Accessibility links

مەریوان وریا: دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەستیان هەیە لە لەوێرانکردنی ماناکانی نیشتیمان و نەتەوەو لەشکردا


هەڵسەنگاندن و شرۆڤەکاریی و وردبوونەوە لەهەر سیستمێکی حکومڕانی و دەوڵەتداریی و پێوانەکردن و توێکاریکردن بۆ رادەی دیموکراسی و رێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ جێی بایەخی هەم بیرمەندان و شرۆڤەکارانیشە. بەپێی رای شارەزایان و لێکۆڵەرەوان هیچ دەسەڵات و حوکمڕانییەک بەبێ رەخنە و شیکاریی یاسایی و فیکری و سیاسی بۆ جومگە هەرە بنەڕەتی و سەرەکییەکانی ناتوانن ببنە دەسەڵاتگەلێکی پاکژ و دادوەرانە.

کەواتە ئایا حوکمڕانی لەئاستی یاسایی و سیاسی و شارستانیدا لە هەرێمی کوردستاندا شکستی هێناوە یان لە ترۆپکی بەهێزبوونی خۆیدایە ؟
پێشێلکاری و توندوتیژی لەسەر ئاستێکی ترسناک هەر لە کوشتنی رۆژنامەنوسان و پیاوی ئاینی و چالاکوان و هەتا دوایی تەنها زەبروزەنگێکی سادەیە بەرامبەر ئازادی و ئینسان یان چەندین راڤەکاریی دیکە هەڵدەگرێت... ئایا کەرامەتی ئینسان وەک لە کتێبی فیکر و دونیادا، مەریوان وریا باسی دەکات لەم هەرێمەدا لەبەردەم هەڕەشەدا نیە؟
هاوکاتلە کتێبی دەسەڵات و جیاوازیدا دەڵێت؛ سادەترین و بەڵگەنەویسترین دابەشکردنی سیاسی لە دونیای ئێمەدا دابەشکردنە بۆ نیشتیمان پەروەر/ خائین... تا ئێستا ئەم دابەشکارییە ماوە یان نا؟
سیاسه‌تی ره‌مزی و بەکارهێنانی کۆمەڵێک سومبوڵی نەتەوەیی وەک ئاڵا و دەوڵەت و بۆنە نیشتیمانییەکان و یەکگرتن شتی لەوجۆرە هەڵگری دنیابینی و هزرمەندێکی شارستانییە یان دەستەواژەگەلێکی بەتاڵن؟

سەبارەت بەو تەور و پرسیارانە ئاسۆ جەبار بۆ هەفتەنامەی رەهەندەکان وتووێژێکی لەگەڵ نوسەر و روناکبیر مەریوان وریا قانع دا سازکردووە...

مەریوان وریا دەڵێت "ئەوەی ئێمە لەکوردستانە بینیومانە حوکمڕانی نەبووە، بەڵکو جۆرێک بوو لەحوکمکردن کە بە لۆجێکی دەوڵەت ئیشی نەکردووە، بەڵکو بە لۆجیکی کۆمەڵێک گروپ و خێزان و دیدێکی سوڵتانی زۆر دیاریکراو کاری کردووە".

مەریوان وریا زۆر بە وردی باس لە لۆجیکەکانی دەوڵەت و دەوڵەتداری دەکات....

دەشڵێت "لەسەرۆکی حکومەتەکەوە تا فەراشێکی بەردەم قوتابخانەیەک هەر هەمووی بە حیزبی کراوەو بە حساباتێکی زۆر دواکەوتوی حیزبی دابەشکراوە".

هاوکات "قۆناغی دوای راپەرین قۆناغی حکومکردنی گروپێکی بچوکی داخراوە کە بەلۆژیکێکی سوڵتانی خێزانی کار دەکات".

مەریوان وریا پێیوایە ئەم حکومڕانییە زۆر لەوە سەخترە کە بە سادەیی لێی بڕوانین و دەڵێت "ئەمانە دەستیان هەیە لەوێرانکردنی ماناکانی نیشتیمان و نەتەوەو دەستیان هەیە لەوێرانکردنی مەفهوم و چەمکی دانیشتوان و دەستیان هەیە لەوێرانکردنی ئەو جیهازە ئیدارییەی کە لە کوردستاندا دروستبووە و دەستیان هەیە لەوێرانکردنی ئەو شتەی کە ناوی لەشکرە".

دەشڵێت "سیاسەتی رەمزی لەکوردستاندا سیاسەتی واقعیانەی کوشتووە" و "گوتارێکی هەڵگرتووە، گوتارێکی بەتاڵ لەسەر ئاڵا" دەشڵێت "بە ڕای ئەوان ئەوەی چەپڵە بۆ ئاڵا لێدەدات نیشتیمان پەروەرە، ئەوەی پرسیاری هەیە و دەڵێت لەباتی هەڵکردنی ئاڵا پێویستمان بە دۆزینەوەی چارەسەری راستەقینە بۆ کێشەکان هەیە، راستەوخۆ دەخرێتە خانەی جاش و بە خائینکردنەوە".

سەرئەنجام مەریوان وریا دەڵێت "هێزە باڵادەستەکانی کوردستان توانای سەرکردایەتیکردنی ئەخلاقی کۆمەڵگەیان نەماوە، واتە توانای ئەوەیان نەماوە سەرکردایەتییەکی ئەخلاقی، ویژدانی، فیکری و رەمزی کۆمەڵگەی ئێمە بکەن، لەبەرئەوە تاکە شتێک کە بەدەستیانەوە ماوە تەنها فشارە بەرامبەر ئەم کۆمەڵگەیە".

لەڕێی ئەم بەستەرەوە دەتوانن گوێبیستی تەواوی وتوێژەکە ببن....

please wait

No media source currently available

0:00 0:26:02 0:00

XS
SM
MD
LG