Accessibility links

زیاد جەبار: وەزارەتی داراییش ئاگای لە فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان نیـیە


سەرەتای مانگی دوو، وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕێگەی ماڵپەڕەکەی بە ئاشکرا ڕایگەیاند لە ماوەی مانگی یەکی ئەمساڵدا 8.27 ملیار دۆلار داهاتی فرۆشی نەوتی عێراق بووە، ئەمەش ئەو پرسیارەی هێنایە بەرباس "ئەی داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان چەند بووە؟"
دەنگی ئەمەریکا ئەم پرسیارەی ئاڕاستەی ژمارەیەک کاربەدەستی هەرێمی کوردستان کرد.


زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەربارەی فرۆشی داهاتی نەوت وتی" ئەوەی هەیە فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای کۆمپانیای دیلۆیتەوە ڕادەگەیەنرێت، ئەوەی کە هەیە حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە لە %58 ی داهاتی نەوت بۆ کرێ و خەرجی کۆمپانیاکانی نەوت دەڕوات لە %42 ی دەگەڕێتەوە بۆ هەرێم، ئێمە لە مانگی دوازدە ڕاپۆرتێکمان بڵاوکردەوە وەک لیژنەی دارایی، کە کۆمەڵێک ڕاسپاردە لەو ڕاپۆرتەدا بوو، لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان ڕاسپێردراوە کە بەدواداچون بکات ئەو لە %58 ی داهاتی نەوت کە دەڕوات بۆ خەرجی کۆمپانیاکانی نەوت، هەرچەندە حکومەتی هەرێم دەمێکە بە پەرلەمانی کوردستانی وتووە کە چاکسازی دەکات بۆ بەدواداچون لە خەرجی کۆمپانیاکانی نەوت، بەڵام لە ڕاپۆرتی ساڵانەدا کە کۆتایی ساڵ درا بە ئێمە هەر لە %58 داهاتی نەوت بۆ کۆمپانیاکانی نەوت ڕۆیشتبوو، هەرچەندە ئێستا نرخی نەوت زۆر بەرزە بەڵام تا ئێستا هەر مانگانە 350 ملیۆن دۆلار دەدرێتە وەزارەتی دارایی بۆ دابەشکردنی موچە."


"وەزارەتی داراییش ئاگای لە فرۆشی نەوت نیـیە، جگە لەو داهاتەی دێتە سەر حسابەکەی"

زیاد جەبار زیاتر ڕوونیکردەوە " فرۆشتنی نەوت بۆ هەر بەرمیلێک لە %58 ی دەڕوات بۆ کۆمپانیاکان ، لە %42 شی وەکو داهات دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام لەم بڕە پارەیەش 350 ملیۆن دۆلار دەخرێتە حساباتی وەزارەتی دارایی، ئەوی تر من نایزانم، تەنانەت وەزارەتی داراییش هەر ئەو 350 ملیۆنە دەزانێت کە دێتە سەر حسابەکەی."



"وتووە ئەگەر چاکسازی لە داهاتەکانی هەرێمدا بکرێت، حکومەتی هەرەم دەتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت"

دەربارەی پارەی دابەشکردنی موچە، سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وتی"ئێمە هەموو کات ئەوەمان وتووە ئەگەر چاکسازی لە داهاتەکانی هەرێمدا بکرێت، حکومەتی هەرەم دەتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت و موچەی موچە خۆرانی خۆی بدات، بە تایبەت کە ئێستا نرخی نەوت بەرزە و فرۆشتنی نەوت داهاتی ژمارە یەکە."

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی عێراق، مانگانە وەزارەتی سامانە سەروشتییەکان داهاتی نەوت بڵاو ناکاتەوە؟

لە وەڵامدا ئەو پەرلەمانتارە وتی " ئەوەی هەیە تەنها ڕاپۆرتەکانی دیلۆیتە، ئیتر هیچ شتێکی تر نیـیە، خۆتان دەزانن ماوەیەکی درێژە، مەسەلەی ئەنجومەنی نەوت و گازە کە دەبوو کۆببێتەوە بەڵام لەم کامبینە من نەمبیستووە کۆببنەوە، ئەوەی هەیە تەنها ئەو سێ سەد و پەنجا ملیۆن دۆلارە کە دەیگۆڕنەوە بە دینار دەکاتە پێنج سەد ملیار و شتێک بەکاردەهێنرێت بۆ موچە باقی تری نایزانین ئەوە نەبێی کە کۆمپانیای دیلیۆت بڵاوی دەکاتەوە کە حکومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵی هەیە بۆ ئەوە کارە، هەتا لیژنەی تایبەتمەندیش گلەییان هەیە کە زانیاری وەک پێویستییان لا نیـیە."



