رۆژى چوارشەممە مەسعود بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە شارۆچکەى پيرمام لەگەڵ لايەنە سياسيەکانى هەرێمى کوردستان کۆبووە سەبارەت بە پرسى ريفراندۆم و سەربەخۆيى بەڵام هەر يەکە لە بزووتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵى ئيسلامى بەشداريان لەو کۆبوونەوەيەدا نەکرد ، وتەبێژى بزووتنەوەى گۆڕان شۆڕش حاجى دەڵێ يەکەمين هەنگاو دەبێت پەرلەمانى کوردستان کارا بکرێتەوە ، لاى خويەوە رێبوار حەمە وتەبێژى کۆمەڵى ئيسلامى کوردستان بە دەنگى ئەمەريکا دەڵێ ئەم کۆبوونەوانە عەمەلى و جدى نين و ئيرادەى جدى تێدا نابينين ، لە ماوەکانى رابردووشدا کۆبوونەوەى هاوشێوە کراون و هيچى لێ سەوز نەبووە .
لە نێو ئەو پێنج حيزبە سەرەکيەکى هەرێمى کوردستان هەر يەکە لە يەکێتى و يەکگرتوو و پارتى بەشداريان لەو کۆبوونەوەيەدا کردووە ، کادرێکى پێشکەوتووى پارتى ديموکراتى کوردستان عومەر بەروارى پێى وايە ريفراندۆم بچوکترين مافى گەلانە ئەوەى کە گرنگە يەکريزى نێو ماڵى کوردە ، مەسەلە جەوهەريەکەش هەموويان يەک دەنگن بۆ سەربەخۆىى کوردستان .
دەنگى ئەمەريکا چەند جار هەوڵى دا کاربەدەستێک لە يەکێتى و يەکگرتوو سەبارەت بە کۆبوونەوەيان لەگەڵ بارزانى وەربگرێت بەڵام وڵاميان نەبوو ، لە ميدياکانى هەرێمى کوردستانەوە باسى ئەوە دەکرێت کە سەعدى ئەحمەد پيرە ئەندامى مەکتەبى سياسى يەکێتى نشتيمانى کوردستان رايگەياندووە يەکێتى بەشدارى هەر کۆبوونەوەيەک دەکات بۆ باشترکردنى ئابووى و رەوشى سياسى کوردستان بێت لەم کۆبوونەوەيەش يەکێتى بە شاندێک بەشدارى کردووە ، هەروەها هادى عەلى وتەبێژى يەکگرتووى ئيسلامى کوردستانيش دەڵێ پرسى ريفراندۆم و سەربەخۆيى پرسێکى نەتەوەيى و ستراتيژى يەکگرتووە بويە بەشدار بووە لەو کۆبوونەوەيە.