Accessibility links

خوێندکاران توڕە و حکومەتیش دەستەوەستان


خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ
خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ

خۆپیشاندانی خوێندکاران بەردەوامە، ئەوان لەبەشێک لە شاروشارۆچکەکانی هەرێم ڕژاونەتە سەر شەقام و داوای دەرماڵە لە حکومەت دەکەن، جەخت لەسەر خراپی بارودۆخی گوزەرانیان دەکەن.

خۆپیشاندانی خوێندکاران تادێت گەرم و گوڕتر و قەرەباڵغ تر دەبێت، لە هەندێک ناوچە و بەتایبەت شاری سلێمانی گرژی لە نێوان خوێندکاران و هێزە ئەمنیەکان ڕوویدا. حکومەت تا ئێستا بەڵێنی یەکلایی کەرەوەی بەخوێندکاران نەداوە، خوێندکارانیش جەخت لەسەر بەردەوامیدان بە ناڕەزایەتیەکانیان دەکەن.

بیلال محەمەد یەکێک لە نوێنەرانی خوێندکارە خۆپیشاندەرەکان، بەدەنگی ئەمەریکای وت"بارودۆخی خوێندکار لەڕووی مادیەوە زۆر خراپە، خوێندکار توانای دابینکردنی پارەی هاتووچۆ و خواردن و پێداویستیەکانی نیە، بۆیە داوای دەرماڵە دەکەین."

دەرماڵەی خوێندکاران لە ساڵی 2014 ەوە و لەوەتەی قەیرانی دارایی بەرۆکی هەرێمی گرتووە بڕدراوە، بۆیە خوێندکاران داوای گێڕانەوەی دەرماڵەکانیان دەکەن، دەڵێن بێ دەرماڵە، ناتوانن درێژە بەخوێندن بدەن.

سیما محەمەد خوێندکارێکی تری خۆپیشاندەربوو، بەدەنگی ئەمەریکای وت"لەخۆپیشاندان کۆڵ نادەین، تا مافەکانمان بۆ دەگێڕدرێتەوە کە دەرماڵەیە."

ئەحمەد ئازاد کە دەرچووی زانکۆیە و ماوەی چەند ساڵێک یەکێکبووە لە نوێنەرانی خوێندکاران، دەڵێت"ڕەوا نییە، ئێمە دەچووین پارەمان لە خێرخواز وەردەگرت بۆ خوێندکاری هەژار، خوێندکار هەبوو جلی هاوڕێکەی بۆ پارە دەشۆرد، خوێندکار هەیە باوکی کرێکارە و ڕۆژانە تەنها هەزار دیناری پێدەدات."

سەرباری دروستبوونی گرژی و بەردەوامبوونی ناڕەزایەتی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان، بەڵام تائێستا حکومەتی هەرێم بەڵێنی جێبەجێکردنی خواستەکانی پێنەداون، هەرچەندە وەزارەتی خوێندنی باڵا پشتگیری خواستی خوێندکارانی کردووە و وەزارەتی دارایش جەختیکردووەتەوە پرسەکە لای ئەنجومەنی وەزیرانە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:27 0:00


XS
SM
MD
LG