"ناکرێت دامەزراوەی نەوتی عێراق بەراوردی دامەزراوەی نەوتی کوردستان بکرێت"

لە بەرامبەردا گولیزار ڕەشید ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەکان و وزە و بازرگانی، لەسەر نەبوونی ڕاپۆرتی داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێم دەڵێت " خۆی ناکرێت دامەزراوەی نەوتی عێراق بەراوردی دامەزراوەی نەوتی کوردستان بکرێت عێراق لە چوار چێوەی دەوڵەت و بەهۆی بەشداری لە ئۆپیک و بازاڕە جیهانییەکانەوە ناچارە ئەو ڕێگایە بگرێتە بەر و مانگانە ڕاپۆرتی خۆی هەبێت، جیا لەوەش عێراق ڕێژەی بەرهەمی نەوت و هەناردەی نەوتی زۆرە، جۆری ئەو گرێبەستن و فرۆشتنانەشی کە دەیکات ناچاری کردووە ئەوە بکات، هەرچی هەرێمی کوردستانە مانای ئەوە نییە کە ڕاپۆرتی مانگانەی نییە ناشەفافە نا بەڵکو شێوەی فرۆشتنی نەوتی کوردستان و پرۆسەی بەبازارکردنی جیاوازە ڕەنگە ئەوەندە کافی بێت کە هەیە جیا لەوەش ئێمە تا ئێستا نزیکەی 3 بۆ 4 ڕاپۆرتی وردی فرۆشتنی نەوت و داهاتی لە لایەن کۆمپانیای دیلۆیت بڵاوکراوەتەوە و تەواوی ڕاپۆرتەکە خراوەتە بەردەم پەرلەمانتار و سەرجەم هاووڵاتیانی کوردستان لەو بارەشەوە دروستی و ڕاستی هەموو ڕاپۆرتەکە خرابووە ڕوو، وەک لیژنەکەمان داوامان کردووە هیچ نەبیت 3 مانگ یان 6 مانگ جاریک ئەو ڕاپۆرتە بڵاوبکریتەوە."



"بۆچی داهاتی نەوت لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخەکەی زیاد ناکات؟"

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی لەگەڵ ئەوەی نرخی نەوت بەرزبۆتەوە، بەڵام هەتا ئێستاش هەر بڕی 350 ملیۆن دۆلار دەچێتەوە سەر حسابی وەزارەتی دارایی؟

لە وەڵامدا گوڵیزار ڕەشید وتی" بەپێی ئەو بەدواداچونەی من کردوومە و پرسیومە لە ئەندامانی ئەنجومەنی نەوت و گاز پرۆسەی چاکسازی و کەمکردنەوەی خەرجی بەردەوامە بە تایبەت لە بواری نەوت، بەڵام گرفتێک هەیە لە کۆتایی ساڵی 2019 لە 2020 کە نرخی نەوت زۆر دابەزی بەشیکی زۆری شایستەکانی نەوت نەدابوو ئێستا نرخی بەرز بووەتەوە بەشیکی ئەو شایستانە دەدرێتەوە خاڵی دواتر لەم کابینەیە ڕێگا نەدرا کە قەرز زیاتر بکریت."

گوڵیزار ڕەشید وەڵامی ئەو قسانەشی دایەوە کە حکومەتی هەرێم لەم کابینەیەدا بە وتەی پەرلەمانتاران بڕیاری داوە چاکسازی بکات لەوەی لە %58 ی داهاتی نەوت نەڕوات بۆ خەرجی و تەکالیفی کۆمپانیاکانی نەوت، بەڵام بە پێی ڕاپۆرتی کۆتایی ساڵ هەمان نرخ دەڕوات بۆچی ئەو چاکسازییە نەکراوە؟ لیژنەی دارایش ئێوەی ڕاسپارد وەک لیژنەی سامانە سروشتیەکان بۆ ئەو بابەتە ئایا ئێوە کردوتانە؟

