نەهامەتی و سەختی ژیان و گوزەرانی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان لەئاستێکی ناهەموار و مەترسیدار دایە، شارەزایان رایانوایە وەڵامنەدانەوەی حکومەت و قەیرانە ئابورییە یەکلەدواییەکەکانی ئەم هەرێمە ژیانی کەمئەندامانی سەختر و دژوارتر کردووە.
سەبارەت بە نەهامەتییەکانی کەمئەندامان ئاسۆ جەبار لە دەنگی ئەمریکاوە ووتوێژێکی لەگەڵ سکرتێری رێکخراوی یەکێتی کەمئەندامان لە سلێمانی بەڕێز سامان حوسێن سازداوە.
سامان حوسێن دەڵێت "لەدوای 300 رۆژ؛ واتە 9 مانگ موچە دراوە بە کەمئەندامان کە تەنها 60 هەزار دینارە، هیچ مرۆڤانە نیە. دەیانجار و سەدانجار چوینەتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران، لەوێ لێماندراوە و سوکایەتیمان پێکراوە، هەروەها چەندین یاداشتنامە، چەندین راپۆرتی نێودەوڵەتی و چەندین گردبونەوەو ناڕازی و پەیوەندییەکانمان و سەرجەم رێگەو شێوازە شارستانیەکانمان بەکارهێناوە، بەڵام حکومەتی هەرێم لەبنەڕەتدا چونکە بڕوای بە پرسی کەمئەندامی نیە هیچ وەڵامێک ناداتەوە."
هەروەها دەڵێت "لەکۆبونەوەیەکدا وەزیرێک بە منی وت ئەگەر بێیت و خۆپیشاندانەکە بهێنیتە هەولێر، وتی قاچت ئەشکێنم؛ منیش بە شۆخییەوە پێموت من خۆم قاچێکم شکاوە، قاچەکەی تریشم تۆ ناتوانیت بیشکێنیت."
سەبارەت بە وەڵام نەدانەوەی حکومەت و بەرپرسان سامان حوسێن دەڵیت "بڕوادەکەن ماوەی 15 ساڵە دەمانەوێت سەرۆکی هەرێم تەنها بۆ 15 خولەک ببینین، سەرۆکی حکومەت بۆ ماوەی 5 خولەک ببینین، بەداخەوە 15 ساڵە ئەم دوو برادەرە وەڵامی ئێمەیان نەداوەتەوە."
سامان حوسێن داوی بە هاناوە هاتن دەکات بۆ کەمئەندامان: "بەڕاستی ژیانمان قورسە، بەڕاستی ژیانمان لە کولەمەرگیدایە، ناتوانین بەرگە بگرین، با کەمئەندام شکۆی نەشکێ، با کەمئەندام نەچێتە سەرجادەو توشی سواڵکردن نەبێت...."
هەروەها دەڵێت "نەفرەت لە چاکسازییەک کە 300 رۆژ کەمئەندامێک برسی بکەی بەناوی چاکسازییەوە."
لە ڕێگەی ئەم بەستەرەوە گوێبیستی تەواوی وتووێژەکە دەبن....