ساڵانە هەڵسەنگاندنی رەوشی رۆژنامەوانان لەتەوای جیهاندا لەڕێی زۆرێک لە ڕێکخراوە جیهانییەکانی وەک پەیامنێرانی بێ سنور (RSF) و رێکخراوی بەرگری لەرۆژنامەنوسان(CPJ) و ماڵی ئازاد؛تێکڕا باس لەزۆرێک لەو توندوتیژی و پێشێلکاریانە دەکەن کە رۆژنامەنوسان لە وڵاتانی جیهاندا دووچاری بونەتەوە. بەتایبەتی وڵاتانی چین و ئەفغانستان و تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا و هاوکات بە گشتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کیشوەری ئاسیا و ئەفریکا و ئەمریکا و ئەوروپا.
هاوکات رەوشی رۆژنامەوانان و میدیاکاران و چالاکوانان لەهەرێمی کوردستاندا جێی نیگەرانی زۆرێک لەرێکخراوە ناوخۆیی و جیهانییەکانن، هەر لەکوشتنی رۆژنامەنوسان و نەدۆزینەوەو دادگایی نەکردنی بکوژان و توندوتیژی هەمەجۆر بەرامبەر رۆژنامەوانان. هاوکات پەیامنێرانی بێسنور کە بنکەی سەرەکیان لە پاریسە سەرلەبەری دۆسییەی کوشتنی رۆژنامەنوسانی کوردیان تۆمارکردووە، بەمدواییانە رێکخراوەکە کەیسی کوشتنی رۆژنامەوان نۆژین ئارهان لە ماڵپەری سەرەکی خۆی بڵاودەکاتەوە.
بەپێی دوایەمین راپۆرتی پەیامنێرانی بێسنور ژمارەی ڕۆژنامەوانی دەسـتگیرکراو لە جیهاندا لە ساڵی 2016 زیادیکرووە و بە تایبەتی لە تورکیا کە لەسەرووی لیستەکەدایە.
بەپێی ئەو راپۆرتە؛ ژمارەی ڕۆژنامەوانان لە زیندانەکانی جیهان گەیشتووەتە 348 ڕۆژنامەوان، لەوانە زیاتر لە 100 کەسیان لە زیندانەکانی تورکیادان. ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ژمارەکە بەراورد بە ساڵی 2015 بە ڕێژەی 6% زیادیکردووە.
جگە لە حکومەتەکانی وڵاتانی جیهان، گروپ و تاقمی جیاجیاش ڕۆژنامەوانیان دەسـتگیرکردووە و هەندێـکیان وەکو بارمتە گرتوون، لەوانە داعش 21 ڕۆژنامەوانی بردووە کە 10 یان لە عێراق بوون، حوسیـیەکانی یەمەن 15 ، بەرەی نوسرە و باڵەکانی تری قاعیدە 3 و لایەنی نەزانراو 13 ڕۆژنامەوانیان بردووە.
ڕاپـۆرتەکە باس لەوەش دەکات لە ئەمساڵدا 21 ڕۆژنامەوانی ژن خراونەتە زیندانەوە کە دوو لەسەر سێـیان لە تورکیادان. ساڵی 2015 تەنها 5 ڕۆژنامەوانی ژن لە زینداندا بوون.
ئاسۆ جەبار سەبارەت بە رەوشی رۆژنامەوانان و داکۆکیکاران لەئازادی رادەربڕین لەهەرێمی کوردستان، وتووێژێکی لەگەڵ رۆژنامەوان و شرۆڤەکار کەمال چۆمانیدا سازکردووە...
چۆمانی دەڵێت "نەوەک هەر ئازادی قسەکردن و ئازادی رادەربڕین لەهەرێمی کوردستان لەژێر فشاردایە و لەدۆخێکی زۆر خراپتدایە، بەڵکە کۆی ئازادییە گشتییەکان لەکوردستان لەچەند ساڵی رابردوودا هەم لەدۆخێکی زۆر خراپتدا بوون و هەم ئازادییەکان لەژێر هەڕەشەی دەسەڵاتدارانی حیزبە سیاسییەکان و خودی میدیای حیزبی و کۆمەڵێک گروپی میلیشیایی و کۆمەڵێک بازرگانی نوخبەوەیە".
ئەو دەڵێت بۆیە رۆژنامەوسان دەکوژرێن و بکوژانی ئاشکرا ناکرێن لەبەرئەوەی بکوژانی رۆژنامەنوسان لەهەرەمی هەرە سەرەوەی دەسەڵاتدارێتی لەهەرێمی کوردستاندان.....
چۆمانی دەشڵێت "رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان تەنانەت ئەو دیبلۆماتکارانەی کە لەهەرێمی کوردستانیشن هەمویان بێ هیوابوون لەوەی کە دەسەڵاتدارێتی هەرێمی کوردستان بتوانێت لێکۆڵینەوەیەکی راستەقینە لە بکوژانی رۆژنامەنوسان بکات".
دەشڵێت "سەرجەم رێکخراوە جیهانییەکان حکومەتی هەرێم بە بەرپرسیار دەزانن لەکوشتنی رۆژنامەنوسان......."
هاوکات دەڵێت "ئەگەر فشاری جەماوەری و فشاری خەڵک و ئازادیخوازان لەهەرێمی کوردستاندا نەبێت، ئەوا رۆژنامەنوسان کوشتنیان زیاتر دەبێت و دەستگیرکردن و رفاندن زیاتر دەبێت".