ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، زۆربەی مادەكانی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراقی بۆ ساڵی 2017 پەسەندكرد، ئەمە لەكاتێكدا بوو بەشێك لەدەنگدان لەسەر چەند مادەیەكی بودجە دواخرا بۆ هەفتەی داهاتوو، كە بڕیارە جارێكی دیكە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ئەو مەبەستە كۆببێتەوە.
کۆمەڵێک لەو خاڵانە پەیوەندیان بە كورد و هەرێمی كوردستانەوە هەیە، هاوکات فراکسیۆنەکانی گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتوو بە کۆی دەنگ پاش کۆمەڵێک پێشنیار و گفتوگۆو لۆبیکردن پرۆژە یاساکەیان پەسەندکرد، بەڵام فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان چونە دەرەوەی کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و دەنگیان لەسەر پرۆژەکە نەدا.
سەرباری نەهامەتییەکان و قەیرانە ئابوری و سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و ناشەفافیەت لەبودجەو داهاتی هەرێمدا، قەیارانی موچەش یەکێکە لەگرفتە هەرە بنەڕەتی و سەختەکانی کە قوڵ پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی سەرجەم هاوڵاتیان و بەتایبەتی پێشمەرگەوە هەیە.
ئاسۆ جەبار بۆ ئەو پرسە لەدەنگی ئەمریکاوە لە واشنتۆن وتووێژی لەگەڵ پەرلەمانتاری عێراق لەسەر لیستی گۆڕان کاوە محەمەددا سازکردووە...
کاوە محەمەد دەڵێت "ئێمە وەک فراکسیۆنەکانی گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵ و دواتریش یەکگرتووش کە هاتنە پاڵ ئێمە، پێکەوە هەوڵی زۆر و چڕماندا و دەستمانکرد بەوەی کە هەندێک بڕگە ئامادە بکەین، لەگەڵ لایەنەکانی تر کەوتینە گفتوگۆوە بۆ لۆبیکردن".
دەشڵێت "ئێمە توانیمان هەندێک دەستکەوتی باش بەدەست بهێنین، لەدەرئەنجامی گفتوگۆیەکی زۆر سەخت لەگەڵ بەرامبەرەکانمان".
هەروەها دەڵێت "ئێمە خەمی خەڵکمان بوو، بەداخەوە حکومەتی هەرێم خەمی خەڵکی نەبووە".
کاوە محەمەد دەڵێت "شەڕێکی زۆر سەختمان لەسەر بودجەی پێشمەرگە کرد"