بە مەبەستی ناساندنی هونەری کارسازانی کوردی ڕۆژهەڵات، لە شاری سلێمانیدا پێشانگایەکی کاری دەستی بۆ دەستڕەنگینانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرایەوە و هونەرمەندان کارەکانی خۆیانیان تێدا نمایش کرد.
پێشانگاکەکە هەمجۆر بوو، هەر لە فرشی چنراو، ئامێری مۆسیقا، مستیلە و کەرەستەی ڕازاندنەوە، قاپ و قاچاخی شووشەیی هەتاکو کاری هونەری سەر تەختە و داری لە خۆگرتبوو.
نەڤید مەشایەخی هونەرمەندێکی بەشداربووی پێشانگاکە بوو کە لە شاری سەقزەوە بەشداری کردبوو. ئەو کارە هونەرییەکانی نمایش ئەکرد کە خۆی لە هونەری هەڵکۆڵینی سەر تەختە ئەبینییەوە.
مەشایەخی باسی لەوەش کرد کە هەڵکۆڵینی سەر دار و تەختە جیاوازە لە هونەری سەر کاغەز و گەلێک قورسترە، چونکە هیچ ئەگەرێکت بۆ هەڵەکردن بۆ ناهێڵێتەوە و دەبێت بە وریاییەوە خەریکی بیت.
لە سووچێکی پێشانگاکەدا کۆمەڵێک ئامێری مۆسیقا دانرابوون کە کاری کارسازە کوردەکان بوو و سەرنجی ئامادەبوانی بۆ خۆی ڕاکێشابوو. خەباتی حەیدەری یەکێک بوو لەو کارسازانە و لەبارەی درووستکردنی ئامێری مۆسیقاوە دوا.
پێشانگا هونەرییەکە هەمەڕەنگی بەرهەمەکانی سەرنجی ئامادەبوانی بۆ خۆی ڕاکێشابوو و هاوڵاتیانیش لە ئاستێكی بەرزدا پێشوازییان کرد لەم کارە هونەرییانە.