پەرلەمانتارێکی عێراق کە هاوکات برازای شێخ جەعفەر مستەفای جێگری سەرۆکی هەرێمە، وەڵامی ئەو ڕەخنانە دەداتەوە کە مامی تۆمەتباردەکەن بە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئاسایش و بردنی هێز بۆ قەڵاچوالان بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە نێوخۆییەکانی.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ڕێزان شێخ دلێر پەرلەمانتاری یەکێتی دەڵێت" کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتی پەیوەندی بە ئێمەی پەرلەمانتاری عێراقەوە نیە، ئەوە کێشەی ناو حیزبە و کاریگەری لەسەر کاری پەرلەمانتاریمان نابێت، ئەو مەسەلە پەیوەندی بە حیزبەوە هەیە، کە چۆن بڕیار دەدات."
جەختیشیکردەوە"دانیشتن لەگەڵ لایەنی سیاسی و ئیش و کارەکانی بەغدا پەیوەندیان بە ئێمەوە هەیە."
دەربارەی تۆمەتبارکردنی هێزەکەی جەعفەر شێخ مستەفا بە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئاسایش لەو دەمەی کە داوای ناسنامەیان لە کچێکی کردووە، ڕێزان شێخ دلێر دەڵێت"ئەوە تەنها قسەکردنە، کاری ئاسایش پاسەوانیکردن و پارێزگاریکردنە لە ئێمە، کەچی کچی جێگری سەرۆکی هەرێم بەبێ پاسەوان و لە شارەکەی خۆی گیانی سەلامەت نەبێت، گەر ئاسایش ڕەفتارێکی بەرامبەر کردبێت، دەبێت خۆیان وەڵام بدەنەوە، چونکە دەبێت پاسەوانمان بن، نەک پەلامارمان بدرێت."
پێشتر ئاسایشی سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە، هێزەکانی شێخ جەعفەر مستەفایان بە سەرپێچیکردن تۆمەتبارکرد.
سەبارەت بە بردنی هێز لەلایەن شێخ جەعفەرەوە بۆ قەڵاچوالان بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتی، ناوبراو وتی"شێخ جەعفەر جێگری سەرۆکی هەرێمە و تا ئێستا هێزەکانی 70 لە ژێر کۆنترۆڵیدایە، بە دڵنیاییەوە ئەوە بڕیاری حیزبە و خۆیان بڕیاریانداوە، بابەتێکی حیزبیە، من ناتوانم تەداخول بکەم."
لە بەشێکی تری گفتووگۆکەیدا، ڕێزان شێخ دلێری پەرلەمانتاری عێراق، قسەی لەبارەی پەیامەکەی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر کرد، سەبارەت بە بەشداری نەکردن لەهەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق، وتی"ئەو پەیامەی سەدر هەنگاوی یەکەمی دواخستنی هەڵبژاردنە، ناتوانن بەئاشکرا هەڵبژاردن دوابخەن، موقتەدا سەدر دەزانێت وەزعی عێراق بەرەو خراپی دەڕوات، بەمشێوەیە دەیانەوێ هەڵبژاردن دوابخەن، تا دواتر خۆیان ڕێکبکەون."
بەشێک لە چاودێران پێیانوایە یاریکردنێک لە پشت پەیامەکەی ڕێبەری ڕەوتی سەدرەوە هەیە، بەوەی هەرچەندە باسی لە کشانەوەش لەحکومەت کرد، بەڵام نوێنەرەکانی لەحکومەت ناکێشێتەوە، لەو بارەیەوە پەرلەمانتارەکەی عێراق وتی"سەدر دەڵێت: لەحکومەت کشاومەتەوە، بەڵام هیچ وەزیر و بەرپرسێکیان لەنێو حکومەتدا ناڵێن سەدرین، دەڵێن: سەربەخۆین، ڕەوتی سەدر تەنها دان بەهەبوونی پەرلەمانتاردا دەنێن، نەک بەرپرسی حکومی."