بەڕێوبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت کە بڕیار وایە شەوی ٢٤ لەسەر ٢٥ی ئەم مانگە یەکەم گەشتی ئاسمانی لە تورکیاوە بگاتە فڕۆکەخانەی سلێمانی دوای هەڵگرتنی گەمارۆی ئابووری لەسەر فڕۆکەخانەکە لەلایەن تورکیاوە.
بەڕێوبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی، تاهیر عەبدوڵا لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی "دوای هەوڵی سەرۆککۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح، ستافێکی (تورکش ئێرلاینس) سەردانی کردووین و وا بڕیارە ٢٤ی مانگ یەکەم گەشتی ئاسمانی تورکیا بگاتە فڕۆکەخانەی سلێمانی".
لەبارەی ئەوەی ئایا هەڵگرتنی گەمارۆ لەسەر فڕۆکەخانەی سلێمانی تا چەندێک پەیوەندی هەیە بە فشارەکانی ئەمدواییەی هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی لەسەر لایەنگرانی تەڤگەری ئازادی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، بەڕێوبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی وتی "ئەوە بابەتێکە لە دەروەی فڕۆکەخانە و تورکیا هیچ هۆکارێکی بە ئێمە نەوتووە وەختێک گەمارۆکەی درێژکردووەتەوە لە ڕابردوودا".
دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، تورکیا گەمارۆی ئابووری خستە سەر هەریەک لە فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولێر، بەڵام دوای ماوەیەک لەگەڵ هەڵگرتنی گەمارۆکە لەسەر فڕۆکەخانەی هەولێر، گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی درێژکردەوە.