Accessibility links

عادل موراد: زۆربه‌مان قبوڵمانه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا ببێته‌ سكرتێری گشتی یه‌کێتی


عادل موراد سكرتێری ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌م وتووێژه‌دا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا باس له ‌چه‌ند پرسێكی گرنگ ده‌كات، له‌وانه‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی نێوان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان.

عادل موراد له ‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ده‌وترێت په‌له‌‌په‌ل كرا له‌م ڕێكه‌وتنه‌ی نێوان گۆڕان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌ڵێت " ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ هی دوێنێ و پێرێ نیه‌ و پێش ده‌باشان له‌ 2012 گفتوگۆكرا وه‌ له‌ كۆنگره‌ی 3 باس كرا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێک كه‌س چوون قسه‌كانیان بۆ‌ كاک نه‌وشیروان گێڕایه‌وه‌ و ئیتر كاک نه‌وشیروان نیگه‌ران بوو من خۆم چووم بۆ لای كاك نه‌وشیروان كاک نه‌وشیروان وتی قه‌ینا باسمان ده‌كه‌ن به‌ڵام بۆچی ده‌چن له‌ كوردستانی نوێوه‌ ئه‌وانه‌ باس ده‌كه‌ن ئیتر دوای ئه‌وه‌ ئێمه‌ زانیمان كێ بووه‌ وایكردووه‌ و بۆچی وایكردوه‌."

عادل موراد ده‌ڵێت" من ده‌مه‌وێت بڵێم ئێمه‌ و گۆڕان مێژوویه‌كی هاوبه‌شمان هه‌یه‌ و به‌ ته‌نها ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ش نابێت به‌ڵكو زیاتریش ده‌بێت." سكرتێری ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی باس له‌ خۆشحاڵی خه‌ڵک و لایه‌نه‌كان ده‌كات و ده‌شڵێت هه‌تا شه‌قامی عێراقیش خۆشحاڵبوون.

له ‌باره‌ی بۆچوونی پارتی دیموكراتی كوردستانیش ده‌ڵێت "براده‌رانی ئێمه‌ (كاک سه‌عدی پـيره‌ و كاک رزكار عه‌لی) چوونه‌ لای براده‌رانی پارتی پێش ڕێكه‌وتنه‌كه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ڵوێستیان سلبی بوو، دوای ئه‌وه‌ پارتی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و وه‌زیره‌كانی گۆڕانی له‌ هه‌ولێر ده‌ركرد، ڕێكه‌وتنی په‌نجا ساڵه‌ی له‌گه‌ڵ توركیا كرد بۆ فرۆشتنی نه‌وتی كوردستان نه‌ک هه‌ر پرسیان به‌ ئێمه‌ نه‌كرد به‌ڵكوو ئێمه‌ له‌ ڕادیۆ گوێمان لێبوو."

عادل موراد جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ دژی پارتی نیـیه‌ و ده‌شڵێت ئه‌مه‌ قسه‌ی هه‌موو براده‌رانی یه‌كێتی. پاشان ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ ڕوو که‌ ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ هه‌نگاوێكه‌ بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی نێوماڵی كوردی.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ئێمه‌ لێره‌ باسی ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌كه‌ین كه‌چی ده‌بینن ئه‌وه‌ وه‌زعی ناوخۆمانه‌، ئه‌وه‌ ده‌بینین وه‌زعمان له‌گه‌ڵ به‌غداد، وه‌زعمان له‌گه‌ڵ باكور، له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا چۆنه‌؟ ئه‌وه‌ ده‌بینین وه‌زعی موچه‌ چۆنه‌ و موچه‌مان پێنادرێت، پێنج شه‌ش مانگه‌ موچه‌مان پێنادرێت ئیتر چۆن ئاوا ده‌وڵه‌ت دروست ده‌كرێت؟ هیچ شتێک به‌ شه‌ڕه‌ شه‌ق دروست ناكرێت."

عادل موراد سه‌باره‌ت به‌ بانگهێشتكردنی پارتی بۆ ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ ده‌ڵێت" بڕواناكه‌م پارتی بێته‌ ناو ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ چونكه‌ ئه‌وه‌ ڕێكه‌وتنی نێوان دوو حیزبه‌، به‌ڵام ده‌كرێت به‌ره‌یه‌ک دروست بكه‌ین بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م وڵاته‌ ئه‌ی ئێمه‌ ناڵێین ده‌وڵه‌تی كوردی دروست ده‌كه‌ین."

هه‌روه‌ها وتیشی" هیچ به‌رنامه‌یه‌ک به‌ بێ پارتی ناكرێت و زه‌ره‌ره‌ وه‌ هیچ شتێكیش بێ یه‌كێتی و گۆڕان ناكرێت."

