بەدواداچوون و هەماهەنگی لەنێوان پەرلەمانی ئەوروپا و پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا هەوڵێکی رژد و کاریگەرە بۆ هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنی زیاتر و کاری پێکەوەیی. وەک شارەزایان دەڵێن هەم بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکەوە بەستنەوەی هەوڵەکانی دەرەوەو ناوەی هەرێم؛ وەک خۆیان دەڵێن لەناوە فشار و لەدەرەوەش کاری دیبلۆماسی و هەماهەنگی.
ئەمڕۆ شاندێکى یەکێتى ئەوروپا سەردانى پەرلەمانى کوردستانیان کرد و پرسى کاراکردنەوەى پەرلەمان و چەند پرسێکى تریان لەگەڵ سێ پەرلەمانتارى کوردستان تاوتوێکرد.
بەپێی رای شارەزایان هاتنى شاندى یەکێتى ئەوروپا بۆ پەرلەمانى کوردستان وەڵامدانەوەى سەردان و کۆبوونەوەکانى ئەو چوار پەرلەمانتارەی هەرێمی کوردستان بوو بۆ ئەوروپا.
ئایا ئەم سەردانە لەداهاتوودا هەماهەنگى زیاتر و پێکەوە کارکردنی زیاتر لەگەڵ حکومەت و پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەخولقێنێت یان کۆبوونەوەیەکی ئاسایی بوو؟
ئەوەش لەکاتێکدایە لەماوەى پێشوودا چوار پەرلەمانتارى کوردستان(عەلى حەمە ساڵح، سۆران عومەر، د.عیزەت سابیر، شێرکۆ جەودەت) سەردانى ئەوروپایان کرد و لەگەڵ بەشێک لە پەرلەمان و پەرلەمانتارانى ئەوروپادا کۆبوونەوە، بەتایبەتیش لەگەڵ لیژنەکانى پەرلەمانى ئەورپا، 17 کۆبوونەوەیان لەگەڵ پەرلەمانتارانی پەرلەمانی ئەوروپا سازکردبوو.
ئاسۆ جەبار بۆ بەردەوامی بەدواداچوونەکانی ئەم پرسە، وتووێژێکی تایبەتی لەگەڵ پەرلەمانتار و سەرپەرشتیاری لیژنەی سامانە سروشتییەکان و ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان بەڕێز شێرکۆ جەودەت سازکرد....
شێرکۆ جەودەت دەڵێت "ئەمڕۆ تیمێکی هەماهەنگی بە نوێنەرایەتی چەند فراکسیۆنێک لەپەرلەمانی ئەوروپا کە وەکو تیمی ستافی ئەو پەرلەمانتارانە هاتبوون بۆ رێخۆشکردن بۆ بەهێزکردنی ئەو هەماهەنگییەو چۆنێتی کاراکردنی و بەرنامەداڕێژی بۆئەوەی چی بکرێت".
دەشڵێت "زیاتر لە كاژێرێک لە کۆبونەوەکەدا باسی گرنگترین قەیرانەکان، پەکخستنی پەرلەمان، پرسی سەرۆکایەتی هەرێم، باسی دۆخی ژیاری و ئابوری و ریفۆرمە پێویستەکانیشمان کرد کە پێویستە بۆ بواری ئابوری. هاوکات باسی مافی مرۆڤ و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کرد و رێگەچارەی خۆمان پێشکەشکرد".
شێرکۆ جەودەت گەشبینە بەم سەردانە و دەڵێت "گەشبینم، ئەگەرچی کارەکە ئاسان نیە، دیارە ئیرادەیەکی گەشبینانەو واقعیانە هەیە لەلایەن هەردوو لاوە".
دەشڵێت "بڕیار وایە پەرلەمانی ئەوروپا کۆبونەوەی تر بکەن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان".
لەدەرئەنجامدا شێرکۆ جەودەت رایوایە "دەرکەوت خەباتی دیبلۆماسی کاریگەری خۆی دەبێت.....پێوستە هەم لەناوخۆو فشاربکرێت، هەم لە دەرەوەش خەباتی دپلۆماسی بکرێت".