لە وەڵامدا دەڵێت" پێشووتر وەزیری سامانی سروشتی بڕێکی دیاری کرابوو بۆ ئەوەی لەو بڕە نرخی نەوت بەرز بوویەوە ئەوە دەست دەکەن بە دانەوەی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان لەو نرخی کەمتر بوویەوە ئەوە شایستە داراییەکان نادەنەوە بە کۆمپانیاکان ئەو بڕەش لە %58 بوو ئێستا نرخەکە بەرز بووەتەوە ناچار بەشێکی دەدرێتەوە بەو شایستە داراییییانەی کۆمپانیاکان ئەمەش لەلایەک باشە و لەلایەک دۆخێکی سلبی دروست دەکات باشە چونکە هانی کۆمپانیاکان دەدات بۆ کارکردن و بەردەوام بوون سلبیاتی هەیە ڕەنگە خەڵکیش حەقی خۆی بێت بپرسێت تەوەقوعمان هەیە کە نرخی نەوت بەرز بێتەوە کار بکاتە سەر خۆشگوزەرانی و داهاتی کوردستان کاتێک ئەمە بەهۆی دانەوەی شایستەکانی کۆمپانیاکان دروست نابێت ئیتر ئەوەش کاریگەری خۆی هەیە لەوەی کەمێک نیگەرانی هەبێت لەو بارەوە. و ئێمە وەک لێژنەی سامانە سروشتیـیەکان بەردەوام لەسەر خەتین لەگەل وەزارەت و لەو بارەوە چەندین جار کۆبوونەوەمان کردووە لەناو خۆمان ."



"هۆکاری کۆنەبونەوەی ئەنجومەنی نەوت و گازی هەرێم؟"

بە پێی سەرچاوەکانی دەنگی ئەمەریکا و وتەی سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابوریش کە پشتڕاستی ئەو زانیاریەی کردەوە لەم کابینەیەی حکومەتی هەرێم ئەنجومەنی نەوت و گازی هەرێم هیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجام نەداوە.

ئەندامەکەی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بەوەی بۆچی ئەنجومەنی نەوت و گاز لەم کابینەیەدا کۆنەبۆتەوە؟

دەڵێت" ئەنجومەنی نەوت و گاز بە تەمای هەمواری یاسای نەوت و گازە، ئێستا هەموار قانونی نەوت و گاز ئامادەیە کە تێیدا گۆڕانکاری لە ئەنجومەنی نەوت و گازدەکریت دوای ئەو گۆڕانکارینە ئەنجومەنی نەوت و گاز دادەنیشێت ئەوەی پێویست بکات لەبارەی چاکسازی و داهات وەزارەتی سامانی سروشتی و ئەنجومەنی وەزیران بەردەوامن ."

"داهات وەک پێویست کۆناکرێتەوە بە تایبەت لە سنووری سلێمانی"

هەرچەندە سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی هەرێم دەڵێت، هۆکاری ئەوەی کە حکومەتی هەرێم ناتوانێت بێ بەغداد موچە بە تەواوی دابەش بکات ئەوەیە چاکسازی نەکراوە، بە تایبەت لە داهاتی نەوت و ناوخۆ، بەڵام گوڵیزار سندی دەڵێت " بە ڕاستی گرفتێک هەیە لە ناوخۆی کوردستان، داهات وەک پێویست کۆناکرێتەوە بە تایبەت لە سنووری سلێمانی گرفتی جدیمان لەو بارەوە هەیە ئەمە کاریگەری هەبووە لەوەی کەموکورتی هەبێت لە دابینکردنی بوجە بۆ مووچە بە داخەوە خۆشیان دانیان بەوە ناوە کە سلێمانی گرفتی کۆکردنەوەی داهاتی هەیە بۆ تەکمیلەکردنی مووچە لەوێوە گرفت هەیە تا ئاستی ئەوەی کە بەشێک لە داهاتی ئەو شارە گومانی لەسەر هەیە ئەوەتا وەزیری دارایی بەڕێوەبەری گشتی بانکەکانی ئەو شارەی سڕکردووە."


بە مەبەستی وەرگرتنی لێدوانی بەرپرسانی سامانە سروشتیـیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە هەریەک لە وەزیری سامانە سروشتیەکان و بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانیان نەدایەوە .

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:01 0:00


XS
SM
MD
LG