاری رۆژنامەگەری دەڵێن کەس نازانێت کێ ئەم بڕیارەی دەرکردووە.
ئەمرۆ ١٤ی شوبات پێنج رێکخراوی داکۆکیکار لە کاری رۆژنامەوانی و مافەکانیان یاداشتێکیان بڵاوسکردۆتەوە و دەڵێن"چوار مانگە بە نیگەرانییەوە لە بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڕوانین کە روماڵکردنی هەموو چالاکییە رەسمییەکانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی هەرێم و پێشمەرگەی لە کەناڵی ئێن ئارتی قەدەغەکردووە، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە دامەزراوەی میدیایی نالیاوە دەستمانکەوتوون ئەم بڕیارە هێشتا هەر کارایە".
ئاسۆ جەبار بۆ دەنگی ئەمریکا و بۆ هەفتەنامەی رەهەندەکان وتووێژێکی لەگەڵ رێکخەری سەنتەری میترۆ رەحمان غەریب دا سازکردووە...
رەحمان غەریب دەڵێت "سەدان کەناڵی راگەیاندن هەیە، هەم ناوخۆیی و هەم حیزبی و هەم کەناڵەکانی راگەیاندنی دەرەوە روماڵی رووداوە گەرمەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، چ رووداوی ململانێی سیاسی، یان شەڕی داعش، لەبەرئەوە هەرێمی کوردستان هەواڵی گەرمی زۆر زۆر تیادایە بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن چ ناوخۆیی بێت چ دەرەوە، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان رێگە خۆشبکات؛ ......"
هەروەها دەڵێت "بەداخەوە پێچەوانەی یاسا بڕیاردەدەن، بۆنمونە ئەم بڕیارەی کە لەسەر NRT دەرکراوە بەپێی ئەوەی ئێمە 4 مانگە بەدواداچوونی بۆ دەکەین و پەیامنێرەکانیان پەیوەندیمان پێوەدەکەن بۆمان دەرکەوتووە کە NRT ناتوانێت روماڵی هەواڵەکانی سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەت بکات".
سەبارەت بە سەرچاوەی بڕیارەکە رەحمان غەریب دەڵێت "لەڕاستیدا نازانین ئەم بڕیارە لەکوێوە دەرچووە؛ ئایا لەسەرۆکایەتی هەرێمەوەیە یان سەرۆکایەتی حکومەتەوە؟".
هەروەها دەڵێت "بڕیاری رێگریکردن لە NRT هەم سزادانە و هەم بڕیارێک دەرکراوە کە بە چاوێکی نایەکسان تەماشای کەناڵەکانی راگەیاندن دەکرێت، لەبەرئەوە خەڵک حەقی خۆیەتی وا ڕاڤەی بکات کە ئەمە سزادانی NRT یە".
فەرموون لەگەڵ تەواوی وتووێژەکە لەم بەستەرەدا.....