داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و وەزارەتی دارایی حکومەتیش سەرقاڵی گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێوشوێنە بۆ زیادکردنی داهات، ئەوەش لە کاتێکدایە هەتا ئێستا موچەی موچەخۆرانی هەرێم بە لێبڕینەوە دابەشدەکرێت و بیانووی حکومەتیش کەمی داهاتە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، داهاتی ئەم مانگەی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست، کە دوای لێدەرکردنی کرێی کۆمپانیاکان، بڕی 300 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوت ڕادەستی وەزارەتی دارایی کراوە.
بەڵێن ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای وت"بەرپرسانی حکومەت پێیانوتین، ساڵی ڕابردوو بەهۆی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتەوە، داهاتی هەرێم تەواو دابەزی و ئیستیحقاقی کۆمپانیاکان نەدرا، بۆیە بەشێکی ئەو پارەی ئێستا بەهۆی بەرزبوونەوەی نەوت و بەرزبوونەوەی دۆلار بەرامبەر بەدینار دەستیان دەکەوێت، دەیدەنە کۆمپانیاکان."
جەختیشیکردەوە"دوای پەسەندکردنی بودجەی عێراق، دەبێت داهاتی هەرێم گۆڕانکاری بەسەردا بێت، ئەولەویەتیش کە ئێمە لە پەرلەمان جەختی لێدەکەینەوە، کاریگەری دانانە لەسەر کات و بڕی موچەی موچەخۆرانی هەرێم."
بەشێک لە پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت ئەو پەرلەمانتارانەی سەربە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانن، جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە کە داهاتی هەرێمی کوردستان بەشی ئەوە دەکات، موچەی موچەخۆران بەبێ لێبڕین دابەش بکرێت، بەبەردەوامیش داوای نەهێشتنی سستمی لێبڕین دەکەن.
سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداش، کە خەڵکی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی ناردنی پارەن لەبەغداوە بۆ هەرێم، بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستان کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ئومێد دەکەین بەغدا پارە بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام ئێمە زۆر گەشبین نین."
بەرپرسەکەی هەرێم ڕوونیکردەوە، سەرباری نەناردنی پارە لەبەغداوە بۆ هەرێم، بەڵام دۆخی دارایی حکومەتی هەرێم بەرەو باشبوون دەڕوات، بە شێوەیەک داهاتی ئەم مانگەی نەوت گەیشتووەتە 300 ملیۆن دۆلار و ئەو بڕە پارە ڕادەستی وەزارەتی دارایی کراوە، وتی"بۆ لێبڕینی موچەش، وەزارەتی دارایی سەرقاڵی ناشتنی کۆمەڵێک هەنگاوە، ئەو هەنگاوانە کۆتاییان پێ بێت، ڕەنگە لێبڕین نەمێنێت یان بڕی لێبڕینەکە تەواو کەم بێتەوە، بەڵام نازانین کەی دەتوانین ئەمە بکەین."
بەڵێن ئیسماعیل ئەندامی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەشکرد، بەرپرسانی هەرێم لە نێو پەرلەمانی کوردستاندا، ئەو بەڵێنەیان داوە گەر داهاتیان زیاد بکات، موچەی تەواو دابەش دەکەن، وتیشی"ئەمڕۆ ڕاپۆرتی دووەمی یاسای چاکسازی هاتووەتە پەرلەمان، دەبێت بزانین هەنگاوەکان کە نراون چەندێک داهات زیاد دەکەن."
هەرچەندە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ڕێککەوتن کراوە لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵ، بەڵام گومان دروستبووە لەسەر پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکە.