کاتێک بارودۆخی خراپی ئابوری پێدەنێتە قۆناغێکی ترسناکەوە، کاتێک داهاتی ساڵانەی تاکەکەس نزمدەبێتەوە بۆ ئاستی سفری دابینکردنی پێداویستی و بژێوی ژیان، سەرەنجام دەبێت بە شێوازێکی ئەکادیمی و زانستی بڕوانینە کۆی ئەو کڵێشەو ئەنداسازییە ئابورییەی کە پێکهاتە هەرە بنەڕەتییەکانی پێکدەهێنن، لەبەرئەوەی مێژووی مرۆڤایەتی ئەو راستییەمان بۆ پشتڕاستدەکەنەوە کە ژێرخانی ئابووری پەیوەندییەکی توندوتۆڵی هەیە بە قەوارەی سیاسی، دادپەروەی کۆمەڵایەتی و سەرجەم جومگە هەرە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەوە.
سەبارەت بە سەرەکیترین سامانی سروشتی کوردستان کە نەوت و بازرگانیکردنی نەوتە دکتۆر ئالان مومتاز نوری پـسپـۆڕ لە بواری نەوت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا دەڵێت: "دەسەڵاتدارانی کورد دەڵێن ئێمە کوردایەتی دەکەین،...... سەرئەنجام تۆ دەستکراوە بویت لە کوردایەتیدا بەڵام دەستکراوە نیت لە کۆنتراکتی خراپی نەوتدا. بەپێی ئەو کۆنتراکتانە تاکە سەروەتی ئەم میللەتە هەرزانفرۆش و تاڵانفرۆش دەکەیت."
سەبارەت بە کۆنتراکتەکانیش دەڵێت: " کۆمەڵێک کۆنتراکتی زۆر خراپیان ئەنجامدا بەناوی ئەوەی ئێمە سەربەخۆیمان دەوێت و خۆمان سیاسەتی نەوتی خۆمان دەبەین بەڕێوە، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت سیاسەتێکی فاشیل بکەین و کۆنتراکتێکی خراپ ئیمزا بکەین."