Accessibility links

کاردانەوەکان بەرامبەر بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە نەوتی هەرێمی کوردستان


دادگای فیدراڵی عێراق دەڵێت یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان نادەستوریـیە، هەڵوەشایەوە، هەروەها بڕیاری دا حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت تەواوی بەرهەمە نەوتیـیەکانی ڕادەستی وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵی عێراق بکات.


بڕیارەکان ڕۆژی سێشەممە لەلایەن ئەم دادگا باڵایەی عێراقەوە درچوون کە بڕیارەکانی یەکلاییکەرەوەن و تانەیان لێ ناگیرێت.
جاسم محەمەد عەبود، سەرۆکی دادگاکە وتی بڕیارەکە بە دەنگی زۆرینە پەسەندکرا، بەڵام دوو ئەندامی ئەم دادگا 9 دادوەریـیە لەگەڵ بڕیارەکاندا نەبوون.


مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاندنێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت "بڕیاری دادگەی باڵای فیدڕاڵیی عێراق لەبارەی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان بڕیارێكی تەواو سیاسییە و پێچەوانەی دەستووری عێراقی فیدڕاڵە و، ئامانج لێی دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستانە و دژی سیستەمی فیدڕاڵیی عێراقە. ئێمە هیواخوازین هەردوو حكوومەتی عێراقی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بتوانن لەسەر گرفتەكان و بابەتی نەوت و گاز بگەنە ڕێككەوتن. لەگەڵ ئەوەشدا بۆ هەموو لایەك ئاشكرا دەكەین كە هەرێمی كوردستان بە هەموو توانایەكییەوە بەرگری لە مافە دەستوورییەكانی خۆی دەكات."

جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر تویتەرەکەی بەیاننامەی حکومەتی هەرێمی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی" بواری نەوت و گاز لە دەسەڵاتی حەصری حکومەتی فیدراڵی نیە بە پێی ماددەی ١١٢ی دەستور و ئەم ماددەیەش دانی ناوە بە مافی هەرێمی کوردستان بۆ دەرهێنان و پەرەپێدانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان."

پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش بەیاننامەیەکی ڕاگەیاند، تیایدا دەڵێت" بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵیی عێراق لە ڕێكەوتی ٢٠٢٢/٢/١٥، لەمەڕ دەسەڵاتی ئیدارەدانی نەوت و سامانە سرووشتییەكان لە عێراقدا، ناكۆك و ناتەبایە لەگەڵ بنەماكانی سیستەمی فیدڕاڵی و دەقەكانی دەستووری عێراقیشدا، سەرەنجامیش ئەمجۆرە بڕیار و بیركردنەوانە گورزی كەمەرشكێن لە سیستەمی فیدڕاڵیی عێراق و پرۆسەی حوكمڕانی و مافی هاونیشتیمانیبوون دەدات."


هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە بەرپرسانی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان هیچ لێدوانێکیان نەداوە، بەڵام سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە فەیسبوکەکەی دەڵێت خەڵکی بە بڕیارەکە خۆشحاڵن" چونکە بە پێی بڕیارەکەی دادگا لە دوای جێبەجیکردنی بڕیارەکەی دادگاوە پێوستە وەک ساڵانی پێش فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆی بودجەی هەموو هاوڵاتیان لە لایەن بە غدادەوە دابین دەکرێت."


هاوکات لیزا فەلەکەدین کاکەیی ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکرات کوردستان لە فەیسبوکەکەی خۆی نووسیویەتی" بڕیارێکی تەواو سیاسیـیە و نەفەسێکی شۆڤێنیە بۆ برسیکردنی هاوڵاتیانی هەرێم و هەر کەسێکیش بە شانازی و دەسکەوتی بزانێت پێویستە کوردبوون و مرۆڤ بوونی بخرێتە ژێر پرسیارەوە."

یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتدارانی هەرێم بەرپرسیار دەزانێت و نووسیویەتی "دەرەنجامی سیاسەتە چەوتەکانی دەسەڵاتدارانی ھەرێمە."


ئەبو بەکر هەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەسەر لیستی یەکگرتووی ئیسلامی، ئەویش لە فەیسبوکەکەی نووسیویەتی " سەرەتاکانی قۆناغی لەقاڵب دان و بچوکردنەوەی قەوارەی هەرێم دەرکەوتن،،پشکی سەرەکی ئەم بەرئەنجامەش بەر دەسەڵاتدارانی هەرێم دەکەوێت بەهۆی نادادی وستەم و بێباکی ولوتبەرزیانەوە."


محەمەد حاجی مەحمود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، دەڵێت " بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق شەڕە دژی هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ دادگایەک بە ناوی دادگای فیدڕاڵی عێراقەوە کە دادگایەکی عەرەبیە لە دوری کوردستانەوە بڕیارێکی دژی کوردستان داوە، کورد نەتەوەیەکی جیاوازە، کورد عەرەب نییە، کورد سامی نییە، کورد میلەتێکەو نەتەوەیەکی سەربەخۆو خاوەنی خاک و مێژووە و خاوەنی جل و بەرگ و ڕەنگ و نەریتی کوردایەتی تایبەت بە خۆیەتی، بۆیە کەس وارسی کوردی نییە و کورد خاوەنی کەسێتی خۆیەتی، بۆیە دادگای عێراق دادگایەکی عەرەبی عێراقییە و کاریگەری شۆڤێنیەت و ڕەگەزپەرستی عەرەبی و هێزە سیاسییە عەرەبییەکانە."


سروە عەبدولواحد، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە تویتەرەکەی نووسیویەتی" ئێمە لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ بە پێویستی دەزانین یاسای نەوت و ئەوانەی پەیوەندیـیان بە داهاتووی ئەو پرسەوە هەبێت دەبێت لە بەرژەوەندی شەفافیەت و خزمەتی هاوڵاتیان بن، وە هەموو دۆسێیەکانی گرێبەستی نەوت و غاز لە هەرێم و عێراق بە گشتی ئاشکرابکرێن، وە لە بەرژوەندی هەموو هاووڵاتیان بن نەک لە بەرژەوەندی کۆمەڵێک یان حزبێک یان کۆمپانیای حزبی بن."

سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، ئەو نووسیویەتی "ململانێ لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار گەشت بەوەی دادگای فیدراڵی لەسەر ھەرێمی کوردستان دەستی واڵا ببێت و بڕیار لەسەر یاساکانی ھەرێم و فرۆشتنی نەوت دەر بکات."


هێشتا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هیچ لێدوانێک لەم بارەیەوە نەدراوە سەبارەت بەوەی کۆمپانیا و وڵاتان بەردەوام دەبن لە کارکردن و هەناردەکردن و کڕینی نەوتی هەرێم لە کاتێکدا دادگای فیدراڵی عێراق بە نادەستوری و نایاساییان ناودێر دەکات.

XS
SM
MD
LG