له‌باره‌ی نه‌هاتنی كونسوڵخانه‌كان بۆ مه‌راسیمی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی ده‌ڵێت "نه‌خێر هۆكاری نه‌هاتنی ئه‌وان په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌بوو ئه‌و براده‌رانه‌ی ئیشی بانگهێشته‌كه‌یان پێسپێردرابوو ئیشه‌كه‌یان به‌ باشی نه‌كردبوو به‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی دواتر سه‌فیری ڕۆمانی و به‌ریتانیا هاتن بۆ لای خۆم بۆ پیرۆزبایی."

وتیشی "به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وان زۆریان پێخۆشه‌ ڕێكه‌وتن و ئاشتی نێوان لایه‌نه‌كان هه‌تا من كه‌ ئه‌و كونسوڵ و سه‌فیرانه‌ ده‌بینم ده‌ڵێن خوا نه‌كرده‌ ئه‌گه‌ر دوو ئیداره‌یی دروست ببێت ئه‌وا هیچمان لێره‌ نامێنین و هه‌موومان ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش باش نیـیه‌ بۆ كورد."

عادل موراد له‌سه‌ر ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی تێبینی هه‌یه‌ و ده‌ڵێت من له‌گه‌ڵ یه‌كگرتنم نه‌ک ڕێكه‌وتن.

هه‌ره‌وه‌ها ده‌شڵێت "من خۆم چه‌ند خاڵێكم پێ باشه‌ كه‌ له‌م ڕێكه‌وتنه‌ بوایه‌ یه‌كێک له‌وانه‌ به‌ستنی كۆنگره‌ی یه‌كێتی و گۆڕان به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی یه‌ک ساڵدا. ئه‌گه‌ر كۆنگره‌مان پێكه‌وه‌ به‌ست ده‌بێت بێگومان هه‌م لۆگۆ و‌ هه‌م یه‌ک ناوی هاوبه‌شیشمان هه‌بێت."

له‌باره‌ی كاریگه‌ری ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی له‌سه‌ر ڕێكه‌وتنه‌ په‌نجا ساڵیه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و توركیا بۆ فرۆشتنی نه‌وت و سوته‌مه‌نی كوردستان ده‌ڵێت" ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ زۆر خه‌ته‌ره‌ ئێمه‌ ئاگاداری نه‌بوین تا له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی توركیاوه‌ بڵاو كرایه‌وه‌."

عادل موراد وه‌ك خۆی ده‌ڵێت "بۆ یه‌كه‌م جاره‌ له ‌ڕێگه‌ی ده‌نگی ئه‌مریكاوه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌م چۆن مالیكی به‌ هۆی قسه‌كانی ئه‌وه‌وه‌ موچه‌ی مانگێكی نارد به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی عارف ته‌یفور وتی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی عادل موراد شیعه‌یه‌ مالیكیش شیعه‌یه‌ بۆیه‌ به‌ قسه‌ی كردووه‌ و موچه‌ی ناردووه.‌ دواتر چه‌ندی هێرشی تر كرایه‌ سه‌ری، ئیتر مالیكی ته‌له‌فۆنی بۆ كردم وتی من وای بۆ ده‌چووم له‌ دوز خورماتوه‌وه‌ به‌ گووڵ پێشوازیت لێبكه‌ن چونكه‌ به‌ هۆی تۆوه‌ موچه‌م نارد كه‌چی جنێوت پێده‌ده‌ن."

سكرتێری ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ به‌شێكی تری وتووێژه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مریكا باس له‌ بۆچوونی زۆرینه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی و كادیره‌كان و خۆی ده‌كات له‌سه‌ر سكرتێری گشتی داهاتوو، له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی" زۆربه‌ی براده‌رانی سه‌ركردایه‌تی و كادیره‌كان پـێـیان خۆشه‌ كاک نه‌وشیروان ببێته‌وه‌ سكرتێری گشتی، من خۆشم قبوڵمه‌ ، هه‌موو جارێک مام جه‌لال له‌ شاخ ده‌یوت كه‌س موناقه‌شه‌ له‌گه‌ڵ عادل نه‌كات و هیچی پێ نه‌ڵێت چونكه‌ ئه‌و ته‌نها من و نه‌وشیروان به‌ به‌رپرسی خۆی ده‌زانێت ، ئێستاش من قبوڵمه‌ كاک نه‌وشیروان ببێت به‌ سكرتێری گشتی. هه‌م له‌ناو ئێمه‌ش و هه‌م له ‌ناو گۆڕان ئیجماعێك هه‌یه‌ له‌سه‌ر كاک نه‌وشیروان بۆ پۆستی سكرتێری گشثی."

درێژه‌ی وتووێژه‌که‌ له‌م فایله‌ ده‌نگیـیه‌دایه‌

please wait

No media source currently available

0:00 0:53:42 0:00

XS
SM
MD
LG