دوای ئەوەی بڕیارێکی نوێ لەلایەن جێگری سەرۆکی حکومەتی کوردستان، قوباد تاڵەبانییەوە دەرچوو کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە دەبێت هەموو ئەو بارەگا حزبییانە دابخرێن کە خاوەنی مۆڵەتی حزبی نین، تەڤگەری ئازادیش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوه بە یەکێک لەو حزبانە لەقەڵەم دەدرێت، بە وتەی بریکاری وەزیری ناوخۆ.
جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی، تارا حوسێن بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی چوونەتە سەر بارەگای حزبەکەیان و داوایان لێکردوون بارەگاکە چۆڵبکەن، بەڵام ئەوان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە مۆڵەتییان وەرگرتووە و لە کوردستانیش بەشێوەیەکی یاسایی چالاکی ئەنجام دەدەن.
لە بەرامبەردا بریکاری وەزارەتی ناوخۆ، جەلال شێخ کەریم، لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی کە تەڤگەری ئازادی مۆڵەتی لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان وەرگرتووە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن نەک تۆمارکربوون وەک پارتێکی سیاسیی و لە هەرێمی کوردستانیش مۆڵەتییان نییە.
جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی پێی وایە کە ئەم بڕیارە مەرامێکی سیاسی لە پشتەوەیە بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانی تەڤگەری ئازادی، چونکە ئەوان لە ڕابردوودا هەوڵی بەدەستهێنانی مۆڵەتییان داوە وەڵام نەدراونەتەوە.
بەڵام بریکاری وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت کە تەڤگەری ئازادی پێشێلی یاسا دەکەن و گوێ بە یاسا و ڕێساکانی هەرێمی کوردستان نادەن و پێویست بوو ئەوان ڕوو بکەنە دادگا و لەوێ داوای مۆڵەت بکەن.
بریکاری وەزارەتی ناوخۆ، جەلال شێخ کەریم وتیشی کە پێویستە تەڤگەری ئازادی ڕێکارە یاساییەکان بگرنە بەر و داوای مۆڵەت بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوامی بە چالاکی سیاسیی بدەن.