Accessibility links

گوتەبێژی وەزارەتی کشتۆکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم: بەدواداچوونەکانی ئێمە لە سەر بڕینی دارەکان بەردەوامە


بڕینی دار و درەختەکانی هەندێک ناوچەی سەر بە قەزای ئامێدی کاردانەوە و نیگەرانیەکی زۆری دروستکردووە کە وەک ئەندام پەرلەمان و چالاکان و خەڵکی باسی بڕینی دار و درەختەکانی ئەو ناوچەیە دەکەن کە لە لایەن هەندێک کۆمپانیا و کەس و لایەنی سەر بە تورکیاوە ئەو کارە ئەنجامدەدرێت. بەو هۆیەوە خەڵکی بە شێوەیەکی گشتی لە هەرێمی کوردستاندا لەسەر ئەو بابەتە نیگەرانیان دەربڕیوە.

بۆ زانینی ڕاست و دروستی ئەو بابەتە و کاردانەوە و هەڵویستی وەزارەتی کشتۆکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەنگی ئەمەریکا وتووێژێک لەگەڵ حوسێن حەمە کەریم گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.

تا چەند ئاگاداری ئەو داربڕینانەن کە وەک دەگوترێت لە نێو خاکی هەرێمی کوردستاندا لە لایەن هەندێک کۆمپانیای سەر بە تورکیاوە ئەنجام دەدرێت و دواتر ئەو دارانە دەبرێنە تورکیا، ئەگەر ڕاستە تا چەند ئاگادارن و بەدواداچوونەکانی ئێوە لەو بارەیەوە چین ؟

حوسێن حەمە کەریم گوتەبێژی وەزارەتی کشتۆکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئەم بابەتە هەر ئێستا نییە لە ساڵی ڕابردووش چەند جارێک ئەم زانیاریانەمان پێگەیشتووە کە بە هاوکاری سوپای تورکیا دارەکان دەبڕنەوە و دەبەن بۆ ناوخۆی تورکیا بازرگانی پێوە دەکەن، پێشتووتریش هاتوون و لەسەر ئەم بابەتە ئێمە نووسراومان بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کردووە و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانیش ناردوویەتی بۆ فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە، ئەوەی ئەمساڵیش لیژنەکانی ئەمنی ناهێڵن لیژنەکان بە مەیدانی بچنە ئەو شوێنانە لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە پێمان ڕاگەیەنراوە ئیتر سەرچاوەی ئەو زانیاریانە لە کوێوەیە نازانم. بەدوای ئەوە دەگەڕێم کە ئەو سەرچاوەیە لە کوێوە ئەو زانیاریانەیان داوە، بەڵام ئەم بابەتە هی ئێستا نییە و پێشتووتریش ئەم کارەیان کردووە".

ئەندام پەرلەمانێکیش باسی ئەو داربڕینانە دەکات ئایا بەپێی بەدواداچوونەکانی ئێوە تا چەند گەیشتوون بە دەرئەنجامێکی ڕاست و دروست ؟

گوتەبێژی وەزارەتی کشتۆکاڵ دەڵێت" بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە کوردستانی تورکیاوە دراوە ئەوەندەم دەستکەوتووە بۆیە وەکو وەزارەتی کشتۆکاڵ بەردەوامم لەسەر بەدواداچوونانە تا بزانم کێ بە مەیدانی لەو ناوچانە ئەوەی بینیوە تا ئێستا نەمزانیوە سەرچاوەکەی لە کوێوە هاتووە بەڵام بێگۆمانین لەوەی کە ئەوە هەیە".

هیچ لیژنەیەک پێکنەهێنراوە چونکە ماوەیەکی زۆرە باسی ئەو داربڕینانە دەکرێت و هەر خۆیشت باسی ئەو داربڕینانە دەکەی ؟

حوسین حەمە کەریم گوتی" بەڕێوەرابەتی دارستان و پاوانی دهۆک لیژنەیەکیان دروستکردووە بۆ ئەو بابەتە بەڵام لیژنەی ئەمنی ناوچەکە ناهێڵن ئەو لیژنەیە بڕوات بۆ ئەو شوێنانە بە حوکمی ئەو بارۆدۆخە سیاسی و سەربازیەی کە هەیە لەو ناوچەیە".

واتا تا ئێستا هیچ لیژنەیەک نەیتوانیوە بگاتە ئەو شوێنانەی کە دەگوترێت دارەکان دەبڕدرێن ؟

ناوبراو دەڵێت" نەخێر نەیتوانیوە".

هیچ هەماهەنگیەک لە نێوان ئێوە و هێزە ئەمنیەکان نەبووە؟ چونکە ئێوە وەزارەتی کشتۆکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانن کە بتوانرێت ئەو لیژنەیەی ئێوە بگاتە ئەو شوێنانە، رێگری و بەربەستەکان چین کە ئەگەر هەبن ؟

لەو بارەیەوە ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی کشتۆکاڵ گوتی" لەوانەیە لەبەر ناحیەی ئەمنی بێت وەکو باسم کرد لیژنەیەک پێکهاتووە لە دهۆک بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە بچنە ئەو شوێنە و لەگەڵ ناحیەی زاویتەش هەماهەنگیان کردووە بۆ ئەم بابەتە واتا بەدواداچوونەکانی ئێمە لەسەر ئەو حاڵەتە بەردەوامن ".

لە میانەی وتووێژەکەدا سەبارەت بەوەی کە هەندێک فۆتۆ و ڤیدیۆی دارە بڕاوەکان بڵاوبوونەتەوە گوایە ئەو دارانەن کە چەند ڕۆژێکە لە نێو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەبڕێن و کارەکە ئەنجام دەدرێت، حوسێن حەمە کەریم گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکا بێ ئاگایی خۆی لەو بارەیەوە خستەڕوو.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:22 0:00


XS
SM
MD
LG