بەپێی راپۆرتە سەندیکای رۆژنامەنوسانی جیھانی ئاماری کوژراوانی رۆژنامەنوسانی لەساڵی 2016 بڵاوکردەوە، 93 رۆژنامەنوسیان تیرۆرکراون و 29 رۆژنامەنوسەکەی تریش بە رووداوی سروشتی گیانیان لەدەستداوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە ژمارەی کوژراوانی رۆژنامەنوسان لەساڵی 2016 بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2015 زیادی کردووە. لەساڵی 2015 ژمارەی ئەو رۆژنامەنوسانەی کوژراون 115 رۆژنامەنوس بووە.
بەپێ ی ئامارەکە دەردەکەوێت عێراق لەریزبەندی یەکەمدا لەسەر ئاستی ووڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەراست لەزۆری کوژراوانی رۆژنامەنوسان، ھاوکات لە ڕیزبەندی دووەمدا لەسەر ئاستی جیھانیشدا. بەپێ ی ئامارەکە 15 رۆژنامەنوس تەنیا لەساڵی 2016 کوژراون، کەلەناویاندا رۆژنامەنوسی کورد(ویداد حسێن)یش وەکو پەیامنێری ئاژانسی رۆژنیوز ناوی ھاتووە.
هاوکات سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستانیش لە راپۆرتی ئەم ساڵیاندا ئاماژە بە سێ حاڵەتی گیان لەدەستادانی رۆژنامەنوسان دەدەن، لەکاتێکدا یەکێک لەو رۆژنامەنوسانە لە بەرەکانی جەنگدا گیانیان لەدەستداوە، دوانەکەی دیکە تیرۆر کراون. هاوکات باس لە 45 حاڵەتی پێشێلکاری دەکەن کە بەرامبەر 80 رۆژنامەنوس ئەنجامدراون.
ئاسۆ جەبار بۆ دەنگی ئەمریکا وتووێژێکی لەگەڵ جێگری نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنوسانی هەرێمی کوردستان ئەنوەر حسێندا سازکردووە.
ئەنوەر حسێن دەڵێت "بەداخەوە رەوشی رۆژنامەنوسان لەهەرێمی کوردستاندا کە راپۆرتەکانی ساڵی 2016 پێماندەڵێت کە لە چاو پارساڵدا خراپترە، بەهۆی کە ئەمساڵ 45 حاڵەتی پێشێلکاری بەرامبەر 80 رۆژنامەنوس کراون".
هاوکات دەشڵێت "لەساڵی 2015 دا ئێمە شاهیدی ئەوەیەن کە هیچ رۆژنامەنوسێک تیرۆر نەکراوە گیانی بەخت نەکردووە، بەڵام بەداخەوە لەساڵی 2016 دا لەهەدوو راپۆرتەکەدا دوو رۆژنامەنوسمان هەیە کە تیرۆرکراون، بە تایبەتی ویداد حسێن کە کەیسەکەی نادیارە".
هەروەها ئەنوەر حسێن دەڵێت "بەداخەوە ئەوە هەشتەم و نۆیەمین رۆژنامەنوسە کە لەهەرێمی کوردستان لەدوای راپەڕینەوە تیرۆر دەکرێن، بە بۆچونی من ئەمە رەنگە ناشرینترین و مەترسیدارترین رووداو بێت لەبەرامبەر رۆژنامەنوس ئەنجام درابێت".