Accessibility links

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی ئێراندا کۆدەبێتەوە


سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ باڵیۆزی ئێران لە عێراق کازم ئال سادق کۆبووە و تاوتوێی چەندین بابەتییان کرد، لەوانەش پەرەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران و ڕێککەوتنی ئاسایشی نێوان بەغداد و تاران و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد.

لە ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە دەڵێت نێچیرڤان بارزانی باسی لە بایەخی پەیوەندییەکانی هەرێم کردووە لەگەڵ ئێراندا، وەکو دراوسێیەکی گرنگی هەرێمی کوردستان.


لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو کە سەرۆکی هەرێم جەختی لەوە کردووەتەوە "هەرێمی کوردستان پابەندی ڕێککەوتنی ئاسایشی نێوان عێراق و ئێران دەبێت، هەروەها دڵنیایی داوەتە باڵیۆزەکەی ئێران کە هەرگیز ڕێگە نادەن هیچ هەڕەشەیەکی ئاسایشی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ سەر ئێران دروست ببێت."

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، باڵیۆزی ئێران لە عێراق کازم ئال سادق جەختی لە بایەخ و گرنگیی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی کردووەتەوە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا، لە هەمان کاتیشدا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە، ئەوەش لەسەر یارمەتی و ئاسانکارییەکانیدا لە گواستنەوەی ئەو هاووڵاتییە ئێرانییانەدا کە لە یادی عاشوورا و چلەی ماتەمینی ئیمام حسێندا سەردان دەکەن.

کۆبوونەوەکە لە کاتێکیشدایە کە بافڵ تاڵەبانی بە سەردانێک لە ئێرانە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە ناویاندا وەزیری دەرەوە و سەرۆکی پەرلەمانیشدا کۆبووەتەوە.

سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی، لە تاران لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئێراندا کۆبووە و وتی " پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە کاری سەرەکیمانە."

ئاماژەشی بەوەدا " دەتوانین لەگەڵ دۆستەکانماندا هەماهەنگی تەوامان هەبێت و پێکەوە لە پێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکاندا هەنگاوبنێین." وتیشی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ شیعە و کۆماری ئیسلامیدا هەر لەو چوارچێوەیەدایە.

نوسینگەی سەرۆکایەتی یەکێتی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وتی " لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندیی لە مێژینەی نێوان هەرێم و بە تایبەت یەکێتی و کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لێکرایەوە، فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پاراستنی ئاسایش و هەماهەنگی کەلتووریی گفتوگۆیان لەبارەوەکراوە."

نوسینگەکە دەشڵێت لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئێران محەمەد باق قاڵیبافدا، بافڵ تاڵەبانی جەختی لە پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە کردووەتەوە " هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبوون بەسەر ئاستەنگییەکاندا بەردەوامە، هیوادارم هەموومان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکاندا هەنگاو بنێین و پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە کاری لەپێشینەمان بێت."

ڕاگەیاندنی یەکێتیش باش لە کۆبونەوەکەی شاندی یەکێتی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێراندا دەکات و دەڵێت "حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە رۆڵ و سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال کرد و رایگەیاند، ئەو سەرکردەیەک بوو هەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەکانی کۆدەکردەوە، کاریگەرییەکانی ئەو لە بونیادنانی عێراقی نوێدا لەبیرناکرێت و بەڕێزەوە لە هەوڵەکانی دەڕوانین."

ئەمە لە کاتێکدایە تەنها 8 ڕۆژی ماوە بۆ ئەو وادەیەی ئێران بۆ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی دیاریکردووە، تا حزبە کوردییەکانی ئێران لە چەک دابماڵن و لە نێو کامپدا کۆیان بکەنەوە. بەرپرسانی ئەو حزبانە دەڵێن، گوشارەکانی سەریان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت.

XS
SM
MD
LG